04/09/2020
هاتنی ماکڕۆن بۆ بەغدا، ڕاکێشانی هێزەکانی کورد بۆ بەغدا، دورکەوتنەوەی سەرۆکی فەڕەنسا لەهەولێر، خۆی هەڵگری دەلالەتی ئەو ڕاستیە کە کورد لە پەیوەندیە دبلۆماسیەکاندا سەرکێشی زۆریان کردوە، بەهۆی ئەم سەرکشیەش شکستی خواردوە.
هەمیشە لەدانوستاندنەکاندا وەک هێزێکی تازە لەناوچەکەدا مامەڵەی کردوە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی جیهانی لەلایەک، لەلایەکێتریش وەک هێزێکی بچوک لەئاست وڵاتانی هەرێمی وەک تورکیا و ئێران خۆیان بچوک نواندوە.
ئەمەش وایکردوە، کورد توشی داڕمانی سیاسی بێت، ئەوەی ئێستا و لەسەردەستی ماکڕۆن و کێشکردنی سەرانی کورد بۆ بەغدا نیشانەی پێدانی وانەیەکە بۆ کورد، ئەگەر پابەند نەبن بەسیاسەتی وڵاتانی جیهانی زەرەر دەکەن.
یەکەمیان: چونی سەرانی کورد بۆ بەغدا و نەهاتنی وەفدی فەڕەنسا بۆ هەولێر ئاماژەیەکی ڕونە بۆ پەیوەندی وڵاتان بە عێراق و بەهێز کردنی عێراقە لەناوچەکەدا ئەمەش وادەکات سەروەری خاکی عێراق لەوەزیاتر پێشێل نەکرێت، لەدوای گەیشتنی ماکرۆن بۆ بەغدا پابەندی بە پاراستنی سەروەری عێراق ڕاگەیاند، مەش وادەکات چیتر لە پێناوی کورد بەغدا لاواز نەکەن، ئەگەر تا ئەمڕۆ بەغدا لە پێناو هەولێر لاواز کرابێ، لەمڕۆ بەدواوە بەغدا بەهێز دەکرێ لەپێناو پاراستنی سەروەری عێراق، چونکە ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بەعێراق دەکرێ بەهۆی گشتگیری سیاسەتی دەوڵەتان نەبوە بۆ بەغدا.
دووەم: کێش کردنی سەرانی کورد بۆ بەغدا پەیامێکی دولایەنەی تێدایە بۆ کرد، لەلایەک بەکورد دەڵێ دەبێ پابەندی بەغدابن، لەلایەکتر بەکوردی وت چیتر تورکیا ئەو پێگەیەی نەماوە، ئەگەر دەتانەوێ خۆتان قورتاربکەن و پەیوەندی دبلۆماسی بەهێزتان دەوێ دەبێت رووبکەنە بەغدا و لە ئەنقەرە دورکەونەوە.
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ماکڕۆن لە پەیامێکدا وتی: (تورکیا گوێ لە قسە ناگرێ پێویستی بە کردارە. منیش ئەوە جێ بەجێ دەکەم). ئەم پەیامە بۆ کورد زۆر ڕوونە، لەکاتێکدا لەماوەی چەندساڵی ڕابردوو سەرۆکی ئێستای هەرێم بەهۆی چەندین قەیرانەوە ئامادە نەبو ڕوو لە بەغدا بکات، هەتا ئامادەنەبو سازش بۆ یەک بەرمیل نەوت بکات بۆ بەغدا، لەپێناو دەستەبەر کردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاونیشتمانیانی، لەبەر گرێبەستی پەنجا ساڵە.
ئەمە فەرمانبەران و خەڵکی هەرێم توشی قەیرانێکی قوڵی دارایی کردوە.
بەڵام ئەمڕۆ بە هۆی جدیەتی کرداری ماکڕۆن ڕوی لەبەغدا کردو پاپەندی بە عێراقەوە ڕاگەیاند، ئەمە خۆی دەلالەتە لەسەر ئەوەی ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ بەغدا دواجار باجەکان قورسن.
کوردیش لەم پەیامە تێگەیشتوە کە تورکیا لەسیستەمی نێودەوڵەتی جیهانی دەرچوە، سنوردار دەکرێ.
ماکڕۆن لەپەیامەکەیدا هەموانی گەیاندە بەغدا، چاوەڕوانین بزانین لەچەند ڕۆژی داهاتودا تورکیا چ پەیامێک بۆ کورد و هەولێر دەنێرێ.
ئایا ئەو وەفدەی کورد پەیامی تورکیا پێ بوە بۆ ماکڕۆن؟ یان تورکیا کاردانەوەی خۆی بۆ هەولێر دەبێت؟