کورد، بەر لەهاتن و دوای هاتنی پاپا فرانسیس

14/03/2021

سەردەشت محمد

سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدانەوەیەکی نێوخۆی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە و میدیا نێوخۆی و عێراقیەکانی بەتەواوی بە خۆیەوە سەرقاڵکردوە، بەتایبەت لەنێوخۆی کوردستاندا هەموان سەردانەکەی پاپا، بە ڕووداوێکی مێژووی گرنگ وەسف دەکەن و زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و سیاسیەکانی کورد و تەنانەت شەقامی کوردیش، وای بۆدەچن هاتنی پاپا بۆ کوردستان بایەخێکی گەورە و دیبلۆماسی هەیە.

  لەم چەند ڕۆژەدا زیاتر ئەو دێڕە بەرچاو و گوێمان دەکەوێت کە دەوترێت هاتنی پاپا فرانسیس، دەرفەتێکی گەورەیە بۆ نەتەوەیەکی وەکو کورد،کە لەڕێگەی ئەم سەردانەی پاپاوە زیاتر خۆی بەدونیایی دەرەوە بناسێنێت و کوردستان وەک شوێنی ئاشتی و پێکەوە ژیانی ئاینەکان پیشان بدرێت، هاتنەکەی پاپا، هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە بەدرێژایی مێژوو، کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی هەموئاینەکان بووە تەنها بۆ خودی هەڵگرانی ئاینی ئیسلام نەبێت، کەزۆرینەی ژمارەی دانیشتوانی کوردستان پێک دەهێنن.

ئەگەر تەماشایەکی ڕووداوە مێژویەکانی ناوچەکە بکەین ئەوەندەی ململانێی توند لەنێوان ئەوکەسانەدا ڕویداوە کە هەڵگری بیروباوەڕی ئیسلامی بون، نیوهێندە ململانێ لەنێوان مسوڵمانان و خاوەن بیروباوەڕەکانی دیکەدا ڕوینەداوە، سەردانەکەی پاپا بۆ کوردستان بەتەنها نابێتە پاڵنەرێکی گرنگ بۆ ناساندنی گەلی کورد، بەدونیایی دەرەوە، وەک گەلێک کە ڕێز لە کەمەنەتەوە و خاوەن بیروباوەڕەکانی دیکە کە لە کوردستاندا کەمینەن دەگرێت، بەڵکو بەرلەهاتنی پاپاش دەیان مێژونوس و گەڕیدە کە ڕویان کردۆتە کوردستان شایەتی ئەوەیانداوە کە بەڵێ کوردەکان میللەتێکی میوان دۆستن و ڕێز لە کەمەنەتوایەتیەکانی دیکە دەگرن.

بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە نەیان وتووە کوردەکان میللەتێکی یەکگرتون، بەڵکو بەپێچەوانە ناکۆکییە نێوخۆیەکانی نێوماڵی کوردیان بەهۆکاری دواکەوتویی ژێردەستەیش خودی کورد زانیووە هەمیشە کوردیان لە دوو بەرەی دژبەیەکدا بینیوە. کورد، گەلێکی هەژارە لەڕوی ئیدارەدان و پاراستنی خاکەکەیەوە، کەم ئەزمونە لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردن و دەربازبون لە قەیرانە نێوخۆیەکاندا، بەدرێژایی مێژوو چاوی لەدەستی هێزە دەرەکیەکان بووە بۆ هاوکاری و هەماهەنگ کردنی لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی گرفتێک یاخود مەترسییەک کە ڕوی لێ کردووە.

  هەر ئەم هەستی خۆ بەکەم بینین و بێم ئەزمونییەی وایکردووە بە هاتنی پاپایەک کە مەبەست و نیازی گەورەتر لەوەی کە ئێمە هەستی پێدەکەین لەپشت سەردانەکەیەوەتی بۆ عێراق و کوردستان، شاگەشکەبین و دواتر و پاش گەڕانەوەی تێبگەین و بڵێین بەڵێ سەردانەکەی پاپا هیچ گۆڕانکارییەکی نەهێنایە ئاراوە و نەتوانرا هاتنی پاپابکەین بەدەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانی کە کورد لە باشور و بگرە لەپارچەکانی دیکە تێی کەوتووە، ئەگەر تەماشایەکی پێکهاتەی دەسەڵات لە کوردستاندا بکەین دەگەین بەوڕاستییەی کە بەڵێ هەمو کەمەنەتوایەتی و هەڵگرانی بیروباوڕەکانی دیکە پێگەی سیاسی گەورەیان لەکوردستاندا هەیەو تاوەکو ئێستا ڕوبەڕوی هیچ گرفتێکی ئەوتۆ نەبونەتەوە کەمایەیی نیگەرانیبێت بۆیان، کەچی ئێمە لەنێوخۆی خۆماندا تا ئەوپەڕی ڕادەی نیگەرانی لەیەکدی نیگەرانین و هیچ هێزێکمان ئامادەنین دان بەوی دیکەماندا بنێین و هەمیشە لەبۆسەداین بۆیەکدی، بەو ئەندازەیەی کوردوستانمان کردووە بەزیندان بۆ خۆمان و بەهەشتیش بۆ کەمەنەتەوایەتی و خاوەن بیروباوەڕەکانی دیکە.