کوردستان

11:55 - 04/02/2019

چیرۆكی یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌ دوای ڕووداوه‌كه‌ی شیلادزێ ده‌ستگیراوه‌‌

پەیسەر

دڵۆڤان سدیق ناسراو به‌ (دلۆڤان زێباری) كه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ی شیلادزێ له‌ناو بازاری دهۆك ده‌ستگیراوه‌ و باس له‌و ساتانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌ستگیراو و دواتر ڕه‌وانه‌ی زیندانی زرگا كراوه‌. ئه‌و ده‌ڵێت كاتێك بیستم وه‌زیری به‌رگری توركیا سوپاسی هه‌رێمی كوردستانی كرد، ده‌ستم به‌ مانگرتن كرد.

دلۆڤان سه‌باره‌ت به‌ رۆژی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی ده‌ڵێت" ڕۆژێك دوای ڕووداوه‌كه‌ی شیلادزێ، بڕیاربوو له ناو بازاڕی دهۆك گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیری له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ بكه‌ین، من كامێرایه‌كم برد و چووم بۆ شوێنی گردبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڵام دیاربوو ئاسایش و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بڵاوه‌یان به‌ خه‌ڵكی كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجام نه‌درێت. پاشان من له‌ شوێنی گردبوونه‌وه‌كه‌ دووركه‌وتمه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕییه‌كم كه‌ ده‌یویست جل بكرێت، به‌ره‌و ناو جل فرۆشه‌كان به‌ڕێكه‌وتین، له‌وێ ده‌ستگیركرام."

ئه‌و ده‌ڵێت" هه‌ندێك براده‌ری دیكه‌م وه‌كو شێروان شێروانی و تاگور له‌ بازگه‌ی شێخان ده‌ستگیركران، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ ناوه‌ندی شار ده‌ستگیركراین. دوای ئه‌وه‌ ماوه‌ی شه‌ش كاتژمێر له‌ ئاسایش به‌رده‌ ماینه‌وه‌، كاتژمێر 12ی شه‌و گواستراینه‌وه‌ بۆ زیندانی زرگا."

دلۆڤان باسی ئه‌و ساته‌ ده‌كات له‌ ناو زیندانه‌وه‌ سه‌یری كه‌ناڵێكی كوردیان كردووه‌ حه‌پاساون" كاتێك له‌ناو هۆڵی زیندانه‌كه‌ بووین سه‌یری كه‌ناڵی (كه‌ی ئێن ئێن)مان ده‌كرد، له‌وێ وه‌زیری به‌رگری توركیا سوپای هه‌رێمی كوردستانی كرد كه‌ ئێمه‌یان ده‌ستگیركردووه‌، بۆیه‌ یه‌كسه‌ر مانگرتنم ڕاگه‌یاند. تاوه‌كو نه‌زانم به‌ چ تۆمه‌تێك و دادوه‌ره‌كه‌م كێیه‌، مانگرتن نه‌شكێنم."

دڵۆڤان سێ ڕۆژ له‌ مانگرتن به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام به‌رپرسانی زیندانه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مانگرتنه‌كه‌ نه‌شكێت ئه‌وا كاریگه‌ری بۆ سه‌ر هاوڕێكانی دروست ده‌بێت، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت" من له‌ پێناو خۆمدا مانگرتنم ڕاگه‌یاندووه‌، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی هانی هاوڕێكانم بده‌م، هه‌ر ده‌بێت بزانم له‌سه‌ر چی و به‌ چ مادده‌یه‌ك ده‌ستگیركراوم. تاوه‌كو ئه‌فسه‌رێك به‌ پله‌ی ڕائید دێت و ده‌ڵێت مادده‌كه‌ی ئێوه‌ی مادده‌ی 156ه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی."

دوێنێ شه‌و دلۆڤان ئازادكراوه‌ به‌ڵام ئه‌و نیگه‌رانه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ئازادكردنه‌كه‌ی ده‌ڵێت" دوای ئه‌وه‌ی پشتیوانی خه‌ڵك و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌منتار هاتن و پشتگیری خۆیان بۆ ئێمه‌ دووپاتكرده‌وه‌، مادده‌كه‌ی ئێمه‌یان گۆڕی بۆ یاسای خۆپیشاندان و به‌ كه‌فاله‌ت هه‌مووان ئازاد كراین. به‌ڵام ئایا ده‌كرێت ئێمه‌ به‌ مادده‌ی تێكدانی نیشتیمانی ده‌ستگیربكرێین؟."

رۆژی 26ی كانونی دووه‌م، هاوڵاتیانی ناحیه‌ی شیلادزێ، دژی بۆردومانی فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیا، خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی ئه‌و سوپایه‌، به‌هۆی ته‌قه‌ی سوپای توركیاشه‌وه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران، كه‌سێك شه‌هید بوو ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون.

هه‌ر له‌ دوای ڕووداوه‌كه‌ به‌یاننامه‌ى فه‌رمى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ و به‌یاننامه‌ فه‌رمییه‌كانى توركیاش روویان له‌ ئه‌نجامده‌رانى خۆپیشاندانه‌كه‌ بوو، خۆیان له‌ قه‌ره‌ى بۆردومانه‌كان و هۆكاره‌كانى پشت جموجوڵى خه‌ڵك نه‌دا، هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌ى سزادانى كرد و ئه‌ردۆغانیش هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوبردنى كرد بێ ئه‌وه‌ى په‌یامه‌كه‌ى زۆر روونبكاته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستى كێ و كوێیه‌. سه‌رۆك كۆمارى عێراقیش بێده‌نگى هه‌ڵبژارد و حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ ته‌نیشتیه‌وه‌ هاته‌ ده‌نگ.