10:44 - 10/02/2019
كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كێشە دەخاتەوە نێوان پارتی و یەكێتی
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كێشەی خستووەتەوە نێوان پارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتمانیو رەنگە بەهۆی كێشەكانەوە، ئەو كۆبوونەوەیەو كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان-یش دوابخرێت.
پارتیو یەكێتی هەفتەی رابردوو لەئاستی باڵا كۆبوونەوەو بڕیاریاندا، رۆژی 18ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكو پەرلەمانی كوردستان بەرێوەبچێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، پارتی لەوە پاشگەزبووەتەوە، كە رۆژی 18ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بەرێوەبچێتو دەیەوێت كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی تر دوابخرێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی بەهۆی ئەوەی تائێستا لایەنو پێكهاتەكانی كەركوك لەسەر كۆبوونەوەكە رێككەوتنیان نەكردووەو كاندیدی پارێزگار دیارینەكراوە، دەیەوێت كۆبوونەوەكە دوابخرێت.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئەمە یەكێتی نیگەران كردووە، چونكە ئەو حیزبە پێداگیری دەكات لەبەرێوەچوونی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكو جەختیكردووەتەوە، ئەگەر ئەو كۆبوونەوەیە نەكرێت، ئەوە رێگەنادات كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەبچێت.
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەڵبژاردنی كاندیدی یەكێتی دەبێت، بۆ پۆستی پارێزگاری شارەكەو كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان-یش بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو راسپاردنی كاندیدی پارتی دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم.
هەڵوێستەكەی پارتی لەكاتێكدایە، كە یەكێتی هەر لەسەرەتای گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە مەرجی ئەوە بووە، كە دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوكو پێكهێنانی حكومەتو چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان لەبەغدا لەسەر پۆستەكانی حكومەتی عێراق بەیەك پاكێج یەكلابكرێتەوە.