کوردستان

11:21 - 05/02/2019

ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ كه‌ركوك‌

پەیسەر

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای وەرگرتنی رەزامەندی حكومەتی عێراق، سه‌ردانی شاری كه‌ركوك ده‌كات، له‌ بازگه‌ی كه‌یوانیش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كۆده‌بێـته‌وه‌.

رۆژی دووشەممە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەیاوەری عەدنانی حەمەی مینا و خالد شوانی و لاهورشێخ جەنگی سەردانی شاری كەركوكی كرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی پێش سەردانەكەی رەزامەندی حكومەتی عێراقی وەرگرتووە و لە سەربازگەی كەیوەنیش لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش، كۆبۆتەوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لەكەركوك چاوی بە ژمارەیەك سەركردەی عەرەب و توركمانی شارەكە كەوتووە و داوای لێكردوون پشتیوانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بكەن.

هەروەها كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاندووە، یەكێتی پرۆژەیەكی تایبەتی بۆ كەركوك هەیە و بەشێك لەناوەرۆكی پرۆژەكەشی بۆ سەركردەكانی عەرەب و توركمانی شارەكە رونكردۆتەوە، داواشی كردووە ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دروست نەكەن.

سەردانەكەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ كەركوك بەیەكەم سەردانی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ كه‌ركوك دادەنرێت لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 وە.