14/10/2020
شەوى 4 کۆنتێنەر ئۆتۆمبێل داخڵ بکرێت، مانگى 4 ملیۆن دۆلار دەکات
لە خاڵى سنورى پەروێزخان زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێل ڕاگیراوە.
کارى قاچاغچێتى لە خاڵە سنورییەکان بەردەوامە، ئەوەى هەیە بێدەنگى لێکراوە، زیاتر نەبێت کەمتر نەبوە! کارى قاچاغى بەجۆرێک فراوانبوە، لە بەرپرسانەوە ترازاوە بۆ خەڵکانى تر، شۆفێرى خێزانى بەرپرس هەیە دەستى داوەتە کارى قاچاغى و ئۆتۆمبێل داخلى هەرێمى کوردستان دەکات.
ئێستا لە خاڵى سنورى پەروێزخان زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێل دەستى بەسەردا گیراوە، کە ئۆتۆمبێلى نایاسایى و خوار مۆدێل 2018، چەندین جۆر ئۆتۆمبێلى گرانبەهاى تێدایە، دۆسیەکە دراوە بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى گومرگى هەرێم، چاودێرین لە ڕێگریکردن و لە داخڵکردنیان.
بۆ هێنان و داخلکردنى هەر ئۆتۆمبێلێک، لە خاڵى سنورى باشماخ و حاجى ئۆمەران، بڕى 6500 دۆلار وەردەگیرێت، 2000 دۆلارى بۆ بەرپرسى حزبى دەڕوات (( ئەگەر شەوى 4 کۆنتێنەر داخڵ بکرێت، مانگى 4 ملیۆن دۆلار دەکات، تەنیا لە یەک خاڵى سنورییەوە)). لە باشماخ بە ئاشکرا و لە حاجى ئۆمەران بە کۆنتێنەرى داخراو ئۆتۆمبێلى قاچاغ دەهێنرێتە ناو هەرێم.
ئەمانە داهاتى حکومەتى هەرێمن، لە برى ئەوەى بدرێت بە موچە و بخرێتە گیرفانى فەرمانبەران، دەچێتە گیرفانى حزب و بەرپرسانى حزبیەوە