26/06/2020
خەونی
شۆڕش واتا ئەو بەرنامەی حوکمرانیەی کە هەیەتی بۆ حکومڕانی ، خەونی شۆڕشی شاخەکان
واتا گەشتن بە ئیدارەی شارەکان ، دروشمەکانی شۆڕش نەتەوەیی و نیشتمانی بێت واتا
ئەو کاتەی گەشتە دەستەڵات دەبێت ئەم بەرنامەیە بە کردار بکات ، خۆ ئەگەر شۆڕشی
کوردی لە ستراتیژیدا ئامانجی گەشتن بوبێ بە دەستەڵاتی خۆماڵی لەوێوە کار لە سەر
دروشم و پرنسیپەکان بکات ، لە بەرامبەردا خەڵک و هاوڵاتی پێ ی وابوە لەسەر دەستی
دەستەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ناوەندا ڕوبەڕوی سڕینەوەی نەتەوەیی و فیزیکی و
نشتمانی بوەتەوە ، بۆیە دەبێتە ماکینەی بەردەوامی شۆڕش.
بۆ ئەم ئامانجە نەتەوەیەک لە بەشێکی کوردستاندا
خەباتێکی دور و درێژی کردوە ، بەڵام کاتێک دەگاتە دەستەڵات لە ڕوی سیستەم و ئیدارە
و یاساکانەوە ناتوانێت لە پێشتری خۆی باشتر بێت ئەوا دەکەوێتە ناو خانەی بێ
متمانەییەکی قورسەوە ، کەواتە ئەگەر بەراورکاری بکرێت لە نێوان دەستەڵاتی سەدام و
حوکمی کوردیدا ئەوا زۆر بە سانایی و بێ سەرلێتێکدانی خوێنەر دەتوانین بڵێین :
1- دەستەڵاتی کوردی لای
تاک خەونی بەهەشت هێنانی هەڵگرتبو ، بەڵام لە ڕوی ئیدار و سەروەری یاساکان و
حکومڕانیەوە تەواو فاشێلە و جەهەنی جیاکاری بەرهەمهێنا.
2- دەستەڵاتی سەدام
دیکتاتۆربوە و جینۆسایدی کوردانی کردوە ، بەڵام لە ڕوی ئیداری و یاسایی و
حکومدارەوە زۆر باشتر بوە .
با
لە خۆمان بپرسین بۆچی خۆزگە بە سەدام خواستن ، ئایا توڕەبونی هاوڵاتیە یان خراپی
تر بونی دەستەڵات کوردی لە خراپەکەی پێشو تر ، بۆچی لە ناو ڕاپرسیەکاندا کە دەنگ
بە باشی سەدام دەدرێت کە لەلایەن هەندێ کەسەوە کە وەک خێزان دنیایەک ماندو بون و
خوێنی بەخشیوەتە ئەم شۆڕش و دەستەڵاتە خۆماڵیە ، بۆچی زۆرێک لە پێشمەرگە و
کارئەکتەرەکانی شاخ لەگەڵ باشتر بونی سەدامدان ، نەتەوەیەک دەریایەک خۆێن ببەخشێ
لە ئەنفال و هەڵەبجە و ئەو هەمو شەهیدە ئێستا پشت دەکاتە شۆڕشەکەی خۆی و میوانداری
ئەو دەستەڵاتە دەکات کە خەباتی کردوە بۆ ڕوخاندنی.
لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ( ئازادی و نان
) دوچەمکی پێکەوە گرێدراون نە نان بێ ئازادی مانای هەیە نە ئازادی بێ نان ، کەواتە
لەسەردەمی سەدامدا نان هەبوبێ ئازادییەکان نەبوە ، لە دەستەڵاتی خۆماڵیدا ئازادی
هەبوبێ نان و عەدالەت نیە ، هۆکاری سەرەکی ئەم خۆزگە بە کفن دز خواردنە نابەرابەری
و ڕوخاندنی چینی ناوەڕاست و خێگەرایی و نەبونی یاسایە بە جۆرێک چینێک قۆرخی تەواوی
دەستەڵاتیان گرتوەتە دەست و لە ڕەفاهیەتدا دەژین و زۆرینەی خەڵک نەبو نەدارن ، کە
لای هاوڵاتی ئەم وێنەیە تەواو پێچەوانەی ئەو وێنەیەیە کە شۆڕش بەرهەمی دەهێنا ، با
بچیەنەوە سەر ئەو ڕاپرسیەی کە وەک سمپڵ کردومانە بزانین چێمان پێ نیشان دەدا :
ڕاپرسیەکە
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک کراوە بەم شێوەیە بوە :
حوکمی
سەدامت پێ باش بو یان دەستەڵاتی کوردی ..؟؟؟؟
هیچیان٤٥
سەدام ٥٩
دەستەڵاتی
کوردی١٦
دیوی
خراپ و چاکیان هەیە١٣
لە
کۆی ( ١٣٣) کۆمێنت.
ئەگەر
هەڵکۆڵین لەسەر ئەم ڕاپرسیە بکەین بۆ ئەوەی بگەینە هەقیقەت و پلێتی هۆکارەکەی ئەوا :
1- دەستەڵاتی کوردی
نەیتوانیوە لە ڕوی ئازادی بژێوی هاوڵاتی خۆی و بەشداری ئەم حکومەتە بێت ، بە
پێچەوانەوە هەموی لە بەرهەمهێنەوە کردوە بەرخۆر و خۆی دژی دروشمەکانی خۆی بوە و
جیاوازیەکی گەورە هەیە .
2- هاوڵاتی ئەو جیاوازیە
گەورەیە دەبێنێ لە نێوان چینی دەستەڵاتدارەکانی شۆڕش و چینەکانی خوارەوەدا .
3- بە ئاشکرا دزی دەکرێت
و نابەرابەریەکی قوڵ هەیە و ڕۆژانە هاوڵاتی لە بازاڕ و مۆڵە گەورەکان و
تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا دەیبینێت .
4- لەسەر شەقامەکان و لە
سەیارەکاندا دەبینێت کە شۆڕش ئەوە نەبو ئەم خەوی پێوە دەبینی .
5- هاوڵاتی دەگاتە شوێنێک ئەیەوێ دەرچەیەک
هەبێت بەو شۆڕشگێڕانە بڵێت ئێوە بەهەشتی نەبون و دۆزەخین دەیەوێ توڵەی درۆکانیان
لێبکاتەوە ، دەیەوێ لەم ڕاپرسیشەوە بەڵێ بۆ سەدام بکا وەک تۆڵە کە لە بنچینەدا
سەدامی ناوێ بەڵکو وەک تۆڵە لە درۆی خۆماڵی ئەوە دەکات ، ئەم بەڵێ یە ئەوەمان پێ
دەلێ کە دەبو ئەمان هەزاران جار باشتر بونایە کە باش نەبون کە جێ ی خەونەکانی
ئەمانی تیا نەبێتەوە تەنها بۆ گروپێکی شۆڕشگێڕەکانی شاخ بێت ئەوا ئەم هاوڵاتیە کفن
دزی پێ باشتر دەبێ.
ئەوەی
جێگەی تێڕامانە دنیایەک ڕەخنەی دەرەکی و ناوەکی دەگیڕێ بەڵام دەستەڵاتی کوردی
چونکە دابەش بون بەسەر دو وڵاتی دوژمنی دەرەکیدا ، گروپ گروپ بون ، ناتوانن
پلانیان هەبێت بۆ دەرباز بون لە پاشکۆیەتی وڵاتانی ناوچە و چاکسازی لە ناوەکیدا ،
لەم نێوەندەدا سەرکردەکان هیچیان نەیانتوانی پڕۆژە و پلانیان هەبێت بۆ ئەوەی
دەستەڵاتی کوردی چاک بکەن تا هاوڵاتی بێ هیوا نەبێت لێیان و ئاوات بە کفن دز
نەخوازێ جگە لە نەوشیروان مستەفا ، بۆ قسەکردن لەسەر ئەم پیاوە دەکرێت زۆر قوڵتر
کاری تیا بکەین .
گۆڕان دەبێت چی بکات
..؟
گەر
بمانەوێ قسە لەسەر گۆڕان بکەین ئەوا وەک گەڕانەوەیەکی کورت بێ باسی نەوشیروان
مستەفا لەسەر کۆی ئەم کێشانە بابەتەکەمان کەمکورتی دەبێت ، نەوشیروان مستەفا
گۆڕانی وەک وەسیلەیەک بەکار دەهێنا تا ڕیفۆرمی گشتی بکات و چاکسازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی
بچەسپێنی ، وەک مۆدێڵێکی نوێ گۆرانی دروست کرد کە گەشتە دابەشکاری بۆ دو مۆدێل
مۆدێلی پارتی و یەکێتی کە فەشەلی حوکمڕانیان دەرکەوتبو وە مۆدێلی گۆڕان کە خۆی وەک
بەدیل نمایش دەکرد ئەم دو مۆدێلە کەوتنە ململانێ ی یەکتر کە دەبو مۆدێلێکیان
تەسلیمی مۆدێلەکەی تر ببێت ، نەوشیروان مستەفا کە خۆی کارئەکتەری سەرەکی مۆدێلە
کۆنەکە بو جێ ی هێشت تا بتوانێت مۆدیڵیکی تر دروست بکات و مۆدێلەکەی کە ناچار بە
ڕیفۆرمی ناوەکی و دەرەکی بکات و پرۆسەی نیشمانی لە گشتدا بەرجەستە بکات ، کاری
نەوشیروان مستەفا کارکردن بو کە نهێڵێت ئەم ژمارەی ڕاپرسیانە بەم شێوەیە بێت و
هاوڵاتی بەشدار پێ بکات لە چاکسازی و حکومداریدا ، هەمو ڕێککەوتنەکانی هەر لەم
چوارچێوەیەدا بو.
ئەی
دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا چی ..؟؟
ئەبێت
گۆڕان لەوە تێبگا کە لەسەر دەستی بیرمەندێک پڕۆژەیەکی گەورەیە و نابێت بخزێت بۆ
ناو حەوشەی مۆدێلە کۆنەکە ، دەبێت لەوە تێ بگا کاری گۆڕان درێژکراوەی هەمان میتۆدی
کاک نەوشیروانە و ناچارکردنی مۆدێلە کۆنەکەی پارتی و یەکێتیە لە ناو مۆدێلی گۆڕان
و چاکسازی گشتی .
ئێستە
گۆڕان بەرەو ئەو شوێنە دەڕوا کە نەتوانی ململانێی مۆدێلە کۆنەی پارتی و یەکێتی بکات
و لە ئەواندا بتوێتەوە و ئەم تواندنەوەیەش بە مەرگی خۆی کۆتای دێت ، ڕێککەوتن و
بەشداری لە حکومەت ئاساییە ، بەڵام نائاساییە کە گۆڕان بنەماکانی ڕێککەوتن و
بەشداری بیر بچێتەوە ، ئا لێرەوە ئەگەر گۆڕان فریای خۆی نەکەوێ و کارئەکتەرێکی
گرنگی بەشداری حکومەت نەبێت ئەوا دادەماڵرێت لە بەرگی مۆدێلکەی خۆی ، بەڵام ئەگەر
گۆڕانیش بچێتە چوارچێوەی (بە حسک بونی گۆڕان ) ەوە ئەوا بێ شک لە بۆتەی مۆدێلە
کۆنەکەدا دەتوێتەوە و جیا دەبێتەوە لە پڕۆژەکانی کاک نەوشیروان.
گۆڕان
لەبەردەم قۆناغێکی گرنگدایە ئەویش ڕێگە گرتنە لە دزی نەوت و داهات لە لایەن سەرانی
پارتی و یەکێتیەوە گەر نەیتوانی ئەم حەوزە لە پیسی پاکبکاتەوە ئەوا دەبێت
پلانەکانی بگۆڕێت تا ئێرا بەسە بۆ ئەوەی خۆی پیس نەبێت ، تا کۆتای ڕێککەوتنەکەی
گەر بزانێت ئەو بەرنامەیە ڕێککەوتون لەسەری جێبەجێ نەبێت باشترە گوشارەکان و
کارتەکانی تری بەکار بهێنێت ، بە تایبەتی تر دۆسیەی موچە کە هەر سەرکردەیەکی ناو
پارتی و یەکێتی بگری بە دزی لە داهات دەتوانێت موچەی چەندین مانگ بدات ، کەواتە
پێش موچە دۆسیەی تر هەیە بۆ چاکسازی .
هێشتا
کۆی ئەم حکومڕانیە لەبەردەم ناچاری چاکسازی و ڕێفۆرمێکدایە بێ خواست خۆی دەبێت
بچێتەوە سەر پڕۆژەکانی نەوشیروان مستەفا بە گۆڕانیشەوە ، تا خەڵک ئاوات بە کفن دز
نەخوازێ.