کوردستان

11:45 - 07/02/2019

گۆڕان لە بڕیاری دیاریكردنی كاتی كۆبونەوەی پەرلەمان نیگەرانە‌

پەیسەر

بزوتنەوەی گۆڕان لە هەنگاوەكەی یەكێـتی و پارتی بۆ دیاریكردنی كاتی كۆبونەوەی پەرلەمان نیگەرانە و پێی وایە هەنگاوێكی تاكرەوانەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە لەدیاریكردنی كاتی كۆبونەوەی پەرلەمان لەكۆبونەوەكەی رۆژی 5ی شوبات، چونكە پێی وایە هەنگاوێكی تاكلایەنەیە و بەبێ گەرانەوە بۆ لایەنەكانی تر دراوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت بریارە لەئایندەیەكی نزیكدا جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێكردنی چەند هەنگاوێك كۆببێتەوە و بەدڵنیاییشیەوە دیاریكردنی كاتی كۆبونەوەی پەرلەمان بەبێ ئاگاداری گۆڕان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە ئەو هەنگاوەی یەكێتی و پارتی گومانی ئەوەی لای گۆڕان دروستكردووە كە وەك خولەكانی پێشوو هەردوو حزب دەست بەسەرجومگە هەستیارەكانی حوكمرانی هەرێمدا بگرن و رێگە نەدەن لایەنەكاتی تر شەریكی راستەقینەی حكومەت بن.

رۆژی 5ی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەشاری هەولێر كۆبونەوە و لەسەر دیاریكردنی 18ی شوبات بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان رێككەوتن.