09:52 - 10/02/2019
پارتی دەیەوێت لەرێگەی بەغداوە فشار بخاتە سەر پەكەكە
پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەرێگەی بەغداوە فشار لەپارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە بكاتو لەو رێگەیەشەوە كۆنتڕۆڵی ناوچەكانی شنگال بەكاتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ، كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بە پەیسەر پرێس، یەكێك لە ئامانجەكانی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو كۆبوونەوە لەگەڵ عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، بۆ ئەوەیە حكومەتی عێراق دەستبەرداری هاوكارییەكانی بۆ هێزەكانی نزیك لەپەكەكە لەناوچەكانی شنگال ببێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان، نێچیرڤان بارزانی، كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، داواش لەحكومەتی عێراق دەكات فشار بكاتە سەر هێزەكانی سەر بە پەكەكە لەناوچەكانی شنگالو دەوروبەری بكشێنەوە.
هێزەكانی سەر بەپەكەكە لەدوای ساڵی 2014و لەسەروبەندی هێرشی چەكدارانی داعش بۆ ناوچەكانی شنگالو دەوروبەری، لەناوچەكانی شنگال جێگیربوونو تائێستا لەو ناوچانە ماونەتەوە.
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە پارتی ئەو ناوچانە بە ناوچە نفوزی خۆی دەزانێت، بۆیە لەرێگەی حكومەتی عێراقەوە دەیەوێت كۆنتڕۆڵی ناوچەكان بكاتەوە، كە لەدوای هێرشی داعشەوە دەسەڵاتی ئەو ناوچانەی لەدەستداوە.