کوردستان

09:38 - 06/02/2019

شیعەكان فشار دەخەنە سەر بەرهەم ساڵح‌

پەیسەر

شیعەكان دەیانەوێت سەرۆك كۆمار بۆ دەركردنی سوپای ئەمریكا بەكاربهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش فشاری لەسەر دروست دەكەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، ژمارەیەك لەسەركردە شیعیەكان داوایەكیان خستۆتە بەردەم بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بۆ ئەوەی دەست بكات بە گفتوگۆكردن لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەربارەی پرسی گەرانەوەی سوپای ئەمریكا بۆ عێراق.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، شیعەكان بە بەرهەم ساڵحیان گوتووە تۆ بەرپرسیاری لەپاراستنی سەربەخۆی و سەروەری عێراق و پێویستە لەرێگەی دیبلۆماسیەوە هەوڵەكانت چڕ بكەیتەوە بۆ ئەوەی ئەمریكا سوپای زیاتر رەوانەی عێراق نەكات.

هه‌روه‌ها داوای ئه‌وه‌شیان كردووه‌ كه‌ بەرنامەیەك دابنرێت بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق و ئەمریكا لەسەر چۆنیەتی جوڵە و شوێنی بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا رێك بكەون و پلانێك بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریكا لەداهاتوودا دابنرێت.

لەبەشێكی تری داواكاریەكەی ئەو لایەنانەدا هاتووه‌، بەرهەم ساڵح بەزوترین كات سەردانی واشنتۆن بكات و لەوێ پرسی سوپای ئەمریكا لەناو خاكی عێراق یەكلایی بكاتەوە.

رۆژی دووشمەش بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەكۆڕبەندی رافیدەین لەشاری بەغداد وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند توشی شۆك بوون بە وتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەربارەی بوونی هێزەكانیان لەعێراق. گوتیشی سەرۆكی ئەمریكا داوای مۆڵەتی لێنەكردوون بۆ هێشتنەوەی هێزەكانیان لەعێراق و چاودێریكردنی ئێران و ئەوان رێگە بەو هەنگاوە نادەن و ئەو هێزانە مافی ئەوەیان نیە عێراق بۆ چاودێریكردنی شوێنی تر بەكاربهێنن.