کوردستان

05:57 - 06/02/2019

زانیارى نوێ له‌سه‌ر كۆبوونەوەكه‌ى هەولێرى ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك‌

پەیسەر

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتی رێبوارتاڵەبانی بەرێوەدەچێت جەمال مەولودیش ئەندامەکان بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشت دەکات.

بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەرێوەبچێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەرپرێس لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، ئەندامانی ئەنجومەن لەلایەن جەمال مەولود سەرۆكی كاتی ئەنجومەنەوە بانگهێشتی كۆبوونەوە دەكرێن، بەڵام رێبوار تاڵەبانی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكە دەكات.

بەپێ پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنەكە بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی دەبێت 13 ئەندام داواكارییەك پێشكەشی سەرۆكی ئەنجومەن بكەن بە مەبەستی كۆبوونەوە، بەڵام بۆ كۆبوونەوەی ئاسایی دەكرێت یەك ئەندام داوا بكات.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، توركمانەكانی شارەكە لە بەرامبەر بەشداریكردن لەكۆبوونەوەكەی رۆژی 18ی مانگ، داوایانكردووە پێشتر كورد و عەرەب و توركمان لەسەر ئیدارەیەكی هاوبەش بۆ شارەكە و ئایندەی بەڕێوەبردنی كەركوك رێكبكەون، دوای ئەوە ئەنجومەنی پارێزگا كارابكرێتەوە و پارێزگارێكی نوێ بۆ شارەكە هەڵبژێردرێت.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رۆژی 30 كانونی دووەمی ساڵی 2005 هەڵبژێردراوە و لەو كاتەوە هیچ هەڵبژاردنێك بۆ ئه‌و ئەنجومەنە نەكراوە، كه‌ لە 41 ئەندام پێكدێت 26 ئەندامیان لە لیستی برایەتی كەركوكن كە زۆرینەیان كوردن، هەروەها بەرەی توركمانی هه‌شت ئەندام و گردبوونەوەی عەرەبی پێنج ئەندامی و هاوپەیمانیەتی ئیسلامی و توركمانی یه‌ك ئه‌ندام و گردبوونەوەی نیشتمانی عێراقیش ئه‌ندامێكى له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هەیە.

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و هێرشی سوپا و حەشدی شەعبی بۆ كه‌ركوك، رێبوارتاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنەكە شارەكەی جێهێشت و ڕووی كردە هەولێر، و لەوكاتەوە كارەكانی ئەنجومەن پەكی كەوتووە و حكومەتی عێراقیش راكان جبوری بە پارێزگاری كاتی كه‌ركوك دەستنیشانكرد.