کوردستان

09:27 - 30/01/2019

ئەو خاڵانەی بوونەتە كێشەی سەرەكی گفتوگۆكانی پارتی‌و یەكێتی‌

پەیسەر

چەند خاڵێك بوونەتە كێشەی سەرەكی نێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشیمانی، ئەوەش لەمیانی گفتوكۆكانی نێوانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، پرسی نەوت‌و پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان‌و هاوسەنگی لەهێزی پێشمەرگەو ئاسایش‌و دۆسییەكانی كەركوك و هەولێرو بەغدا ئەو خاڵانەن بوونەتە كێشە لەبەردەم گفتوگۆكانی پارتی ‌و یەكێتی.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی داوای كردووە، داهاتی نەوت، كە خاڵی سەرەكی كێشەكانی نێوان هەردوولایە، بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكان خەرج بكرێت‌و پارتی-یش ئەوەی رەتكردووەتەوەو جەختیكردووەتەوە، خەرجكردنی داهاتی نەوت دەبێت ناوەندی بێت.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، یەكێتی پێیوایە، هەموو جومگە هەستیارەكانی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی هەرێم لەدەست پارتیدایەو لەپێكهێنانی حكومەت دەبێت هاوسەنگی لەو پرسەدا رابگیرێت، لەگەڵ ئەوەش دەبێت داهات‌و خەرجی یەكەكانی هەفتاو هەشتای پێشمەرگە وەك یەك بێت‌و لەئاسایشی هەرێمیش هاوسەنگی هەبێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و كێشەكانی هەولێر بەغدا، تائێستا خاڵی ناكۆكی نێوان ئەو دوو حیزبەیە، كە یەكێتی دەیەوێت ئەو دۆسییەیانە بە پاكێجێك لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم یەكلابكەنەوەو پارتیش ئەوە رەتدەكاتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە زیاتر لە 120 رۆژهە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوەو پارتی‌و یەكێتی چەند گەڕێكی گفتوگۆیان بەرێوە بردووە، بەڵام بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوون‌و ناكۆكی لەسەر ئەو خاڵانەش پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی قورستر كردووە.