02:11 - 31/01/2019
نێچیرڤان بارزانی بڕیارێك تایبهت به كهناڵى رووداو و كوردستان 24 دەردەكات
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەرپرێس لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستیكەوتووە، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی بڕیارێکی ئاڕاستەی هەریەك لەكەناڵەكانی ڕووداو و كوردستان 24ی حزبەكەی دەركردووە و تێیدا دەڵێت، ئەو چاوپێكەوتن و هەواڵ و راپۆرتانە بڵاونەكەنەوە كە بەزمانی زبر نوسراون یان گوتراون، بەتایبەتیش ئەوانەی پەیوەندیان بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هەیە.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی داواشی لەهەردوو كەناڵەكە كردووە دەست بۆ ئەو دۆسیانە نەبهن كە بەلای یەكێتیەوە هەستیارن، و دەبنە هۆی نارەزایەتی ئەو حزبە، چونكە كاردەكاتە سەر دۆخی كوردستان و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت.
نوسراوەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو دووكەناڵە دوای ئەوە دێت كە رۆژنامەی رووداو لەژمارە 2721 بەرواری 28/1/2019 راپۆرتێكی لەسەر دۆسیهى زانا حەصاڵح قائیمقایمی پێشووی سلێمانی بڵاوكردەوە و تێیدا ناوی حاكم قادر ئەندامی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی هێندرابوو كە ئەو كاتە بەرپرسی ئاسایش بووە، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی ئەو بەرپرسەی یەكێتی.
رۆژی چوارشەممە 30/1/2019 مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پێویستە كەناڵەكانی راگەیاندنی حزبی و سێبەری لایەنە سیاسیەكان، خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و ناو زڕاندنی سەركردە و كادیرەكان و لێدوانی نابەرپرسانە.