کوردستان

12:53 - 05/02/2019

زانیارییه‌كان له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی بۆ به‌غدا‌

پەیسەر

له‌ رۆژانه‌ی 3 و 4 ئه‌م مانگه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌شداریكردنی له‌ دیداری رافیده‌ین سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌ و له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران، پرسی بودجه‌ و كێشه‌كانی كه‌ركوك و وه‌زاره‌تی دادی تاوتوێكردووه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دراوه‌ به‌ پەیسەرپرێس قوباد تاڵەبانی لە سەردانەكەی رۆژی 3 و 4ی شوبات پرسی بەشە بودجەی هەرێم و وەزیری دادی عێراق و پارێزگاری كەركوكی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد باس كردووە.

به‌پێی زانیارییه‌كان قوباد تاڵه‌بانی له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبۆتەوە و داوای لێكردووە بودجەی هەرێم وەك لەیاسای بودجەدا هاتووە رەوانە بكات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌به‌رده‌ستی په‌یسه‌رپرێسدایه‌، قوباد تاڵه‌بانی له‌باره‌ی گیروگرفته‌كانی به‌رده‌م وه‌زاره‌تی دادی عێراق كه‌ پشكی كورده‌و ناكۆكییه‌كی قوڵ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا هه‌یه‌ له‌سه‌ری گفتوگۆی كردووه‌ و تیایدا داوای له‌ سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌ هەوڵەكانی چربكاتەوە بۆ ئەوەی حاكم ئەركان عەلی كە ناوەكەی بۆ كاندیدی وەزیری داد رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە لەزوترین كاتدا متمانەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت.

هه‌ر له‌و دانیشتنه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا، قوباد تاڵه‌بانی پرسی پارێزگاری كه‌ركوكیان تاوتوێ كردووه‌ و بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ش داوای هاوكاری عادل عه‌بدولمه‌هدی كردووه‌.

له‌باره‌ی وه‌ڵامی ئه‌و داواكاریانه‌ی قوباد تاڵه‌بانی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادر كه‌ نه‌وی ویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئه‌وه‌ی بۆ په‌یسه‌رپرێس ئاشكرا كردووه‌ كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی هیچ وه‌ڵامێكی راشكاوانه‌ی به‌ قوباد تاڵه‌بانی رانه‌گه‌یاندووه‌.

جگه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ  محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و  نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و چەند سەركردەیەكی تری عێراق كۆبۆوه‌ته‌وه‌.