24/03/2021
نەورۆز لای بەشێک لەگەلانی دونیا وەک بۆنەیەکی گرنگ، ساڵانە یاد دەکرێتەوە، ئەگەر چی تائێستاش یەکلانەبووەتەوە ئایە بەدیاریکراوی کام نەتەوە خاوەنی ئەم یاد و جەژنەیە، بەڵام ئەوە ڕوونە کە هەریەک لە کورد و تورک و فارس و بەشێک لەگەلانی دیکە ئەم بۆنەیە بە پیرۆز و گرنگ دەزانن.
ئێمە لێرەدا نامانەوێت لەبارەی خاوەندارێتی نەورۆزەوە بدوێن، بەڵکو دەمانەوێت ئەوڕاستییە بڵێین کە نەورۆز ئەگەر موڵکی هەرگەل و نەتەوەیەکی دیکەش بێت ئەوا ئیدی کوردیش بەشێک لەو خاوەندارییەتییەی پێ دەبڕێت، چونکە سەدان ساڵە کورد لەم ڕۆژەدا یادی نەورۆز بەرز ڕادەگرێت و تەنانەت لای بەشێک لەخەڵکی هاوتایی هەردوو جەژنی " ڕەمەزان و قوربان" کە دوو بۆنەی ئاینین پیرۆزە و بە پیرۆزی تەماشا دەکرێت.
نەورۆز ئەگەر بۆ گەلانی دیکە جارێک گرنگ بێت، ئەوا بۆ ئێمەی کورد دەبێت دەیان جار پڕبایەختر لێی بڕوانین، چونکە ئاشکرایە بەدرێژایی سەدان ساڵە نەیارانی کورد بەبەردەوامی لەهەوڵی سڕینەوە و نەهێشتن و پەرتەوازەکردنی گەلی کورددان، چی لەڕوی سڕینەوەی زمان و سڕینەوەی مێژوو کەلتور و فەرهەنگ و تەنانەت لە هەوڵدان بۆ جینۆسایدکردن و قڕکردنی گیانی کورد و لەم پێناوەشدا درێخییان نەکردووە.
بۆیە ئەم هەوڵەی نەیارەکانمان دەبێت ئەو ڕۆحییەتی مانەوەمان زیاتر لەلا بەهێزبکات و بەردەوام لەگەڕاندابین بۆ هەردەرفەت و بۆنەیەک کە یەکگرتویمان بەهێزتر دەکات.
نەورۆز وەک بۆنەیەک دەرفەتێکی گرنگە بۆ کورد کە تیایدا پەیامێک بەگوێی دوژمنەکانیدا بدات و پێیان بڵێت هەوڵەکانتان بۆ سڕینەوە و نەمانمان لەهەمو ڕویەکەوە نەزۆک و بێسودە، چونکە ئێوە هەموڕێگاکانی سڕینەوەمان لەسەرخاک و ئاوی خۆمان گرتەبەر، بەڵام دواجار ئێمە هەروەک خۆمان ماوینەتەوە
بەداخەوە کورد لەبری خۆئامادەکردن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنان و هەوڵدان بۆ یەکگرتن و گەڕان لەدوی دەرفەتێک بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە پەیامێکی کوردانە بدات بەگوێی دوژمنەکانیدا.
کەچی وەک هەمیشە دابەش و پەرتەوازە و بەردەوام لەدوو بەرەی دژبەیەکدان،
ئەوەتا نەورۆزیش وەک بۆنەیەک لەبری ئەوەی وەکو وەرزی نێبونەو و وەرزێک کەتیایدا گیانی برایەتی و ڕۆحێتی کوردبونمان چرۆ بکات کەچی بەپێچەوانەوە بووە بەوەرزی نوێبونەوەی ناکۆکیەکانمان و ساڵانە لەم وەختەدا دەبینەوە بە دوبەرەی دژبەیەک.
ئەم دژ وەستانەوەشمان بەرامبەر بەیەکدی نەک ناهێڵێت ترسی مانەوە و بەهێزبونمان لەلای نەیارەکانمان دروست بکات، بەڵکو ڕێگای زاڵبونی دوژمنەکانمان بەسەرماندا ئاسانتر دەکات و دەرفەتی باشتریان بۆ دەڕەخسێنێت کە پرۆسەی داگیرکارییان زیاتر لەکوردستاندا درێژەبکێشێت.
ئەم دابوشبونە بەردەوامەمان بەسەر دوبەرەی دژبەیەکدا وامان لێ دەکات بڵێین:
کورد تەنها میللەتە لەناوچەکەدا کە هەمیشە هەوڵی ئاسنکاری کردن دەدات بۆ ئەوەی دوژمنەکانی بەسەریدا زاڵبن و تەنها میللەتە ئارەزوی ژێردەستی دەکات و چێژ لەوە دەبینێت بەردەوام خۆی وەک قوربانییەک وێنابکات.
ئەگەرنا بۆ دەبێت بۆ هەر بۆنە و یاد و پرسێک، ئێمە دەبێت دوو گروپ یاخود دوو بەرەبین، دوو گروپ کە هیچ لایەکمان ئامادەنین سازش بۆ لایەکی دیکەمان بکەین، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئامادەین لایەنگری دوژمنەکانمان بین تەنها لەپێناو سڕینەوەی لایەکەی دیکەماندا، یاخود زاڵبونی بیر و بۆچونی خۆمان بەسەر بیرو بۆچونی بەرامبەرەکەماندا