17/03/2021
ئەگەر لاپەڕەکانی مێژووی گەلی کورد هەڵبدەینەوە، ئەوەندە ڕووداو کارەساتی مێژویمان بەرچاو دەکەوێت، کە هەریەک لەوانە بەسبوون بۆئەوەی ناو و ناوبانگی کورد، بەهەموو دونیادا بڵاو ببوایەتەوە و هیچکات پێویستی نەدەکرد ترسی سڕینەوە و پەراوێز خستنمان لەلایەن نەیارەکانمانەوە هەبوایە و بەردەوام لەدوی دەرفەتێکی نوێ بگەڕێین تالەڕێگەیەوە خۆمان بەدونیا بناسێنین.
هەروەک چۆن لەچەند ڕۆژی ڕابردودا هاتنی پاپا فرانسیمان وەک دەستکەوتێکی گرنگ وەسفدەکرد بۆ خۆناساندن بە دونیایی دەرەوە،وەک ئەوەی کە ئێمە خاوەن ڕووداوگەلێکی ئەوەتۆ نەبین کەبتوانین لەڕێگەیەوە سەرنجی دونیا بەلای خۆماندا ڕابکێشین.
مێژوومان پڕە لە سەدان برین و ڕووداوی وەها کە ئەگەر بهاتباو خاوەن سەرکردە و ڕابەرێکی لێهاتووباین، ئەوا دەمانتوانی بۆ ئەبەد لەڕێگەی تەنها یەکێک لەو ڕوداوانەوە جێگە پێیی خۆمان لەناوچەکەدا بەجۆرێک قایم بکردایە کە هیچ هێزێکی نەیار زاتی ئەوەی نەدەکرد جارێکی دیکە ڕووداوێکی تراژیدیایی هاوشێوەمان بەسەردابێنێ،
نامانەوێت دور بڕۆین و لاپەڕە ئیجگار کۆنەکانی مێژوو هەڵبدەینەوە ، بەڵکو دەمانەوێت لەڕوداو تاوانێکی وەک کیمیاباران کردنی هەڵبجەوە پێناسەی نەتەوەی کورد و بەدیاری کراوی سەرکردایەتی کورد بکەین و دەمانەوێت بزانیین ئێمە ئایندەمان بەکوێ دەگات.
کورد و بەدیاری کراوی دانیشتوانی هەڵەبجەی شەهید، سی و سێ ساڵ بەرلەئێستا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، تاوانێکی وەهایان بەرامبەردەکرێت کە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هاوشێوەی ئێجکار کەم و بێوێنەیە، کە دەکرا تەنها ئەم تاوانە بەسبوایە بۆئەوەی ئێستا گەلی کورد لەنێو وڵاتە زلهێز و خاوەن بڕیارەکانی دونیادا جێگەیەکی دیاریی کراوی بۆخۆی قۆرخ بکردایە.
بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە بەدرێژایی ئەم چەندین ساڵە خاوەن سەرکردەیەکی دڵسۆز نەبوین، سەرکردەیەک کەتەنها لەخەمی سەردەم و ئەو ڕۆژگارانەدا نەبوایە کە خۆی تیایاندادەژی، بەڵکو سەرکردەیەکی دوربین وسەرکردەیەک کە خەمی گەلەکەی لەهەناوی خۆیدا هەڵبگرتایە ئەوا ڕووداوێکی بێوێنەی وەها بەئاسانی نەدەبو تپەڕبێت، بەجۆرێک کە هێدی هێدی خەریکە لەبیر نەک تەواوی کورد، بەڵکو لەبیر دانیشتوانی شارەکەش دەچێتەوە و ئیدی ساڵ لەدوای ساڵ تاوانی هەڵبجە، بەجۆرێک لە زیهن و خەیاڵی هەڵەبجەیەکاندا بیر دەچێتەوە کە نەوەی ئێستا ناتوانێت هاوشێوەی نەوەی پێش خۆی هەست بەئازار و ژانی کیمیابارانکردن بکات، کە ئەمە بۆ نەوەکانی داهاتووش هەر ڕاستەو وردەوردە لەگەڵ لەدایک بون و دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێدا ئەم هەستە بەرەو کاڵبونەوە و نەمان دەچێت.
سەرکردە و کاربەدەستەکانی کورد سی و سێ ساڵە، خەریکن هەریەک وتار بەگوێی خەڵک و دانیشوانی هەڵبجەدا دەدەن، سی و سێ ساڵە سەرکردەیەک پەیدانەبو بتوانێت جیاواز لەسەرکردە و کاربەدەستەکانی پێش خۆی وتارێکی نوێ بەگوێی کورد و دونیایی دەرەوەدا بدات، سی و سێ ساڵە یادی هەڵبجە دەکرێتەوە یادێک هێندە دووبارە و بێ ئەرزشە خەریکە یادی ئەم تاوانە بێوێنەیە یەکسان دەکرێت بە یادەکانی
( ڤالانتاین و ڕۆژی زمان و ڕۆژی دایکان) و هەمو ئەو یەدانەی دیکە کە ساڵانەدەکرێنەوە و ئەوەش تەنها وەک سەرقاڵکردن و فریودانی خەڵک.
ئەم جۆرە لە کەم تەماشاکردن و هەوڵدان بۆ پەراوێزخستنی هەموو ئەو ڕووداوانەی کە لەڕابردودا ڕویانداوە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە بەڵێ ئێمەی گەلی کورد ئایندەیەکی نادیار چاوەڕێمان دەکات و دەبێت خۆمان ئامادەکەین بۆ دوبارە بونەوەی ڕووداوێکی دیکە، بۆئەوەی لەڕێگەیەوە جارێکی دیکەو بۆ زەمەنێکی دیاریکراو خۆمان و دونیایی دەرەوەی خۆمان بمان ناسنەوە.