کوردستان

05:31 - 29/01/2019

به‌ندكراوه‌كانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی شیلادزێ ئازادكران‌

پەیسەر

چالاكوان و هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسانی بادینان بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی دەستگیردەكرێن و بەفەرمانی مەسرور بارزانیش ئازاد دەكرێن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوان و هاوڵاتیانەی  رۆژانی 27 و 28 و 29ی  ئەم مانگە لەبادینان دەستگیركراون بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و بۆ رازیكردنی دڵی توركیا بووە لەبەرامبەر خۆپیشاندانەكەی شیلادزێ.

پاش مانه‌وه‌یان بۆ چه‌ند رۆژێك له‌ زیندان، به‌ پێی زانیارییه‌كان مه‌سرور بارزانی فه‌رمان ده‌كات كه‌ ئه‌و به‌ندكراوانه‌ ئازاد بكرێن.

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، فشارێكی زۆریان كرد بۆ به‌ربوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كه‌وه‌ ده‌ستگیركرابوون، سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێ، فه‌رمانی ئازادكردنی ئه‌و به‌ندكراوانه‌، بۆ راگرتنی دڵی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هێوكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بووه‌.

رۆژی 26ی ئەم مانگە خۆپیشاندانێك لە قەزای شیلادزێ دژی بۆردومانی توركیا بەرێوەچوو بەهۆیەوە سەربازگەی ( سێرێ)ی سوپای توركیا سوتێندرا، دوای ئەو روداوە هێزە ئەمنیەكان ژمارەیەك چالاكوان و هاوڵاتی و رۆژنامەنوسیان دەستگیركرد.