04:55 - 09/01/2019
قوفڵهكهى سینه‌ما سالم دهرگایهكى١٢٠ ساڵەى سلێمانى داخست
ساڵى ١٩٨٠گروپێك له هونه‌رمه‌ندانى سلێمانى ده‌یانویست شانۆى گوڵه‌مێخه‌ك پێشكه‌شبكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌وكات بێنهوبهردهى زۆر به هونه‌رمه‌نده‌كان ده‌كه‌ن، چونكه كاره‌كته‌رى به ئامانجگیراو له نمایشكردنى شانۆییه‌كه كه‌سایه‌تى سه‌دام حسێن بوو، دواتر هونه‌رمه‌نده‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران له سلێمانى رێكده‌كه‌ون شانۆییه‌كه نمایش بكرێت، به‌و مه‌رجه‌ى واى پیشانبده‌ن كه مه‌به‌ستیان له سه‌رده‌مى پاشایه‌تی پێشووه‌و وێنه‌ى مه‌لیك هه‌ڵبواسن له سه‌كۆى شانۆییه‌كه.
بۆ مانگێك شانۆیى گوڵه‌مێخه‌ك له سلێمانى نمایشده‌كرێت، بلیتى شانۆییه‌كه ٢٥ فلسى ئه‌وكات ده‌بێت و به‌هۆى زۆرى بینه‌ره‌وه مانگێك به‌رده‌وام ده‌بێت، هونه‌رمه‌نده‌كان په‌یامه‌كه‌ى خۆیان ده‌گه‌یه‌نن كه نیشاندانى سته‌م و خواستى دیكتاتۆرانه‌ى كه‌سایه‌تى سه‌دامه، له‌ژێر ناوى سه‌رده‌مى پێشووى پادشایه‌تى، مێژووى سینه‌ما لە سلێمانى به‌پێى هه‌ندێك سه‌رچاوه ١١٩ ساڵە. له‌م چهندرۆژهى دوایى سینه‌ماى سلێمانى رووداوێكى ته‌واوجیاواز لهمێژووهكهى رووبه‌ڕووبووه‌وه ئه‌ویش داخستن و قوفڵدان بوو له ده‌رگاى سینه‌ما سالم، به‌وه‌ش رێگریكرا له نمایشكردنى فیلمى سینه‌مایى ساكینه جانسز، كه یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانى په‌كه‌كه بوو ساڵى ٢٠١٣ له پاریس تیرۆرکرا.
رۆژى سێشه‌ممه سینه‌ما سالم له بهیانێكیدا رایگه‌یاند، هێزێكى ئاسایشى سلێمانى هاتوونه‌ته سینهماكهو دەرگای سینەماکەیان داخست، له‌كاتێكدا بڕیاربوو رۆژى هه‌ینى داهاتوو فیلمێك له ساڵیادى شه‌هیدكردنى ساكینه جانسز له سینه‌ما سالم نمایش بكرێت، به‌ڵام ئاسایش ئاگاداریان كردوون كه نابێت ئه‌و فیلمه نمایش بكرێت، فیلمه‌كه‌ش مۆڵه‌تى فه‌رمى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هه‌یه.
ئه‌وه دووه‌م فیلمى په‌یوه‌ندیداره به خه‌باتى په‌كه‌كه‌وه كه رێگه‌نادرێت به نمایشكردنى له سینه‌ماكانى سلێمانى، دواى رێگرى له نمایشكردنى فیلمى ١٤ی تەموز، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش دواى داخستنى باره‌گاكانى ته‌ڤگه‌رى ئازادى هات له سلێمانى له‌لایه‌ن هێزه‌كانى یه‌كێتییه‌وه، به‌وه‌ش قۆناغێكى تاریك بۆ رێكخراوه‌كانى نزیك له په‌كه‌كه له زۆنى ده‌سه‌ڵاتدارێتى یه‌كێتى ده‌ستیپێكرد و ته‌نها داخستنى باره‌گاكانی نه‌گرته‌وه.
یه‌كێتى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه له جێچووهكهى له‌گه‌ڵ توركیا، بڕیارى داخستنى باره‌گاكانى دا، به‌ڵام لاى توركیا ئه‌و هه‌نگاوه به‌س نه‌بوو به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته پێشوازییان له‌و هه‌نگاوه كرد، به‌ڵام گوتیان ئه‌وه به‌س نییه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ژمونى په‌كه‌كه، بۆیه پێش هاتنى ساڵى نوێ جارێكى دیكه گه‌مارۆى سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانییان بۆ سه‌ره‌تاى به‌هارى داهاتوو درێژكرده‌وه، رێگرییه‌كانى به‌رده‌م رێكخراوه‌كانى په‌كه‌كه له‌دواى ئه‌وه له سلێمانى به‌رده‌وامه.
ته‌ڤگه‌رى ئازادى رۆژى ٩ی ئەم مانگە رێگرییەكانی خستەروو كه له‌م دوو مانگه‌دا له سلێمانى رووبه‌ڕووى بوونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ى ته‌ڤگه‌رى ئازادى باسى ده‌كات نزیكه له‌دۆخى رێكخراوه‌كانى په‌كه‌كه له باكورى كوردستان و توركیا، تهڤهرى ئازادى ده‌ڵێت، ته‌نها باره‌گاكانى ئێمه دانه‌خرا به‌ڵكو بارەگای رێکخراوەکانى ژنان و گەنجان و رێکخراوەکانى هونه‌ر كه مۆڵه‌تیان هه‌یه داخران. ئه‌و رێكخراوانه نزیك بوون له ته‌ڤگه‌رى ئازادى.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه، مافی خۆپیشاندان و گردبوونەوەش قەدەغە دەکرێت."خاوەنداریکردن لە ڕێبەرى ئەم گەلە خێرلەخۆنەدیوە (عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان) قەدەغەدەکرێت، ١٠٠ گەنج دەستگیرکراون و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن، كاتێك ویستوویانه خۆپیشاندان دژى گۆشه‌گیرى سه‌ر ئۆجه‌لان ئه‌نجامبده‌ن، لەسەر فرۆشتنی پەرتوکەکانی ڕێبەر ئۆجەلان ئەوە دووڕۆژە هێرش دەکەنە سەر فرۆشیاران و راوەدوودەنرێت و دەستگیر و زیندانیان دەکەن و پێیان دەڵین فرۆشتنی پەرتوکی ئۆجه‌لان قەدەغەیە، لەسەر ئامادەکاری بۆ نمایش‌کردنی فلیمی بەشێک لە ژیان و تێکۆشانی ژنە شۆڕشگێڕى گەلەکەمان ساکینەجانسز سینەما سالم دادەخرێت".
پێشتر شه‌قام و باڵه‌خانه‌كانى هه‌ولێر و دهۆك به‌ڕووى جوڵه‌كانى رێكخراوه‌كانى نزیك له په‌كه‌كه داخرابوون، ئێستا بۆ ئه‌وان سلێمانیش وه‌ك هه‌مان دۆخى ناوچه‌كانى زه‌رده، ره‌نگه ئه‌و كارانه هه‌مان ئه‌و جموجوڵانه بن كه له باكورى كوردستان لهرێكخراوهكانى نزیك له په‌كه‌كه قه‌ده‌غه‌یه، له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا كوت‌وپڕ سلێمانى له درچهى هه‌ناسه‌دانى رێكخراوه‌كانى نزیك له په‌كه‌كه‌وه گۆڕاو جموجوڵه‌كانیان سڕكرا، ئه‌وان كه له شهقامهكانى سلێمانییه‌وه هاواریان بۆ رۆژئاوا‌و باكورى كوردستان ده‌كرد، ئێستا سه‌رقاڵن به به‌رگرتن له هه‌نگاوه‌كانى سڕكردنیان.
داخستنى سینه‌ما سالم ته‌نها بۆ ئاپۆچییه‌كان مایه‌ى نیگه‌رانى نه‌بوو، خه‌ڵكانێكى زۆر كه به مێژووى جموجوڵه هونه‌رییه‌كانى سلێمانى ئاشنان نامۆن به رووداوه‌كه، به‌وپێیه‌ى بۆ یه‌كه‌م جار بوو ده‌رگاى سینه‌ما به‌رووى بینه‌راندا دابخرێت، مسته‌فا ئه‌حمه‌د هونه‌رمه‌ند كه نزیكه‌ى ٥٠ ساڵە سەرقاڵی کاری هونەرییە بۆ په‌یسه‌رپرێس باسیله‌وه‌كرد، ئه‌و شتى واى له مێژووى سلێمانیدا بیرنییه روویدابێت،"وه‌كو راستییه‌ك سلێمانى هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه شارێكى پێشكه‌وتوو بووه‌و خه‌ڵكى دڵسۆز و زیره‌كى تێدا بووه، به‌ڵام ئه‌مانه بۆ واده‌كه‌ن چۆن حكومڕانى ئاواده‌بێت، پیاو چۆن ده‌بێت له‌دژى میلله‌ته‌كه‌ى خۆى بجوڵێته‌وه ئێمه سه‌رده‌مى خۆى به‌عس و تورك و فارس، هه‌رچییه‌كیان ده‌كرد دوژمن بوون، به‌ڵام تۆخۆت كوردى چۆن شتى واده‌بێت".
مسته‌فا ئه‌حمه‌د گوتى"به‌خوا له‌سه‌رده‌مى كۆن به ئاشكرا جنێومان به حكومه‌ت ده‌دا له شانۆییه‌كان، ئیشه‌كانمان هه‌موویان سیاسى بوون و ناوه‌رۆكى جوانمان هه‌بوو دژى رژێمه دیكتاتۆره‌كان، ئه‌و كاته هونه‌ر جه‌مالیه‌ت و زه‌وقێكى تێدا بوو، ئێستا ئه‌مان به ئاشكرا دژى ئه‌و جوڵانه‌وانه‌ن كه له‌پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستانن بۆ قایمكردنى پێگه‌و مانه‌وه‌ى خۆیان، داخستنى سینه‌ما زۆر خراپ ده‌كه‌وێته‌وه".
شۆڕبوونه‌وه‌ى هه‌ژمونى وڵاتانى دراوسێ له باشورى كوردستان و وردبوونه‌وه‌ى بۆ رێگرى له فیلم و بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێب، ئاماژه‌ى گه‌وره‌تربوونى كاریگه‌رى سیاسهتهكانیانه قۆناغ دواى قۆناغ له‌سه‌ر هه‌ردوو زۆنى ده‌سه‌ڵاتدارێتى یه‌كێتى و پارتى، به جۆرێك خواستى ئه‌و وڵاتانه قه‌ڵه‌وتر ده‌بێت، بۆ رهتنهكردنهوهى ئه‌و خواستانه‌ش ئیراده‌یه‌كى ده‌سه‌ڵاتدار بوونى نییه.
ئێستا ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك گه‌نجێك بیانه‌وێت له شهقامهكانى ئامه‌دى باكورى كوردستان خۆپیشاندانێك بۆ پشتیوانى ئۆجه‌لان رێكبخه‌ن ره‌نگه توشى هه‌مان رێگرى ببنه‌وه كه له شهقامهكانى هه‌ولێر و سلێمانى رووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه، كاتێك له ئه‌نقه‌ره‌و ئیسته‌نبوڵ رێگه‌ى به فیلمێك نادرێك كه تایبه‌ت بێت به یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانى په‌كه‌كه سینه‌ماكانى هه‌ولێر و سلێمانیش به‌رووى ئه‌م جۆره فیلمانه‌دا داده‌خرێن، ئه‌وه‌ى رێكخراوه‌كانى نزیك له په‌كه‌كه‌ى نیگه‌رانتر كردووه، ژماره‌یه‌كى زۆر زنجیره‌ى توركى له ته‌له‌فیزیۆنه كوردییه‌كان په‌خش ده‌كرێن، بهبڕواى ئه‌وان داگیركارییهكى نه‌رمه ده‌شڵێن، رێكخراو و ده‌زگاكانى توركیا بێ هیچ رێگرییه‌ك له هه‌رێمى كوردستان كارى خۆیان ده‌كه‌ن.
بابه‌كر دڕه‌یى به‌ڕێوه‌به‌رى رۆشنبیرى و هونه‌ر له سلێمانى نیگه‌رانى خۆى خسته‌ڕوو بۆ رێگرى له پهخشكرنى فیلمى ساكینه جانسز و رایگه‌یاند له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ى رێگه به نمایشكردنى فیلمه‌كه بدرێت، بۆ میدیاكان گوتى"داخستنى سینه‌ما سالم پێچه‌وانه‌ى ئازادى گشتییه و ئێمه به نوسراوى فه‌رمى داوامانكردبوو فیلمى ساكینه جانسز نمایشبكرێت، شارى سلێمانى پایته‌ختى رۆشنبیرییه‌و ناكرێت و جوان نییه ده‌رگاى سینه‌ماى تێدا دابخرێت".
دڕه‌یى به ئاماژه‌دان به فشاره‌كانى توركیا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ى سلێمانى باسیله‌وه‌كرد"هه‌موومان هه‌ست به فشاره‌كان ده‌كه‌ین، فشاره‌كان هه‌رچه‌ندبن ناكرێت بچینه ژێربارى ئه‌م شتانه، وڵاتان فشارمان لێده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت باڵانسێك هه‌بێت له‌نێوانى ئه‌وه‌ى ئازادى وڵات پێشێلنهكرێت، ده‌مانه‌وێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كارى رۆشنبیرى نه‌وه‌ستێندرێت".
دواى فشاره‌كان سینه‌ما سالم رۆژى چوارشه‌ممه‌٩ی ١ بڵاویكرده‌وه، ئەمڕۆ دوای داخستنی دەرگای سەرەکیی سینەما سالم و کافێ کتێبی غەزەلنووس، لەگەڵ ئاسایشی گشتیی سلێمانی کەوتنە دانوستان" جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە، کە نابێت هەرگیزاوهەرگیز سینەما دابخرێت ئەم ئیرادەیە سەرکەوت، ئێستا سینەما سالم کراوەیە و شتێک بە ناوی داخستنی سینەما و قەدەغەکردنی فیلم لەگۆڕێ نییە".
ساكینه جانسز ئهوناوهى له‌گه‌ڵ رێگرى له‌نمایشكردنى فیلمه‌كه جارێكى دیكه كه‌وته‌وه سه‌ر زار، ساڵى ١٩٥٧ له دێرسیمى باكورى كوردستان له‌دایكبووه، حه‌وت ساڵ پێش دامه‌زراندنى په‌كه‌كه و له‌ته‌مه‌نى ١٥ ساڵیدا ده‌چێته ناو تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و ئه‌ندامى ئه‌و گروپه كوردییه ده‌بێت كه ئۆجه‌لان له سه‌ره‌تاى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو له گه‌نجه كورده‌كان دژى ده‌سه‌ڵاتى تورك پێكهێنابوو، یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانى په‌كه‌كه له ١٩٧٨ و ماوه‌ى ١١ ساڵ و تا ساڵی ١٩٩١ له زیندانهكانى توركیا مایه‌وه‌و ئه‌شكه‌نجه‌كان ناچاریان نه‌كرد دان بۆ تۆمه‌ته‌كه‌یدا بنێت، ماوه‌یه‌ك چووته فه‌له‌ستین و سوریا و چیاكاى كوردستان و لە ٩-١-٢٠١٣ لەگەڵ فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز، لە پاریس لەئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا کوژران.
به‌پێى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك مێژووى سینه‌ماى سلێمانى بۆ ساڵی ١٩١٠ ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك له خانه‌كه‌ى شێخ ئه‌حمه‌د له سابونكه‌ران فیلم نمایشكراوه شه‌وان، ساڵى ١٩٤٢ سینەمای سه‌لاحه‌دین له سلێمانى كرایه‌وه، ساڵى ١٩٥٠ سینه‌ماى گۆیژه دروستكرا و دواتر سینه‌ما ره‌شید و سینه‌ما سیروان و دڵشاد كرانه‌وه، به‌پێى قۆناغه سیاسییه‌كان سانسۆر و رێگرى له‌سه‌ر سینه‌ما به‌رده‌وامى هه‌بووه، به‌ڵام سینه‌ماكانى سلێمانى له‌دۆخه ناخۆشهكانیشدا خاڵى نه‌بوون له خه‌ڵكى، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌مى به‌عس كه رێگه به نمایشكردنى فیلمى سیاسى نه‌دراوه، گرنگى زۆر به نمایشكردنى فیلمى كۆمه‌ڵایه‌تى دراوه، سینه‌ماكان به‌رده‌وام قه‌ره‌باڵغ بوون.