کوردستان

05:39 - 30/01/2019

ئاشتی هەورامی دوو داواكاری دەخاتە بەردەم نێچیرڤان بارزانی‌

پەیسەر

ئاشتی هەورامی  وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، داوا لە نێچیرڤان بارزانی دەكات فشار بكات بۆ ئەوەی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، له‌باره‌ی سیاسه‌تی نه‌وتیشه‌وه‌ پێشنیارێك ده‌خاته‌ڕوو.

بەپێی ئەو زانیارنی پەیسەرپرێس ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم لەنامەیەكدا بۆ نێچیرڤان بارزانی داوای كردووە، فشار بخاتە سەر مەسروربارزانی بۆ ئەوەی رازی بێت لەپۆستەكەی بمێنێتەوە.

لەبەشێكی تری نامەكەیدا ئاشتی هەورامی ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بەدەستكەوت بۆ نێچیرڤان بارزانی و كابینەكەی لەقەڵەم داوە و رایگەیاندووە، رێگە مەدە ئەو دەستكەوتە رادەستی بەغداد بكرێتەوە، بەڵكو هەوڵبدە هەرێم بەسەربەخۆ نەوتی خۆی بفرۆشێت، چونكە جارێكی تر راگەیاندنەوەی ئابوری سەربەخۆ یەكجار قورس دەبێت.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، ئاشتی هەورامی بەڵێنی ئەوەشی بۆ نێچیرڤان بارزانی داوە ئەگەر لەپۆستەكەی بمێنێتەوە هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی لەرێگەی هەناردەی غازی سروشتیەوە قەرەبووی شكستی فرۆشتنی نەوت بكاتەوە.

لەبەشێكی تری نامەكەیدا رایگەیاندووە، پلانی مەسعود بارزانی بە رادەستكردنەوەی نەوت، كورت بینیە و زیانی گەورەش بەهەرێم دەگەیەنێت، چونكە توركیا شەریكی نەوتی كوردستانە و لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانی هەرێم داوای قەرەبووی گەورە دەكات و رەنگە رێگەی دادگا بگرێتەبەر.

هەروەها وەزیری سامانەسروشتیەكان ئاماژەی بەوەشكردووە، رادەستكردنەوەی نەوت بەغداد چارەنوسی قەرزەكانی سەر هەرێم بەنادیاری دەهێڵێتەوە ، چونكە بەغداد ئامادە نیە چەندین ملیار دۆلار قەرز بۆ هەرێمی كوردستان بداتەوە.