کوردستان

01:48 - 10/02/2019

نێچیرڤان بارزانى بۆ هه‌نارده‌ى گازى سروشتى هه‌رێم داوایه‌ك له‌ به‌غدا ده‌كات‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ به‌غدا، داواى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كردووه‌، ره‌زامه‌ند بێت له‌سه‌ر راكێشانى بۆرى گازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان بۆ توركیا.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتووه‌، نێچیرڤان بارزانى پرۆژه‌یه‌كى بۆ هه‌نارده‌ى گازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان بۆ توركیا خستووه‌ته‌ڕوو، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و داواكارییه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق مه‌رجى هه‌بووه‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاندووه‌، لیژنه‌یه‌كى پسپۆڕ پێكده‌هێنن له‌ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم، له‌سه‌ر هه‌نارده‌ى گازى سروشتى.

عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق مه‌رجى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ناوه‌رۆكى گرێبه‌سته‌كه‌ و زانیارییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایه‌ى هه‌نارده‌ى ده‌كات و له‌گه‌ڵ ته‌واوى زانیارییه‌كانى دیكه‌ بۆ لیژنه‌كه‌ى عێراق بخاته‌ڕوو ئه‌وكاته‌ بڕیارى كۆتایى له‌باره‌ى گازى سروشتى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ده‌ن.

تا ئێستا گازى سروشتى هه‌رێمى كوردستان هه‌نارده‌ نه‌كراوه‌و به‌رهه‌مى كێڵگه‌ى گازى سروشتى كۆرمۆر بۆ به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با به‌كارده‌هێندرێت، كاره‌باى هه‌رێم به‌ نزیكه‌ى سه‌دا ٧٠ پشت به‌ گازى سروشتى كۆرمۆر ده‌به‌ستێت.