کوردستان

10:00 - 03/02/2019

دوو خۆپیشانده‌ری شیلادزێ راده‌ستی توركیا ده‌كرێن‌

پەیسەر

به‌هۆی به‌شداریان له‌ خۆپیشاندانه‌كانی 26ی مانگی رابردووی شیلادزێ كه‌ له‌دژی سوپای توركیا بوو له‌و ناوچه‌یه‌، دوو خۆپیشانده‌ر راده‌ستی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا ده‌كرێنه‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، دوای ئه‌وه‌ی دوو خۆپیشانده‌ر له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی شیڵادزێ به‌ فیشه‌كی سه‌ربازانی سوپای توركیا بریندار ده‌بن و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی دهۆك ده‌كرێن، ئه‌و دوو خۆپیشانده‌ره‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی پارێزگای  دهۆكه‌وه‌ راده‌ستی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا ( میت ) ده‌كرێنه‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌وه‌ ئه‌مڕۆ، بژار کۆرەمارکی بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، هیچ لەو دەستگیرکراوانەی گرتبونەوەکەی دهۆک و شیلادزێ تەسلیم بە میتی تورکیا نەکراوەو ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و پڕوپاگەندەیە "هەرگیز ڕێگە نادەین هیچ دەوڵەت و دەزگای تر دەستوەربدەن لە لێکۆڵینەوەکان، ئەوە بۆ دروست کردنی پشێوییە، هەروەها ئەوە گاڵتەپێکردنە و بێ بەرپرسیارێتییە، ئێمە هیچ مامەڵەیەکمان لەگەڵ ئەو دەزگایەدا نییە".

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌و دوو خۆپیشانده‌ر خه‌ڵكی شاری ده‌رسیمی باكوری كوردستانن، له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری توركیاوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

رۆژی 26ی كانونی دووه‌م، هاوڵاتیانی ناحیه‌ی شیلادزێ، دژی بۆردومانی فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی سوپای توركیا، خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی ئه‌و سوپایه‌، به‌هۆی ته‌قه‌ی سوپای توركیاشه‌وه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران، كه‌سێك شه‌هید بوو ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون.