کوردستان

05:58 - 30/01/2019

پەكەكە هۆشداری ده‌داته‌ پارتی‌

پەیسەر

له‌باره‌ی هه‌وڵی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌ تا بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ باشوری كوردستان قه‌ده‌غه‌ بكات، پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه‌ هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌و حیزبه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەتووە، هەوڵی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەركردنی یاسایەك بەمەبەستی دەركردنی گەریلاكانی پەكەكە نیگەرانی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێكەوتۆتەوە و هۆشداریان داوەتە پارتی لە بەرئەنجامەكانی ئەو هەوڵە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، پەكەكە بە پارتی راگەیاندووە ئەوان لەكاتی هاتنی رێكخراوی تیرۆرستی داعش بەرگریان لە هەولێر و مەخمور و كەركوك كرد و رێگەیان نەدا داعش داگیری بكات، بۆیە حەق نیە پارتی هەوڵبدات ئەوان بكاتە ئامانج.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، پەكەكە راشیگەیاندووە ئەگەر بەهۆی بەرخۆدانی ئەوان نەبوایە ئێستا توركیا بەتەواوەتی باشوری كوردستانی داگیركردبوو.

پێشتر نەهرۆ رەواندزی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند بوونی گەریلاكانی پەكەكە بۆتە هۆی هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێم و ئەگەر گەریلاكانی پەكەكە هەرێم جێبهَڵن هیچ بیانویەك بۆ مانەوەی سوپای توركیا نامێنێت.