کوردستان

10:21 - 03/02/2019

له‌ خاڵی سنوری سه‌رزێر چه‌ند سه‌ربازێكی سوپای توركیا ده‌ڕفێندرێت‌

پەیسەر

له‌ خاڵی سنوری سه‌رزێری نێوان باكور و باشوری كوردستان، چه‌ند سه‌ربازێكی سوپای توركیا ده‌ڕفێندرێن و توركیاش ئه‌و خاڵه‌ سنورییه‌ داده‌خات.

 
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، چه‌ند سه‌ربازێكی سوپای توركیا له‌ خاڵی سنوری سه‌رزێڕ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ ده‌ڕفێندرێن و بۆ شوێنێكی نادیار ده‌بردرێن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێ، توركیا گومانی هه‌یه‌ رفاندنی ئه‌و سه‌ربازانه‌ له‌لایه‌ن گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان( په‌كه‌كه‌)ه‌وه‌ ئه‌نجامدرابێت، به‌ڵام تا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی روداوەكەی لەئەستۆ نەگرتووە.

به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌وه‌ توركیا بڕیاری داخستنی مه‌رزه‌كه‌ی داوه‌ و تا ده‌رنه‌كه‌وتنی هه‌واڵی ئه‌و سه‌ربازانه‌ ئاماده‌ نیه‌ ئه‌و خاڵه‌ سنورییه‌ بكاته‌وه‌.

خاڵی سنوری سەرزێر لەسنوری باشوری كوردستان دەكەوێتە سنوری قەزای ئامێدی و مەرزێكی گەشتیاریە و بۆ بازرگانی بەكارناهێندرێت و لە 13ی شوباتی ساڵی رابردوو وەفدێكی عێراق بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی ئەو مەرزە سەردانی مەرزەكەی كرد، پێدەچێت ئەو هەنگاوە كاریگەری لەسەر بڕیاری حكومەتی بەغداد له‌سه‌ر به‌ نێوده‌وڵه‌تیكردنی خاڵه‌ سنورییه‌كه دروست بكات.