کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو کوێ؟

16/06/2021

بەختیار شارەزووری

بزوتنەوەی گۆڕان تەنها حیزبێک نیە لە چوارچێوەی ڕێکخستنێک و چەند ئۆرگانێکدا بێت ، بەڵکۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەک حیزب ئەو سکەی شەمەندەفەرەیە کە شەمەندەفەرەکە پڕۆژەیەکی گشتگیری نیشتمانیە و لەسەر سکەی گۆران دەڕوا ، بە مانایەکی تر دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان وەک ژورێکی نەشتەرگەری یان مەتبەخێکی سیاسیە تا هەرێم لە قۆناغێکی چەقبەستوی غەرق بوی ناو کۆمەڵێک قەیران بباتە قۆناغیکی تر و نەشتەرگەری بۆ قەوارەی هەرێم بکات ، ئەمەش پێداویستی قۆناغەکەیە و گۆڕان وەک پڕۆژەیەکی چاکسازی نیشتمانی دەبێتە تاکە ڕیگای دەوڵەتداری و قۆناغەکانی گواستنەوە ، ئەگەر چی ئەم پرۆسەی گشتگیری نیشتمانیە تا ئێستاش دژایەتی زۆری دەکرێ بە شێوەیەک هەرێم دابەشبوە بەسەر دو سەنگەردا ، هەمو حیزبەکان سەنگەرێک و گۆڕان سەنگەرێک کە داوا دەکات پرۆسەی چاکسازی و ڕیفۆرمی گشتی بە پێ ی پاکێجەکانی کاری لەسەر بکرێت ، لێرەوە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا هێرشێکی بەربڵاوی گەورە کراوەتە سەر گۆڕان بە ماکینەیەکی گەورەی ڕاگەیاندنەوە تا ئەو ئاستەی هەمو گوناهەکان بخەنە ئەستۆی گۆڕان بۆ مانەوەی هەرێم لە دۆخێکی گەندەڵی گشتیدا ، گۆڕان تاکە هێزە کە مانەوەی قەوارەی هەرێمی لە ئەستۆدایە بە نەفەسێکی درێژ و بەهێواشی و پلە بەندی کار لەسەر چاکسازی و پاکێجەکانی دەکات لە ناو دەستەڵاتەوە .

گۆڕان وەک یەکەم حیزبی مەدەنی بێ چەک و خاوەن پڕۆژەی نیشتمانی و دەرکەوتنی سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە خەباتی مەدەنی و بێ خوێن و بێ چەک خاوەن دسپلین وهەیکەلێکی ڕێکخراوەیی خۆیەتی کە لە کڵێشە و دابەشبونی دەستەڵاتەکاندا تەواو جیاوازە لە حیزبەکانی تر و دەستەڵاتی سێگۆشەیی و مەکتەب سیاسی لە لوتکەی سێگۆشەکەدا نیە ، بەڵکو خاوەنی پێکهاتەیەکە لە ڕێکخستن و دابەشبونی دەستەڵاتەکان کە جیاوازتر لە ئسلوبە تەقلیدییەی کە پێشتر باو بوە ، گۆڕان تەشکیلاتی بە شێوەی لاکێشەیی و بە شێوەی پەرلەمانی بڕیارەکان دەدرێن واتا جڤاتی نیشتمانی پەرلەمانەکەیەتی و جڤاتی گشتی ڕاوێژکاری و ژورەکان پلانی زانستی و سەرپەرشتی کردنی دۆسیەکانی تایبەت بە خۆیان ، خانەی ڕاپەڕاندن کاری تەنها جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پەرلەمانە واتا جڤاتی نیشتمانی ، جڤاتی نیشتمانیش نوێنەرایەتی بازنە و ڕایەڵە و پشتوان دەکەن بە پێ ی دەنگدان.

لە ئێستادا دوای مەرگی کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕان کار لەسەر خۆ نوێکردنەوە و کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەکاتەوە ، ئەگەر چی دەبو لە کاتی یاسایی خۆیدا کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکرایە  ، بەڵام بە هۆی کۆمەڵێک هەل ومەرجی تایبەتەوە نەتوانرا لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکرێت بەدەر لە خانەی ڕاپەڕاندن کە شەرعیەتی ماوە هیچ یەکێک لە ئۆرگانەکان شەرعیەتی دەستوریان نەما بو ، لە ئێستادا گۆڕان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپڕێ کە دەکرێ کۆنفرانسە ناوخۆییەکان بتوانێت ئەم قۆناغە سەختانە تێپەڕێنی و شەرعیەتی دەستوری بدات بە هەمو ئۆرگانەکانی ، لێرەوە دەتوانین بڵێین کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی گۆڕان دەتوانێت :

1.    چێکینی کادرەکانی خۆی بکات و ئەو کات لە ڕێی ژوری سەرچاوە مرۆییەکانەوە دەبێت بە خاوەن داتایەکی هەقیقی و دەتوانێت لە ڕێی پەروەردەکردنەوە کار لەسەر تواناکانی کادرەکانی ناو رێکخستنی بکات .

2.    دەبێتە هۆی کار کردن لەسەر چۆنایەتی کادر و دەتوانێت ببێتە بناغەیەک بۆ کاری ڕێکخستن و پتەوکردنی توانا فکریەکانی .

3.    پرۆسەیەکی دیموکراسی و هەڵبژاردن بە پێوەری دەنگدەرەکانی گۆڕان دەڕوا و ئەوەی ئامادەی هەیە لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیدا بمێنێتەوە و کار بکات دەتوانیت بە پێ ی تۆماری ناوەکان نوێنەری خۆی بۆ پۆستەکانی ئۆرگانەکان هەڵبژێرێ یان خۆی هەڵبژێرێ .

4.    هەڵبژاردنەکانی ناوخۆ دەبێتە ئەو فلتەرەی کە کادر و ئەندامی چالاک و ناچالاک لە یەکتر جیا بکاتەوە .

5.    کۆنفرانسی نیشتمانی دەبێتە پێداچونەوە بە هەیکەلی ڕێکخستن و دەستەڵاتەکانی ئەنجومەنەکان و دیاری کردنی ئاراستەی گشتی سیاستی بزوتنەوەی گۆران .

6.    هاتنە پێشەوەی خوێنی تازە و هێزی نوێ .

کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان وەک وەڵام دانەوەیەک بۆ ئەوەی دەگوترا گۆڕان ناتوانێ خۆی نوێ بکاتەوە و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەنجام بدات ، لە ئێستەوە ئەم پرۆسەیە دەبێتە هێزێک بۆ گۆڕان تا کار لەسەر پڕۆژە نیشتمانیەکانی بکات .