کوردستان

02:49 - 09/02/2019

هەڵوێستی بەغداد دەربارەی پارێزگاری داهاتووی كەركوك‌

پەیسەر

حكومەتی بەغداد بە داواكاریەكی پارتی دەربارەی پارێزگاری داهاتووی كەركوك رازی دەبێت، وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش ده‌ڵێ، ئه‌مڕۆ پرسی پارێزگاری كه‌ركوك یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لەمیانی كۆبونەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم باسی پارێزگاری كەركوك كراوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، هەڵوێستی پارتی ئەوەیە كە پارێزگارێكی كورد، بەڵام بێلایەن بۆ كەركوك دیاری بكرێت.

سه‌رۆكی حكومه‌ت، باسی ئەوەشی كردووە كە پارێزگاری حزبی ناتوانێت بەیەك چاو سەیری هەموو پێكهاتەكان و لەناو پێكهاتەكانیش سەیری هەموو حزبەكان وەك یەك بكات بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە كە بێلایەن بێت هاوشێوەی عەبدوالرحمان مستەفا پارێزگاری پێشووتری كەركوك.

سەرچاوەكە دەڵێت، لەسەرەتادا سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە یەكێتی بەو هەنگاوە رازی نابێت، بەڵام دواتر پشتیوانی بۆچوونەكەی پارتی كردووە و راشیگەیاندووە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی بەتایبەتیش بەرهەم ساڵح گفتوگۆ دەكات.

هه‌ر له‌باره‌ی پرسی پارێزگاری كه‌ركوك ئه‌مڕۆ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باسی له‌وه‌كرد، ، پارێزگار کورد دەبێت و لەناو کوردیشدا بۆ یەکێتی دەبێت، رونیشیدەکاتەوە مەڵبەندی یەکێتی لەکەرکوک ناوی چەند کەسێک دەنێرن بۆ مەکتەبی سیاسی بۆ ئەوەی ببنە پارێزگار.

سەبارەت بە دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک سەعدی ئەحمەد پیرە ئاشکرای کرد لە چەند سەعاتی داهاتوودا کاندیدی پارێزگاری کەرکوک دیاری دەکەن.

پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی كوردە بەڵام بەهۆی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەئێستا راكان جبوری ئەو پۆستە بەوەكالەت بەرێوەدەبات..

هەفتەی رابردوو پارتی و یەکێتی رێککەوتن کە دۆخی کەرکوک ئاسایی بکەنەوەو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش لە ١٨ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.