کامەیان گرنگە ناو یاخود ناوەڕۆک ؟

21/02/2021

سەردەشت محمد

یەکێک لەو پرسەگرنگانەی کە لە ئێستادا زۆرترین قسەی لەبارەوە دەکرێت، بابەتی گۆڕینی ناوی حیزبی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە بۆ کۆمەڵی دادگەری کوردستان / عێراق.

 

ئەگەرچی هێشتا زووە هەڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ ئەم بابەتە بکەین و بە باش یاخود بەخراپ قسەی لەبارەوە بکەین، بەڵام دەکرێت لەبەر ئاوێنەی مێژودا خوێدنەوەیەک بۆ ئەم گۆڕانکاریانە بکەین و ئەوکات باشر دەتوانین باوەڕ بەوەبێنین کە بەتەنها گۆڕینی ناو یاخود دەست بردن بۆ گۆڕانکاری لە ڕوکەشدا هیچ سودێکی نابێت ئەگەر هاتوو هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکاری لە ڕوکەشدا گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکیشدا ئەنجام نەدرێت، هەموان ئەو ڕاستیە دەزانین کە کۆمەڵی دادگەری یەکەمین هێزی سیاسی نییە لە کوردستاندا کە دەستی بەگۆڕانکاری لەڕوکەشدا کردبێت، بەڵکو لە کۆنەوە ئەم جۆرە لەگۆڕانکاری لە ناودا لەنێو هێز و پارتە سیاسیەکانی کوردستاندا هاوشێوەی کۆمەڵی دادگەری بونی هەبوە و ئەو گۆڕانکارییە تاماوەیەک جێگەی ئومێدی لایەنگران و هاوڵاتیان بووە.

 

بەڵام دواجار بەهۆی کارکردن لەسەر هەمان میتۆد و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حیزب بەهەمان عەقڵێتی کۆن جارێکی دیکە هاوڵاتیان یاخود لایەنگرانیان دوچاری نائومێدی بون، ئەگەر بڕیاربێت تەنها گۆڕانکاری کردن لە ناوی پارت و هێزە سیاسیەکاندا دوریان دەخاتەوە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەورە و مێژوی ئەوا زۆر ئاسان دەبێت بۆ هەمان ئەو هێزەسیاسیانەی ئێستا کە لەنێو ساحەی سیاسی کوردستاندا حزوریان هەیە کە ئەو گۆڕانکاریانە ئەنجامبدەن و لەناوەڕۆکیشدا درێژە بەو سیاسەتە کۆنەی جارانیان بدەن کە بوەتە مایەی نیگەرانی لای هاوڵاتیان و هەروەها بوە بەهۆی دروست بونی فەراغێکی گەورە لەنێوان حیزب و بەشێکی زۆر لەهاوڵاتیاندا و هەروەها بون بەلەمپەر لەبەردەم پێشکەوتن و گەشەسەندنی کوردستان لەڕوی ئابوری سیاسی هتد.

  ئەگەر بێت و گۆڕانکاری لە ناوی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بەتەنها بۆ ئەوەبێت لەهەڵبژاردنەکانی داهاتودا دەنگی ئەو کەسانەش بەدەست بێنن کە بیرکردنەوەیەکی ئیسلامیانەیان نییە، ئەوا هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە کۆمەڵی دادگەری لەسەرەتایی دامەزراندنیەوە هەڵگری پاشگری "ئیسلامی" بووە و ئەمە لەزهنی خەڵکی کوردستاندا بەجۆرێک جێگیربووە ڕەنگە هەروا بەئاسانی نەتوانرێت فەرامۆش بکرێت، بەڵکو چەندین ساڵی دەوێت تا خەڵکی بتوانێت ئەم پاشگری ئیسلامیە لەفکر و خەیاڵیدا بسڕێتەوە.

 

  بەبڕوای من (کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان) دەبو لەبری گۆڕینی ناوی حیزب بۆ "کۆمەڵی دادگەریی" و لەبری گۆڕی ناوی (ئەمیر) ی کۆمەڵ بۆ "سەرۆک" دەبوو بەدرێژیی ئەم چەندان ساڵە کاری بۆ دروستکردنی کادیرێکی بەتواناو لێهاتوو بکردایە کەئێستا لە کۆنگرەی چواری ئەوحیزبەدا دەرفەتی گرتنە دەستی سەرۆکی کۆمەڵی هەبوایە و "ئەمێری پێشو سەرۆکی ئێستا" دەستی لەکاری سەرۆکایەتی بکشاندایەتەوە نەک ئەوەی ماوەی چەندان ساڵە ئەمیر و ئێستاش سەرۆکی کۆمەڵە، کە بەمەش کۆمەڵی دادگەری دەیتوانی ڕێچکە شکێنی کاری حیزبایەتی بوایە لەکوردستاندا ئەگەرچی بەرلە چەندساڵێک یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان ئەو هەنگاوە گرنگەی نا، بەڵام دواجار پاشگەز بویەوە و جارێکی دیکە مامۆستا سەڵاحەدین کرایەوە بەسکرتێری حیزب.

 

ئەم جۆرە لەمۆدێلی حیزبایەتی لەهەرێمی کوردستاند دەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت کە تا مردن هەر خاوەنی یەک سەرۆک و یەک سکرتێرن، گۆڕانکاریەکان ناگاتە سەرۆک و سکرتێر، بەڵکو تەنها لەنێو مەڵبەند و لق سەرکردایەتیەکاندا دەکرێت و سەرۆک هەر لەسەر عەرشەکەی دەمێنێتەوە.