له‌ماوه‌ى ١١ ساڵی رابردوو له هه‌رێمى كوردستان سێ جار یاساى لێبوردنى گشتى بۆ سزادراوان ده‌رچووه، به جۆرێك هه‌ر سێ ساڵ و شه‌ش مانگێك یاسایه‌ك له هه‌رێم ده‌رچووه بۆ لێخۆشبوو‌ن له تاوانباران، واته ئه‌گه‌ر كه‌سێك ساڵى ٢٠٠٧ تاوانى كوشتنى ئه‌نجامدابێت سێ جار ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ ره‌خساوه له سزاكه رزگارى بێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك هۆكارى گه‌وره‌ى زیادبوونى تاوان سه‌یرده‌كرێت، هه‌رچه‌نده بۆچوونیش هه‌ن باس له باشییه‌كانى لێبوردنى گشتى ده‌كه‌ن. لێبوردنى گشتى، واته لێخۆشبوونى كۆمه‌ڵگا له تاوانبار و سڕینه‌وه‌ى سزاكان و وه‌ستاندنى یاسا، كه په‌رله‌مانى كوردستان ده‌سه‌ڵاتى ده‌ركردنى ئه‌م لێبوردنه‌ى هه‌یه، جیاواز له لێبوردنى تایبه‌تى كه له ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه و پێشتر له ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى هه‌رێم بوو. ساڵه‌كانى ٢٠٠٧ و ٢٠١٢ و ٢٠١٧ له هه‌رێمى كوردستان یاساى لێبوردنى گشتى له هه‌رێمى كوردستان ده‌رچوون، كه ئه‌وه‌ش ماوه‌یه‌كى كه‌مه بۆ ده‌ركردنى سێ یاساى لێبوردنى گشتى له هه‌رێمى كوردستان به‌بڕواى شاره‌زایان، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌ر كه‌سێك تاوانى گه‌وره‌شیان كردبێت و سزاكه‌ى ١٥ بۆ ٢٠ ساڵیش بێت به‌و لێبوردنانه سزاكه‌ى سفر ده‌بێته‌وه. لێبوردنى گشتى لایه‌نى ئه‌رێنی خۆى هه‌یه و هه‌ندێك به پرۆسه‌یه‌كى به‌سود بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى ده‌زانن، به‌جۆرێك ده‌رفه‌ت به تاوانباران ده‌دات بگه‌ڕێنه‌وه ناو كۆمه‌ڵگا، و ئه‌و خێزانانه‌ى سه‌رپه‌رشتیاره‌كانیان زیندانن كه‌سى یه‌كه‌میان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، و ئاشته‌وایى دروستده‌كات، به‌ڵام مه‌ترسى و خراپى خۆى هه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگه كه دور نییه ترسى تاوانباران له سزاى یاسا نه‌هێڵێت و تاوان زۆر ببێت، هاوكات گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵكانى سزادراو بێ ئاماده‌كردنى بۆ ناو كۆمه‌ڵگا بێ مه‌ترسى نییه. ئومێد جاف پارێزه‌رى راوێژكار پێى وایه، یاساى لێبوردنى گشتى نه‌ریتى وڵاته دواكه‌وتووه‌كانه، بیانوى بۆ قسه‌كه‌ى ئه‌وه بوو له‌وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان كه یاسا سه‌روه‌ره، یاساى لێبوردنى گشتى نییه، به‌ڵكو تاوانبار ده‌بێت سزاى خۆى وه‌ربگرێت، به‌ڵام له ماوه‌ى زیندانیى، ئاماده‌ده‌كرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ناو كۆمه‌ڵگا. كاتێك دوایین یاساى لێبوردنى گشتى له كۆتایى ٢٠١٧ ده‌رچوو، زیاتر له چوار هه‌زار و ٥٠٠ سزادراو له‌ناو زیندانه‌كان بوون، جگه له‌و تۆمه‌تبارانه‌ى هه‌ر له قۆناغى لێكۆڵینه‌وه یاساى لێبوردنى گشتى دۆسیه‌كانى داخستن، یاساكه رووناكى به رووى ژماره‌یه‌كى زۆر له به‌ندییه‌كان كرده‌وه و سزاى ئه‌وانه‌شى كه لێبوردنه‌كه نه‌یگرتنه‌وه سه‌دا ٢٠ كه‌مكرایه‌وه وه‌ك ئه‌و تاوانبارانه‌ى بازرگانییان به مادده هۆشبه‌ره‌كان كردبوو، یاخود بازرگانییان به مرۆڤ، یان ده‌ستدرێژى سێكسى و تاوانى دژ به ئاسایشى نیشتیمانییان ئه‌نجامدابوو. ئه‌و پارێزه‌ره بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، هه‌رچه‌نده لێبوردنى گشتى فشارى سه‌ر دادگاكان كه‌مده‌كاته‌وه‌و ره‌نگه ببێته هۆى ئاشته‌وایى له كۆمه‌ڵگا، به‌ڵام ماناى گه‌ڕانه‌وه‌ى تاوانباره بۆناو كۆمه‌ڵگا هیچ گره‌نییه‌ك نییه تاوانبار باش بووبێت، لێبوردنى گشتى یاساى وڵاته دواكه‌وتووه‌كانه، له هه‌رێمى كوردستان مافى مرۆڤ له‌ژێر مه‌ترسیدایه. مه‌رجى لێبوردنى گشتى بۆ سزادراوان ئه‌نجامدانى ئاشته‌واییه له‌نێوان لایه‌نه‌كانى كێشه‌كه، ئومێد جاف ده‌ڵێت، گره‌نتى نییه كه بۆ ئه‌نجامدانى ئاشته‌وایى فشار و هه‌ڕه‌شه نه‌كرێت و به زۆر لێخۆشبوونه‌كه ئه‌نجام نه‌درێت،"من له‌گه‌ڵ لێبوردنى گشتى نیم له چاكسازییه‌كان گرتووه‌كان هه‌موویان تێكه‌ڵده‌كرێن، كه‌سانێك چوونه ناو زیندانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه كارلێكیان كردووه کە تاوانباری مەترسیدارن، ساڵانه چه‌ندین دۆسیه هه‌یه له‌ناو زیندانه‌كان". له هه‌رێمى كوردستان زۆرجار به‌هۆى بۆنەیه‌كى تایبه‌ته‌وه وه‌ك جه‌ژن یان بۆنه‌یه‌كى دیكه‌وه، یاساى لێبوردنى گشتى ده‌رده‌چێت، به‌پێى ئه‌و یاسایانه‌ى ده‌رچوون لێبوردنه‌كه ته‌نها بۆ زیندانیكراوان نییه به‌ڵكو بۆ ئه‌وانه‌شه كه هه‌ڵاتوون و به‌بێ ئاماده‌بوونى خۆیان حوكمدراون، به‌و مه‌رجه‌ى له‌ماوه‌یه‌كى دیاریكراودا بگه‌ڕێنه‌وه‌و خۆیان راده‌ست بكه‌نه‌وه. واته ئه‌و كه‌سانه‌شى له دادگا هه‌ڵاتوون، ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ره‌خسێت له لێبوردنى گشتى سودمه‌ندبن و له سزاكان رزگاریان بێت، به‌ڵام له هه‌موو یاساكان چه‌ند تاوانێك هه‌ڵاوێركراون له لێ‌خۆش بوون، ئه‌وانه‌ش تاوانه زۆر مه‌ترسیداره‌كانن وه‌ك، ده‌ستدرێژى سێكسى بۆ كه‌سانى محارم، بازرگانى به مرۆڤ، كوشتنى باوك یان كوڕ كه‌سانى پله یه‌ك به ئه‌نقه‌ست، تاوانه‌كانى ئاسایشى نیشتیمانى، ئه‌وانه‌ى دواى لێبوردنى گشتى تاوانیان ئه‌نجام داوه‌ته‌وه، له كۆتا یاسا كوشتنى زانایانى ئاینى و رۆژنامه‌نوسان و ئافره‌تیش به بیانوى شه‌ره‌ف زیادكرا. دانا دارا راوێژكارى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان پێى وایه گرنگ بوو، یاساى لێبوردنى گشتى ئه‌وانه‌ش نه‌گرێته‌وه كه تاوانبارن به گه‌نده‌ڵى و دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵییان له دادگاكان هه‌یه، به‌وپێیه‌ى گه‌نده‌ڵیش مه‌ترسى بۆ سه‌ر ئاسایشى كۆمه‌ڵگه هه‌یه و هه‌رێمى كوردستانیش گیرۆده‌ى گه‌نده‌ڵییه، به‌ڵام ئه‌وبڕگه‌یه له یاساكانى لێبوردنى گشتیدا نییه. هه‌رچه‌نده هۆكاره‌كانى تاوان له كۆمه‌ڵگا زۆرن و هه‌رێمى كوردستان زۆرینه‌ى ئه‌و هۆكارانه‌ى تێدا هه‌ن كه مه‌ترسین بۆ زیادبوونى رێژه‌ى تاوان، وه‌ك خراپى دۆخى ئابورى، گه‌نده‌ڵى، نه‌بوونى رۆشنبیرى یاسایى، نه‌بوونى په‌روه‌رده‌ى دروست، سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونى دادگاكان، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ى سزادراوان له ناو چاكسازییه‌كنه‌وه كه ره‌خنه‌ى زۆر له‌سه‌ر ئه‌و چاكسازییانه هه‌یه وه‌ك هۆكارى سه‌ره‌كى باس ده‌كرێت بۆ تاوان، تاوانباران به چاوى خۆیان ده‌بینن كه ئه‌وانه‌شى سزادرابوون ئێستا ئازادن و به‌رلێبوردن كه‌وتون، ئه‌وه‌ش ترس له ئه‌نجامدانى تاوان كه‌مده‌كاته‌وه واده‌كات تاوانبار سڵ نه‌كاته‌وه له له تاوان. به‌بڕواى ئه‌و راوێژكاره ده‌رچوونى یاساى لێبوردنى گشتى پێویسته له‌ماوه‌ى چه‌ند خولێكى په‌رله‌مانى بێت، نه‌ك هه‌موو خولێك یاسایه‌ك ده‌ربچێت، گوتى"دۆخى چاكسازییه‌كان به‌هۆى بێ پاره‌ییه‌وه خراپتر بووه ئێستا، به‌ڵام لێبوردنى گشتى چاره‌سه‌ر نییه، چونكه راسته‌وخۆ ده‌ستوه‌ردانه له له چه‌مكى دادوه‌رى راسته‌قینه، تاوانبار ده‌ربازبكه‌یت كاره‌ساته زۆربه‌ى وڵاتان كه یاسا تێیاندا سه‌روه‌ره نییه، لێبورنى گشتییان هه‌بێت عێراق و لوبنان سوریا لێبوردنى گشتى هه‌یه"
تورکیا چەندە جدییە عێراقیش هەر ئەوەندە!
عێراق؛ پڕۆژەی فاوی گەورە کوردستان؛ دوو بەرەکی بەردەوام !
بنەچەى پەتاکە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟
مرۆڤ لە بەخێوکردن زیاتری دەوێت