کوردستان

03:24 - 25/11/2018

له‌سه‌ر پرسی هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ناكۆكن‌‌

پەیسەر

یه‌كێك له‌ ئه‌جێندانی كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌سعود بارزانی له‌ به‌غدا، گفتوگۆكردن بووه‌ له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی، بارزانی ده‌یه‌وێت بۆ هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی ئۆكه‌یی به‌رپرسانی عێراق و ئێرانی له‌سه‌ر بێت، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانی گرنگی به‌و پرسه‌ نادات.


 به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوه‌، مه‌سعود بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، تاوتوێی پرسی هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی كردووه‌ و داوایكردووه‌ كه‌ عێراق هاوكاربێت.

زانیارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌رپرسانی عێراق پێێان باش بووه‌ هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی له‌ڕێی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بێت.


له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانیدا بۆ به‌غدا، وڵاتی توركیا به‌ فه‌رمی بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی كردووه‌ سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره‌ بكات و تاوتوێی پرسی هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتیش ئامانجی سه‌ره‌كی بانگهێشتكردنه‌كه‌ بووه‌‌، به‌ڵام سه‌ردانكردنی نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر داوای مه‌سعود بارزانی بۆ كاتێكی تر دواخرا.

مه‌سعود بارزانی، له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ره‌زامه‌ندی ئێران و به‌رپرسانی عێراقی له‌سه‌ر بێت 

له‌باره‌ی دواخستنی سه‌ردانه‌كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتی: مه‌سعود بارزانی پێی باش نه‌بووه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌ردانه‌كه‌ی بكات.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتیشی: هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانی، له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتییه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ره‌زامه‌ندی ئێران و به‌رپرسانی عێراقی له‌سه‌ر بێت و كێشه‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ كه‌یسی غازی سروشتی دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كان، مه‌سعود بارزانی پێی وایه‌ تا رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق نه‌كرێت، توركیا گرنگیه‌كی زۆری نابێت بۆ پرسی هه‌نارده‌كردنه‌كه‌.

به‌ڵام نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ وتویه‌تی، گه‌ر نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكرێته‌وه‌ و غازی سروشتیش له‌ رێگه‌ی به‌غداوه‌ هه‌نارده‌ بكرێت، هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆی ئابوری له‌ده‌ست ده‌دات.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ غازی سروشتی و هه‌نارده‌كردنی، مه‌سعود بارزانی له‌ ئیماراته‌ و به‌ پێی زانیارییه‌كان، ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی دانه‌غاز و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ تاوتوێ ده‌كات.