هەرێم و عێراق لەبەردەم پڕۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا .

08/10/2020

بەختیار شارەزووری

بە گشتی عێراق بە دۆخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت کە کەڵەکەبوی ١٧ ساڵی حکومڕانی پێش خۆی و پێشتریش حکومی بەعس و ئەو کاولکاریە گشتیەی دوای کوەیت ئەنفال و هەڵەبجە بەسەر عێراقدا هات.

هەمو ئەمانە و دۆخی ئیفلیجی عێراق ئەگەر خوێندنەوەی بۆ بکرێت و بەدوای چارەسەردا بگەڕێین ئەوا پێویستە  قۆناغی ڕیفۆرمی گشتی تێپەڕێنین و بچینە ناو چاکسازی ڕیشەییەوە چی لەسەر ئاستی دەستور و هەر چوار دەستەڵاتەکە چی لەسەر ئاستی دەوڵەتداری.

خۆ ئەگەر بمانەوێ بە خێرایی چاو بە دۆخی هەرێمدا بخشێنین ئەوا ئەو ڕاستیە دەبینین  کە هەرێم نەک وەک عێراق لە لێواری کەوتندایە بگرە وەک بەلەمێکی پەنای پاپۆڕێک بەستراوە بە پاپۆڕی عێراقیەوە خۆ ئەگەر ئەم پاپۆڕە لەبەردەم مەترسیدا بێت ئەوا گومانی تێدا نیە هەرێم زۆر خراپتر دەبێت.

 

بە هەمو دیوەکاندا ئەگەر بمانەوێ بۆ چارەسەر بگەڕێین و بمانەوێ پڕۆژەیەک بدۆزینەوە تا هەم کوردستان و هەم عێراق لە لێواری کەوتندا ڕزگار بکات ئەوا دەبێت بچینەوە سەر پڕۆژەکانی کاک نەوشیروان و بزوتنەوەی گۆڕان ، چونکە ئەم دۆخەی هەرێم و کوردستان پێویستی بە پڕۆژەیەکی نیشتمانی هەیە تا بتوانرێ دو نیشتمان لە یەک چوار چێوەدا دروست بکرێت کە شایستەی ژیان بێت و سیستەمی تێدا بێت .

 

ئەوەی گۆڕان لەهەگبەیدایە دەتوانرێ وەک پڕۆژە و چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغداد ببێتە ئەجێندای کارکردن ، ئەوەشمان بیر نەچێ کە گۆڕان لە هەرێم لە پارتی و یەکێتی گەورەترە و ئێستەشی لەگەڵدا بێت ئەگەر هەناسەی جوڵەیەک مابێت بۆ چاکسازی و ئەوە گۆرانە توانیویەتی نەخشەی دابەشکاری لەم دۆخەدا ڕابگرێ کە دۆخێکی نەخوازراوی جیهانی هەیە کە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لە پۆست و دەستەڵاتەکاندا نەبوایە (سەرەڕای کەمکورتی هەندێ فاوڵی گۆڕان ) ئەوا دۆخەکە زۆر لەمە خراپتر دەبو بەڵام سەرەڕای هەمو کەم و کورتیەکان لەسەر ئاستی ناوچەیی چی ئێران و چی تورکیا دەیانەوێ بەشێکی باری لاریان بە هەرێم ڕاست بکەنەوە ، ئەوە بزوتنەوەی گۆڕانە وای کردوە کە دۆخەکە خراپتر نەبێت .


 ئەگەر لە هەرێم پڕۆژەکانی گۆڕان تاکە چارەسەری نیشتمانی بێت بۆ پەڕاندنەوەی هەرێم لە دۆخێکی شکست خواردوەوە بۆ دۆخێکی نیمچە باشتر ئەوا لەسەر ئاستی عێراقیش دەکرێت هەمان پڕۆژە گەورەتر بکرێت بۆ عێراقێکی نیشتمانی سیستماتیک وە دەتوانرێ بکرێتە ئەجێندای کارکردنی تازە.

ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان وەک حیزب لە بەرزبونەوە و دابەزینی بەردەوامدایە ، واتا هێڵی کێرڤی بەردەوام لە جوڵەی بەرزی و نزمیدایە بەڵام پڕۆژەی گۆڕان جیاواز تر لە کارئەکتەری گۆڕان دەکرێت هۆکارێکی چاکسازی خوازانە بێت چی بۆ هەرێم و چی بۆ عێراق .