17/02/2021
سزادانی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەرخەری ئەوڕاستییەیە کە لەهەرێمی کوردستاندا دادگاکان تەنها بۆ چەسپاندنی یاسا بەسەر هەژاران و بێبەری کردنی دەسەڵاتداران لە ستەمو زۆرداری دامەزراون.
ئەگەرچی ئێستا سزادانی( شێروان شێروانی)و هاوڕێکانی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کۆدەنگیەکی لەدژی ئەو سزادانە دروست کردوە و زۆرێک پێمان وایە دادگا نەک نەیتوانی دادگایەکی عادیلانە بێت بۆ تۆمەتباران، بەڵکو بپێچەوانەوە بەم بڕیارەی هێندەی دیکەی تای تەرازوەکەی لاسەنگ کردوە و یاساکانی خستۆتە خزمەت پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتەوە، بەمەش خاڵێکی ڕەشی دیکە خرایە نێو لاپەڕەی مێژوی دادگاکان لەهەرێمی کوردستان.
بەڵام خۆ دەکرێت ئەوپرسیارەش لەخۆمان بکەین و بپرسین ئایە بەتەنها ئەوە سیاسیەکانن کە هەوڵی لاسەنگی تای تەرازوی دادگایان داوە و لەبەرژەوەندی خۆیان لاسەنگیان کردووە یاخود ئێمەش لەم لاسەنگ بونەدا بەشدارین؟
بەدڵنیاییەوە لەهەمودنیادا دەسەڵاتی تۆتالیتار لەخۆوە دروست نابێت ئەگەر خەڵک و جەماوەر هاوکارو هەماهەنگی نەبن،
هەموان ساتی دادگایی کردنەکەمان لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بەچاوی خۆمان بینی، بینیمان بەردەمی دادگایی هەولێر کەسی لێنەبو جگە لە خێزان و کەسوکاری بەندکراوان نەبێت، لەکاتێکدا دەبوو هەرچی ئازادیخواز و خەڵکی بەویژدان و حەقبێژە لەوچرکەساتەدا لەبەردەمی دادگادا ئامادەگییان هەبوایە تاوەک، گوشارێکی مەدەنی دژی حوکمی دادگا ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبوایە.
بەڵام کاتێک هەوڵاتیان بێدەنگن و هەموان دوای ئەوپەندە کوردییە دەکەوین کەدەڵێت " دەست بەکڵاوی خۆتەوە بگرە تابانەیبات" ئیدی چۆن دەبێت چاوەڕێی دادگایەکی عادیلانەبین، لەکاتێکدا دادگاکان بۆبەرژەوەندی کەسە دەست ڕۆیشتوەکان و ئەوانەی کە مۆنۆپۆلی دەسەڵاتیان لەهەرێمی کوردستاندا کردووە دامەزراون،
ئەم تاوانەی کە دادگا بەرامبەر بەڕۆژنامەنوسان و چالاکوانی مەدەنی ئەنجامیدا دواتاوان نابێت، ئەگەربێت و هەموپێکەوە ئامادەی دیاری کردنی سنورێک نەبین بۆ بێباکی دەسەڵاتداران بەرامبەر ژیانی هاوڵاتیان،
ئەم بێباکیەی دەسەڵات و ئەم بێدەنگییەی ئێمە بەرامبەر بەم هەموناعەدالەتییەی کە لەکوردستاندا دەگوزەرێت پێمان دەڵێت ئەکرێ ڕۆژێک ئێمەش، بەبێ تاوان دەخزێنرێینە کونجی زیندانەوە، ئەوکاتەش هەروەک ئێستا ڕەنگە کەمتر لەمەی ئێستاش خەڵک لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە باسی دادگای کردنەکەمان و ناحەقی بڕیارەکانی دادگابکەن بەرامبەرمان، چونکە لەم هەرێمدا کە هەموجومگەکانی دەسەڵات لەلایەن کەمینەیەکەوە مۆنۆپۆڵ کراوە، ئاساییەو ڕودەدات سبەی بەتۆمەتێکی هەڵبەستراوی وەهاوە ڕوبەڕوی دادگاتمان بکەنەوە کە ڕەنگە ئەوکات لەبری ئەوەی خەڵک بەزەی پێماندابێتەوە و دادگایی کردنەکەمان بەناعادیلانە وەسفکەن، ڕەنگە بەپێچەوانەوە خەڵک ئەوکات ڕەخنەی ئەوە لە دادگا بگرێت کەبۆچی حوکمی لەسێدارەدانی بەسەرماندا نەسەپاندووە.