کوردستان

06:01 - 06/02/2019

حكومەتی عێراق بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كه‌ركوك رازییە‌

پەیسەر

حكومەتی عێراق بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە  بۆ کەرکوک رازییە و حكومه‌تى هه‌رێمیش دەیەوێت مووچەی پێشمەرگە، هاوتای مووچەی سەربازانی سوپاى عێراقی بكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەرپرێس لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە لەكۆبوونەوەكەی رۆژی 4ی ئەم مانگەی نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، وەفدی وەزارەتی بەرگری رەزامەندی پیشانداوە بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی بە هاوبەشی ئاسایشی ناوچە جێناكۆكەكان بپارێزن.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت بۆ ئەو مەبەستەش، هەردوولا ژمارەیەك لیژنەیان بۆ دیاریكردنی میكانیزمی گەڕانەوەی پێشمەرگە پێكهێناوە. بەپێی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە داوایانكردووە بەغدا موچەی پێشمەرگە بدات و یەكسانیش بكرێت لەگەڵ موچەی سەربازانی عێراق.

وه‌فدى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، هەروەها داواشیان كردووە بەشێك لەو چەكانەی بۆ سوپای عێراق دەكڕدرێت بدرێتە هێزی پێشمەرگە، لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری عێراق هەر هاوكارییەكی پێشمەرگەیان بەوەوە بەستۆتەوە كە دەبێت سەر بە سیستمی بەرگری عێراق بێت و لەوێوە فەرمانی پێبكرێت. 

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس گوتیشى، وەفدی وەزارەتی بەرگری عێراق، دانیان بەوەداناوە كە پاراستنی ئەو ناوچانە و رێگری لەگەشەی تیرۆر، پێویستی بە هەماهەنگی و گەڕانەوەی پێشمەرگە هەیە.

تاپێش ساڵی 2014 وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوبەشی ناوچە جێناكۆكەكانیان بەڕێوەدەبرد، دوای هاتنی رێكخراوی داعش سوپای عێراق كشایەوە ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانە كەوتە سەر شانی پێشمەرگە، لە ساڵی 2017 و دوای تێكشكانی داعش، سوپای عێراق گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌، دواى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ حه‌شدى شه‌عبى هێرشیان كرده‌ سه‌ر كه‌ركوك و پێشمه‌رگه‌ كشایه‌وه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.