کوردستان

05:47 - 05/02/2019

ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی یەكێتی و پارتی‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمان و كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رێككەوتن، یه‌كێتی سووربووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جه‌مال مه‌ولود سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كاتی بێت، پارتیش نه‌رمی به‌رامبه‌ر ئه‌م داوایه‌ نیشانداوه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەكۆبونەوەكەی رۆژی سێ شەممەی نێوان یەكێتی و پارتی ، پارتی پێداگری كردووە كە دەبێت كاتی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكرێت و تێیدا یەكێتی رایگەیاندووە پێویستی بەكاتێكی زیاترە بۆ ئەوەی لەسەر كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان رێكبكەون.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، پارتی تا 18ی ئەم مانگەی دیاریكردووە، لەبەرامبەردا یەكێتی پێداگری لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك كردووە و پارتیش رازی بووە لەهەمان رۆژدا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە.

مه‌رجی پارتی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌وه‌بووه‌،كه‌ كۆبونەوەكە لەهەولێر به‌ڕێوه‌بچبێت و تێیدا ئەندامانی ئەنجومەن بڕیار لەسەر كاراكردنەوەی ئەنجومەنەكەیان و پارێزگاری نوێی شارەكە بدەن.

سەرچاوەكە دەڵێت، ناكۆكی لەنێوان یەكێتی و پارتی لەسەر ئەوەهەبووە كە كێ داوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكات پارتی رایگەیاندووە دەبێت رێبوارتاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بێت و یەكێتیش رایگەیاندووە دەبێت جەمال مەولود سەرۆكی كاتی ئەنجومەن، ئەندامانی ئەنجومەنەكە ئاگاداربكاتەوە، بەڵام دواتر پارتی لەبەرامبەر داواكاریەكەی یەكێتی نەرمی نواندووە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، پارتی و یەكێتی لیژنەیەكیان بۆ نوسینەوەی وەرقەی سیاسی لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە لەحكومەت پێكهێناوە و ئەو لیژنەیەش دەبێت پێش كۆبونەوەی پەرلەمان وەرەقەی سیاسی ئامادەبكات و ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب بكرێت بۆ پەسەندكردنی.