19/05/2020
زۆر کەمن ئەو ڕێبەرانەی لەناو گەلێکی چەوساوەدا دەردەکەون، ماوەیەکی درێژ بمێنەوە و درێژە بەخەبات بدەن و نەکەون و لەبەردەم دوژمندا وەک چیا بۆ پارێزگاری لەگەلەکەیدا بمێنێتەوە، نەوشیروان مستەفا بەیەکێک لەو ڕێبەرە مەزنانە دادەنرێت کە هەرگیز بۆ دوژمنانی گەلەکەی چۆکی دانەداوە، بەڵکو هەمیشە بێترس و سڵەمینەوە بەرگری لەگەلەکەی کردوە، لەتەواوی کوردستان هەمیشە کوردانی لەهەرچوار پارچەدا وەک ڕۆڵەی یەکپارچە بینیوە، کوردستانیشی بۆ هەموان وەک یەک بینیوە، هەرگیزیش بەهیچ کوردێکی پارچەیەکی تری نەوتوە ئەم پارچەیە موڵکی تۆنییە، لێرە بڕۆ، بەڵکو هەمیشە هەموپارچەکانی وەک یەک بەشی کوردستان بینیوە بۆ هاونەتەوەکانی خۆی.
هەروەها د.محمود عوسمان سەبارەت بە ئازایەتی نەوشیروان مستەفا لەکاتی گفتوگۆ کردن لەکاتی نوسینەوەی دەستوری عێراقدا دەڵێت(( ئێمە لەبەغدا لەمەجلیس حوکم بەیەکەوە بوین، مام جەلال ئەندا بو، کاک نەوشیروان جێگری مام جەلال بو، زۆرجار مام جەلال لەوێ نەبو، کاک نەوشیروان ئامادە دەبو، زۆر بەڕاشکاوی بۆ چونی خۆی دەدا، لەکەس نەدەترسا، لەگەڵ بریمەر و شیعەکان و لایەنەکانی تر بۆچونی زۆرباش بو، ئەو پێدەگری دەکرد لەسەر مافی چارەنوسی گەلی کورد وەک نەتەوە.)) هەمو ئەم هەوڵانەی نەوشیروان مستەفا دەرخەری ئەو ڕاستییە کە هەرگیز قبوڵی هیچ سازشێک نەبوە، بۆ ئەوەی نەتەوەکەی بخاتە گێژاوێکی گەورەوە کە ئەستەمبێت دەرچێت، وەک د. محمود ئاماژەی داوە بۆمان هێز و لاینەسیاسیەکان لەبەرامبەر مافی چارەی خۆنوسین چەندین ساڵ لەدوای بیر و فکری نەوشیروانەوەن بەوەی دوای چەندین ساڵ دێن ریفراندۆمێکی شکست خواردو دەکەن و نیوەی کوردستان لە شەوڕۆژێکدا دەدۆڕێنن.
نەوشیروان مستەفا، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بکات و نەهێڵێت بەئاسانی بکەوێتەوە دەست عەرەب و شوناسی کوردبونی بۆ هەتاهەتایە هەرپێوەبێت، ڕێگا گرێت لەوەی زیاتر دەست بەسەر خاکی کوردستاندا بگیرێ لەلایەن عەرەبی هاوردەوە، نەوشیروان مستەفا چەند جارێک بۆ ئەم مەبەستە سەردانی سەری ڕەش دەکات بۆلای بارزانی، کەلەلایەن نەیارەکانییەوە بە تەنەزولکردن دادەنرا، وەک خاڵێکی لاواز دەبینرا، بەڵام کەس باس لەوهەوڵانەی نەوشیروان مستەفا وەک ڕێبەرێکی خەمخۆر بۆ نەتەوەو نیشتمان شی نەکردەوە، بەشێوەیەکی ڕون ئەو هەڵوێسته مەردانەیەی ئەم ڕێبەرە ئاشکرا نەکرا بۆخەڵک، لێردا لەزاری مامۆستا ئەبوبەکر هەڵەدەنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئەم شکۆمەند و خەمخۆری ئەم ڕێبەرتان بۆ دەخەینەڕو، ئەبو بەکر هەڵەدەنی دەڵێ:(( سەردانی کردنی کاک نەوشیروان مستەفا بۆ کاک مسعود لە سەری ڕەش بۆ دوو پرسی گرنگ بوو.
یەکەمیان/ پرسی بەنیشتمانی کردنی هێزی پێشمەرگە، ئەو سەرژمێری کردبو، چەند کۆلێژی پۆلیسمان هەیە، ساڵانە چەند ئەفسەر دەردەچن، ئەمانە لەگەڵ وتەی خۆی کە ساڵانە ۸۰ هەزار گەنجی کورد دەبنە ۱۸ساڵی، ئێمە دەتوانین لەمانە کرۆکی سوپایەکی نیشتمانی پێکبێنین. لەبری ئەو هێزە حیزبییەی ئێستا.
دووەمیان/ پرسی ناوچە دابڕاوەکان بوو، ئەو ڕای وابوو لە جەلەولا و خانەقین تاکو شەنگال بێین کۆمەڵگای درووست بکەین، لەهەر چەند کیلۆمەترێک کۆمەڵگایەک دروستبکرێ، کۆمەڵە خەڵکێکی بۆ ببەین، خەڵکی ناوچە دابڕێندراوەکان و کوردی پارچەکانی تری کوردستان، ئیتر لەوێدا ئەوان ئاسایش و فەرمانبەربن، ئەو کۆمەڵگایە هەمو خزمەتگوزاریەکانی تێدابێ، لە مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانە.....هتد، هەتاهەتایە تۆ ئەم ناوچانە دەپارێزی و بێ ئەوەی جارێکیتر بکەوێتەوە دەست حکومەتی عێراقی، وەک خۆی گوتەنی هەرسەرچاوی بۆکراو وەڵامی پڕۆژەکەی نەدرایەوە. ))
بیرکردنەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەم جۆرە حکومڕانییە، دروست کردنی کۆمەڵگای نیشتەجێبون، لەلایەک ناوچەکانی کوردستانی دەپاراست لە تەعریبکردن و ژمارەی کوردی لەم ناوچەیە زیاد دەکرد و دەیخستەوە سەر هەرێمی کوردستان و تێکەڵاوی لەنێوان کوردانی پارچەکانی تری کوردستان دروست دەبو، هەروەها واشی دەکرد کە کوردستان موڵکی هەموتاکێکی کوردە، لەلایەکیتر هەرێمی کوردستانی لە مەترسیەکانی حکومەتی عێراقی دەپاراست.
ئەوەی جێگای تێڕامان و سەرنجە لەسەر ئەم ڕێبەرە هەرگیز لەپشتەوە قسەیەکی نەکردوە و لەبەرامبەری قسەیەکیتر، بەڵکو هەمیشە ئەو قسەیەی لەناخی دابوە بە بەرامبەری وتوە، نەشترساوە بەرامبەری کاردانەوەی چۆن دەبێت، یەکێک لەو هەڵوێستانەی نەوشیروان مستەفا، وەک مامۆستا عبداللە حسن زادە بۆمان باس دەکات و دەڵێت: (( نازانم بیستوتانە یان نا، ئەو ئازایی و ئازادییەی لەکاک نەوشیرواندا هەبو، جارێک لە کرماشان دەبێ، دیداری دەبێت لەگەڵ مقاماتی ئێرانی، لەزمنی باسەکان لێی دەپرسن دەڵێن؛ ئێوە ناترسن ئێمە معامەلەتان لەسەر بکەین، کاک نەوشیروانیش دەڵێ معامەلەی چی؟ دەڵێن مەسەلەن ئێمە ئێوە بدەینەوە بەسدام و سەدامیش مجاهیدین بداتەوە بەئێمە، کاک نەوشیروانیش دەڵێت: سەدام حسین بێ ئەخلاقی واناکات، خۆدوژمنی سەدام حسین بو، کەس تۆمەتی ئەوەی لێنەدەدا، کەدوژمنی نییە، بەڵام دەیهەوێ بە ئەوان بڵێ ئهگهر كارى وا بكهن ئهوە نا ئەخلاقییه)).
ئەگەر قسەی مامۆستا عبداللە لەسەر کاک نەوشیروان، جوانتر ڕونی بکەینەوە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی کە نەوشیروان مستەفا هەرگیز ئازادی خۆی نەداوەتە دەست دوژمن و بەلەرزۆکی مامەڵە بکات، لەکاتێکدا ویستویانە لە کاتی گفتوگۆکاندا لەڕێگای ئەم قسەیەوە سازش بەم ڕێبەرە مەزنەیە بکەن، بەڵام لەڕێگای ئەوەی کە ئێمە هاتوین گفتوگۆ بکەین بەڵام ئەو بێئەخلاقیەش لە دووژمنمان دەبینین کە لەهەرساتێکدا لەکاتی دانوساندا دەتوانن مامەڵەمان پێوەبکەن، بەڵام لەوێ ئازایانە ڕوبەڕویان دەبێتەوە. ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیە لەکەم ڕێبەری کوردا ئەوە بەدی دەکرێت.
هەریەکێک بەئەندازەی ڕوبعێکی ئەم ڕێبەرە بیری لە نیشتمان کردباوە، تەنها بۆ جارێک بەرژەوەندی خودی و حیزبیان فەرامۆشکردبا لەپێناو بەرژەوەندی گەل و نیشتمان، ئێستا خەڵکی کوردستان برسی و ڕەزیل نەدەبو، چاویان لەدەستی عەرەبێک و نەوتی خەڵکی بەسڕا نەدەبو بۆ موچە، لەکاتێکدا کەس نازانێ داهاتی ئەم هەرێمە لەکوێیە.
ئەم چەند پرسانەی سەرەوە هەڵوێستی ڕێبەرێکی ناوازەی گەلێکە، لەپێناوی گەل و نەتەوەکەیدا کردونی، لەپێناوی ئەوەی تاکی کورد ئازادبێت و لەنیشتماندا بە ئازای بژی.
بنەمای شۆڕشی ڕاستەقینە تەنها لە کەسایەتی نەوشیرواندا بەڕونی بەدیدەکرێ، کە دونیانەویستی بۆ خۆی و شکۆ و کەرامەت بۆ تاکی کورد و سەربەخۆی بۆ نیشتمانی کوردانی دەویست.
ئامانج هەرتەلی
۱۸ی ئایاری ۲۰۲۰