کوردستان

10:04 - 30/01/2019

توركیا ئاڵای وڵاته‌كه‌ی له‌ كه‌ركوك هه‌ڵده‌كات‌

پەیسەر

توركیا نوێنەرایەتیەك لەكەركوك دەكاتەوە پەیسەرپرێس ئامانجی كردنەوەی ئەو نوێنەرایەتیە ئاشكرا دەكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتوو توركیا نوێنەرایەتیەكی بەناوی پێدانی ڤیزا لەشاری كەركوك كردۆتەوە، بەڵام ئەركی نوێنەرایەتیەكە گوێگرتنە لە داواكاریەكانی توركمانەكانی شارەكە.
توركیا ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌وه‌ چارەسەركردنی كێشەی توركمانه‌كان بكات و هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ چاودێری توركمانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان به‌ گشتی بكات.
سەرچاوەكە دەڵێت، توركیا لەرێگەی ئەو نوێنەرایەتیەوە هاوكاری توركمانەكانی شارەكە دەكات و لەكاتی پێویستادا بەدەنگیانەوە دەچێت.
به‌پێی زانیارییه‌كان په‌یسه‌رپرێس، توركیا یه‌كه‌مجار به‌ نیازی ئه‌وه‌بوو ئه‌م نوسینگه‌یه‌ له‌ شاری هه‌ولێر بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ بڕیاری حكومه‌تی توركیا شوێنه‌كه‌ی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ كه‌ركوك.
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ توركیا نیازی وابێت لەو نوێنەرایەتیەوە چەك بۆ توركمانەكان دابین بكرێت، بەوپێیەی پێشتر داوای پێكهێنانی هێزێكی تایبەت بەخۆیان كردووە.
توركیا ماوه‌یه‌ك هه‌وڵه‌كانی بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ توركمانه‌كانی توركیا داوه‌ و پێشتریش باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و شاره‌ شاری باو باپیرانی ئه‌وانه‌.