05/03/2021
بە درێژایی مێژو شۆڕشەکانی کورد لە بۆشایی سیاسی و سەربازیدا ئاستی خەباتیان
بەرز بوەتەوە ، یان بە هۆی ناکۆکی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی و جیهانیەوە وەک کارت
دروستکراوە و بەهێز کراوە و دوای لە ڕێککەوتنەکاندا لەسەر مێزی گفتوگۆ فرۆشراوە ،
کورد نەیتوانیوە ئاراستەی ڕوداوەکان و بێهزی و بەهێزی دوژمنی بخوێنێتەوە و لەوێوە
کار لەسەر درێژەدان بە خەباتی بکات ، هەر بۆیە مێژوی کوردە پڕە لە ئاشبەتاڵ و یەکتر
سڕینەوە و پاشکۆی وڵاتانی دەرەکی.
کاتێک پرۆسەی ئەنفالەکان دەست پێ دەکات بە هەمو پێودانگێک کورد مەحکوم
بوە بە دوبارەی ئاشبەتاڵی 76 و بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکردەیەک داینەمۆی شۆڕشی نوێ و
خۆی تاقانە سەرکردەی دوای ئەنفالەکان بو ، وەک سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی دەیزانی
کە نابێت مێژوو دوبارە بێتەوە ، بوە هێزێکی گەورە و توانی ڕێ بگرێت لە دوبارەبونەوەی
مێژو و نەهێڵێت ئاشبەتاڵ دروست ببێ ، نەوشیروان مستەفا تاکە سەرکردەی مێژویی بوە کە
بە قوڵی لە بەریەککەوتنی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان تێدەگەشت و دەشیزانی حکومی مێژو
چۆنە ، شارەزایەکی وردی مێژووی خەبات و سیاسی و سەربازی و ئابوری و جوگرای و جیوپۆلەتیکی
و فەرهەنگی بو ، ئەم باکگراوندە قوڵەی ئەم سەرکردەیە لە مێژوی خەباتی کوردی
باشوردا نەبوە ، هەر بۆیە توانی ببێتە داینەمۆی شۆڕشی خوڕاگری و بەردوامی بدات بە
خەبات سەرەڕای ناوهەسەنگی هێز ، دەیزانی و خوێندنەوەی تایبەتی هەبو بۆ حکومەتی عێراقی
و ئاراستەی ڕوداوەکان لەناوچەکەدا ، ئەمانەش وای کرد ببێتە تاکە سەرکردەی مێژویی کە
نەهڵێت ئاشبەتاڵ ببێتە حکومی دوبارەی مێژو.
لەو کاتەدا ئەوانەی ناویان سەرکردە بو ئەگەر چی ماندو بون و خەباتیان
کردوە ، هەر لە بازنەی یەکەمی سەرکردایەتی هەموحیزبەکان تا بازنەی خوارتری سەرکردایەتی
حیزبەکان باوەڕیان بە بەردەوامی شۆڕش نەبو کەوتبونە بەر حکومی دوبارەی مێژوی ئاشبەتاڵ
، ئەو کات زۆربەی سەرکردەکان یان کوردستانیان جێهێشت یان لە ئێران بون ، نەوشیروان
مستەفا تاکە سەرکردە بو کوردستانی جێنەهێشت و توانی ببێتە مەدرەسەیەک بۆ خۆڕاگری و
ڕێ لە دوبارەی مێژو بگرێ و خۆی ئامادە بکات بۆ ڕوداوەکانی دوای شەڕی ئێران / عێراق
و نەخشەی ڕاپەڕین دابڕێژێ و بتوانێ کورد بگەیەنێتە قۆناغی ڕزگاری و ببێتە ئەندازیاری
ڕاپەڕین.
لەو کاتەدا نەک هیچ سەرکردەیەک لە کوردستان نەبو بەڵکو نەوشیروان مستەفا
میوانداری دەکردن بۆ ڕاپەڕین باوەڕیان پێی نەبو .
کاتێک نەخشەکەی نەوشیروان مستەفا سەری گرت و ڕاپەڕین دروست بو هەمو ئەوانەی
ئێستا خۆیان بە سەرکردە و پێشمەرگە دەزانن هەمویان بە دوای کاک نەوشیروانەوە بون ،
کاک نەوشیروانیش دەیوست هەمو هێزەکان ئەوانەشی لە ڕۆژە سەختەکاندا باوەڕیان بە شۆڕش
نەبو یەکبخات و بتوانن پێکەوە حکومێکی دروست بکەن ، بە کورتی ڕۆژانێ بو هەمو ئەوانەی
ئێستا خۆیان بە سەرکردە دەزانن بە دوای نەوشیروان مستەفاوە بون.
لە قۆناغی دوەم و قۆناغی حکومداری و دەوڵەتداری نەوشیروان مستەفا دەیزانی
دەوڵەتداری و حکومداری لە سایەی ڕێککەوتنی ناستراتیژی و پاشکۆیەتی وڵاتان و ئیفلیج
بونی دام و دەزگای حکومی وگەندەڵی ، دوبارە دەبێتە فریادڕەس و پڕۆژەی ڕیفۆرمی گشتی و چاکسازی دەکاتە بەرنامەی
خۆی و مەتبەخێکی سیاسی بونیاد دەنێ تا دوبارە ڕێ لە شکست و ئاشبەتاڵێکی تری دەوڵەتداری
بگرێ و دەبێتە ڕابەری مۆدێلێکی تر لە سیاسەت و دەوڵەتداری.
لە ئێستاشدا کە حیزبەکان و دەوڵەت دوچاری دەیان نەخۆشی بوەتەوە دوبارە
بە مردویش مەحکومن بەوەی جارێکی تر دوای نەوشیروان مستەفا بکەونەوە ، بە جۆرێک نەوشیرون
مستەفا لە سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی و ڕابەری دو قۆناغی گرنگ تەحویل بوە بۆ جۆرێک
لە مۆدێل و کلتوری سیاسی و حکومداری.
وەک چۆن لە ڕاپەڕیندا هەمو سەرکردەکان مەحکوم بون دوای نەوشیروان مستەفا
بکەون ، بە مردویش لەگێژاوەی سفربونەوە و دوبارەی هەرەس و ئاشبەتاڵدا جارێکی تر مەحکوم
دوای پڕۆژەکانی بکەون و بیکەنە کلتوری هەستانەوە.