ڕاپۆرتی کوردستانی

06:47 - 11/02/2019

ئه‌زموونى هه‌رێم له‌به‌رده‌م رێككه‌وتنێكى دیكه‌ى دابه‌شكردنى هێز و داهاتدا‌

فه‌رمان حه‌سه‌ن

وێستگه‌یه‌كى دیكه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌زموونى پێكه‌وه‌یى یه‌كێتی و پارتی-دایه‌، دواى ٢٠ ساڵ لە تاقیكردنه‌وه‌ى ئه‌و ئه‌زموونه‌، ره‌نگه‌ بێ متمانه‌ییان وایكردبێت بیانه‌وێت به‌ رێككه‌وتنى سیاسى فراوان هه‌رلایه‌كیان گره‌نتییان ده‌ستبكه‌وێت، به‌رپرسانى هه‌ردوولا پێیان وایه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌وێنى سه‌قامگیرییه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا بۆچوونێك هه‌یه‌ پێیوایه‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مێكى تاریك، پرسى چاكسازى، دیموكراسى، شه‌فافیه‌ت و سه‌روه‌رى یاسا به‌هۆى رێككه‌وتنى سیاسییه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كات.

یه‌كێتى و پارتى، له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ خاوه‌نى سێ رێككه‌تن و لێتێگه‌یشتنى سیاسین، رێككه‌وتننامەی واشنتنی ساڵی ١٩٩٨ و رێككه‌وتنامه‌ى تایبه‌تى مه‌سعود بارزانى و مام جه‌لال ساڵى ٢٠٠٤ و دواتریش رێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژى، هه‌موو ئه‌و پێكگه‌یشتنانه‌ بۆ قۆناغێك نێوانى هه‌ردوولاى راگرتووه‌، به‌ڵام ره‌خنه‌ى زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ سایه‌ى هیچ كام له‌ رێككه‌وتنه‌ حزبییه‌ دووقۆڵییه‌كان سیسته‌مى سیاسى و یاسایى هه‌رێمى كوردستان گه‌شه‌ى نه‌كرد، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ دۆخى هه‌رێم دووچارى داته‌پینى گه‌وره‌بووه‌و ئاستى ژیانى چینى زۆرینه‌ى خه‌ڵكى بۆ خوار سفر دابه‌زاند.

هه‌ردووحزب خۆیان پێیان وایه‌ رێككه‌وتنى سیاسى نێوانیان گرنگه‌ بۆ ئارامى و سه‌قامگیرى كۆمه‌ڵگا و بووژانه‌وه‌ى ئابورى هه‌رێمى كوردستان، به‌شێك له‌ نوسه‌ران و خه‌ڵكیش پشتیوانى ئه‌و بۆچوونه‌ ده‌كه‌ن، دواى حه‌وت كۆبوونه‌وه‌ى ئاشكرا و چه‌ند گفتوگۆیه‌كى نهێنى كاغه‌زێكى چوارخاڵییان واژۆكرد، گوته‌بێژى هه‌ردوولا راسپێردراون ره‌شنوسى رێككه‌وتنێكى نوێ بنوسنه‌وه‌ تا ئه‌و دووحزبه‌ له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كان واژۆى پێكگه‌یشتن بكه‌ن، ناوه‌رۆكى رێككه‌وتنه‌كه‌ش بریتیى ده‌بێـت له‌ هاوڕایى هه‌ردوولا له‌سه‌ر دابه‌شكردنى داهات، چه‌ك، هێز و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و پۆسته‌كانى دیكه‌، كه‌ له‌رێگه‌یەوه‌ جارێكى دیکە بازنه‌ى حكومڕانى بۆ قه‌ڵه‌مڕه‌ویى دوو جه‌مسه‌رى ته‌سكده‌بێته‌وه‌، كێشه‌كانى ئێستاى ئه‌و دوولایه‌نه‌ پۆسته‌كانى به‌غدا و كه‌ركوك و هه‌رێمى كوردستانن، بۆیه‌ش رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ بەشێکی گرنگی رێككه‌وتنه‌كه‌یه‌.

لیژنه‌ى هاوبه‌شى یه‌كێتى و پارتى، ده‌یانه‌وێت پێش كۆبوونه‌وه‌ى چاوه‌ڕوانكراوى ١٨ی ئەم مانگەى په‌رله‌مانى كوردستان ره‌شنوسى رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ واژۆكردن ئاماده‌ بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ و گێره‌و كێشه‌ى زۆرى هه‌یه‌، یه‌كێتى تا ئێستا له‌ناوخۆى رێكنه‌كه‌وتووه‌ و ئاسان نابێت وازوو له‌گه‌ڵ پارتى ئاماده‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌بێت، هه‌ردوولاش له‌سه‌ر پۆسته‌كانى پارێزگارى كه‌ركوك و وه‌زاره‌تى داد قسه‌ى كۆنكرێتییان نه‌كردووه‌ و وه‌ڵامى كۆتایى لاى مه‌سعود بارزانییه‌، به‌ڵام هه‌ردوولا خواستى خۆیان بۆ رێككه‌وتنى نوێ راگه‌یاندووه‌.

كامه‌ران بابانزاده‌ نوسه‌ر، پێى وایه‌ رێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتى و پارتى له‌دواى هه‌ڵبژاردنى ١٢ی٥ی ساڵى رابردوو چاوه‌ڕوانكراوبوو"چونكه‌ پشتیوانییه‌كى ده‌ره‌كى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى بێنه‌وه‌ ئاستى یه‌كتر و به‌ته‌وافوق كوردستان به‌ڕێوه‌به‌رن، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان به‌و رێككه‌وتنه‌ نه‌ك ناكه‌وێته‌ قۆناغێكى نوێوه‌ به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش ساڵى ٢٠٠٩ و سه‌رهه‌ڵدانى ئۆپۆزسیۆن".


 بابانزاده‌ بۆ په‌یسه‌ر باسیله‌وه‌كرد، پرۆسه‌ى دیموكراسى و رۆڵى چالاكى هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى پاشه‌كشه‌ ده‌كات قۆناغێكى ترى باڵا ده‌ستى یه‌كێتى و پارتى ده‌ستپێده‌كات، پرۆسه‌ى ئاڵوگۆڕى ئاشتییانه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌چێته‌ قۆناغێكى قورستره‌وه‌، ئه‌ركى هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى قورسترده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و دوو هێزه‌ ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر نه‌وت و چه‌ك و هێز و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كاندا.

ئه‌زموونى حكومڕانى یه‌كێتى و پارتى له‌ ساڵانى رابردوو هاوار و ره‌خنه‌ى زۆرى له‌سه‌ره‌، به‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانى رووبه‌ڕووى ته‌نگه‌ژه‌و مه‌ترسى گه‌وره‌ كردووه‌ته‌وه‌، ئابورییه‌كى قه‌رزار، ته‌شه‌نەسه‌ندنى گه‌نده‌ڵى، سه‌رنه‌گرتنى پرۆژه‌كانى چاكسازى، نه‌بوونى دامه‌زراوه‌ى نیشتیمانى، بێكارى و بێپاره‌یى، دووئیداره‌یى، نادیارى داهات و سه‌رچاوه‌كانى، ناشه‌فافیه‌ت، له‌ده‌ستدانى نیوه‌ى خاكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ده‌سته‌وه‌دانى كه‌ركوك، پاشه‌كشه‌ى ئازادییه‌ گشتییه‌كان و دیموكراسى، قۆرخكارى كۆمپانیا حزبییه‌كان له‌ بازاڕ، خراپى خزمه‌تگوزارییه‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى، رێگاوبان خزمه‌تگوزارییه‌كانى دیكه‌ و چه‌ندین كێشه‌ى دیكه‌، ره‌خنه‌ن له‌سه‌ر ئه‌زمونى هاوبه‌شى حكومڕانى یه‌كێتى و پارتى.

رێككه‌وتنى سیاسى ئه‌و دووهێزه‌ بۆ قۆناغێكى دیكه‌و شۆڕبوونه‌وه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ ورده‌كارى دابه‌شكردنى داهات و سه‌رچاوه‌كانى، ره‌نگه‌ ده‌رگاى چاره‌سه‌ر به‌رووى زۆرێك له‌و كێشانه‌ دابخات، بۆچوونێك هه‌یه‌ پێى وایه‌ چاره‌سه‌ری هه‌ركام له‌و كێشانه‌ى به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرتووه‌ له‌سه‌ر حسابى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كانى هه‌ردوو حزبه‌ بۆیه‌ كاتێك ئه‌و دووهێزه‌ له‌بۆته‌ى رێككه‌وتنێك له‌نێو یه‌كدا ده‌توێنه‌وه‌و ركابه‌رى سیاسى دروست له‌نێوانیان نامێنێت پاڵنه‌ریان نابێت بۆ چاكسازى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان.

كه‌مال چۆمانى لێكۆڵه‌ر له‌ په‌یمانگه‌ى ته‌حریرى ئه‌مه‌ریكى بۆ توێژینه‌وه‌، پێیوایه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى هه‌ردوولا به‌ نیازن واژۆى بكه‌ن نیشانى ده‌دات یه‌كێتى و پارتى ململانێى دواى شه‌ڕى ناوخۆیان تێنه‌په‌ڕاندووه‌"چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ رێككه‌وتنانه‌ زیاتر له‌نێوان دوو هێز ده‌كرێت كه‌ به‌ هیچ شێوازێك متمانه‌یان به‌ یه‌كدى نییه‌ خه‌ونى گۆڕینى كۆمه‌ڵگه‌یان نییه‌ بۆ چه‌سپاندنى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و بۆیە به‌ ناچارى هه‌وڵى دووباره‌كردنه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژى ده‌ده‌ن".

چۆمانى بۆ په‌یسه‌ر گوتى"بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت هیچ هێزێك پێویستى به‌وه‌ نییه‌ رێككه‌وتننامه‌ى سیاسى بکات ئه‌وان ته‌نها پێویستیان به‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌جێنداى حكومه‌ت رێكبكه‌ون نه‌ك رێككه‌وتنێكى سیاسى بكه‌ن كه‌ زیاتر بۆدابه‌شكردنی پۆست و سامان و سه‌رچاوه‌كانى داهات و هێزى سیاسى و سه‌ربازییه‌، ئه‌مه‌ گێڕانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌ بۆدۆخى شه‌ڕ كه‌ له‌سه‌ر حسابى دیموكراسى و حوكمى یاساده‌بێت، له‌ داهاتوودا هه‌رێمى كوردستان لێدانێكى گه‌وره‌ ده‌خوات به‌هۆى ئه‌م رێككه‌تنه‌وه‌".

هه‌نگاوه‌كانى ئه‌و دووحزبه‌ بۆ رێككه‌تنى سیاسى دووقۆڵى له‌كاتێكدا له‌دواى ریفراندۆم و رووداوه‌كانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ناكۆكى قوڵ له‌نێوانیان دروست بوو، تا ئاستى هه‌ڕه‌شه‌ى جوڵاندنى هێز به‌رامبه‌ر یه‌ك و تۆمه‌تباركردنى یه‌كدى به‌ خیانه‌تكار و ده‌ستگیركردنى كادیره‌كانى یه‌كدى، به‌ڵام هه‌ردوولا بۆ دابه‌شكردنى پۆست و پێگه‌كانیان له‌ هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ى هەرێم بۆ گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن له‌سه‌ر مێزى دانوستانن.

رێبوار كه‌ریم وه‌لى نوسه‌رى پارتى له‌ گوتارێكدا سه‌باره‌ت به‌و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێت"لە رۆژانی رابردوودا هەموو ئەوانەی پارتی بە خیانەتكار ناوی دەبردن، لەسەر یەك مێز لەگەڵ پارتی دانیشتن، لێرە بەدواوە ئەگەر پارتی نەتوانێت لەگەڵ لایەنەكانی وەكو گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم رێكبكەوێت و بەبێ یەكێتی بچێتە پەرلەمان، ئەوا ناچارە بچێتە ژێر باری بەشی هەرە زۆری داواكاریی باڵە جیاجیاكانی ناو یەكێتی".

رێككه‌وتنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى یه‌كێتى و پارتى له‌ ئەگه‌رى واژۆكردنى له‌ هه‌ناوى ناكۆكى قوڵه‌وه‌ له‌دایك ده‌بێت، ره‌نگه‌ هه‌م بۆ خودى دوو هێزه‌كه‌ش رێككه‌وتنێكی ناسك بێت و هه‌م بۆ لایه‌نه‌ ریفۆرمخوازه‌كانیش سه‌رئێشه‌ دروست بكات، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو هێزه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و یاساكان رێكبكه‌ون ئاماده‌نابن به‌ ئاسانى ملده‌بن بۆئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ ده‌یانه‌وێت، جگه‌ له‌وه‌ش رێككه‌وتنه‌کە هه‌رێمى كوردستان خاڵى ده‌كاته‌وه‌ له‌ ركابه‌رى سیاسى بۆ باشكردنى دۆخى خه‌ڵك ئه‌مه‌ش له‌ رابردوودا تاقیكراوه‌ته‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ هه‌رێمى كوردستان به‌هه‌مان تونێڵى پێشوودا تێده‌په‌ڕێته‌وه‌.