02/07/2019
لەم ناوچەیەی پێیدەوترێت کوردستان، ڕۆژ نیە کەڵەمێردێک یا شێرە ژنێک یا گەنجێکی خوێن شیرن یا گوڵە کچێک یا منداڵێک بەدەستی داگیرکەرانی کوردستان شەهید نەکرێ یا لە سێدارە نەدرێت و یا نەخرێتە سووچی زیندانەوە، تەنها تاوانی سەرەکیان کوردبوونە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەم وڵاتە دەگوزەرێ شەڕی ڕیشە کێش کردنی تاک بەتاکی کوردە. جا لەڕێگای کوشتنەوە بێت یاخود لەڕێگای تری وەک بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر و ناردنی مەوادی ژەهراوی و کوالێتی خراپ و بەسەرچوو لە خۆراک و دەرمان.
چەند ڕۆژێکە بەچڕی لەم هەرێمەی ئێمە خوێنی لێدەچۆڕێ، تورکیا بەچڕی لەتەواوی کوردسستان دەستی داوەتە کۆمەڵکوژی گەلی کورد، بەبیانوی گەریلاکان، بەهیچ شێوەیەک دەست ناپارێزێت لەهاوڵاتی مەدەنی و ژن و منداڵ، لەماوەی چەندڕۆژی ڕابردوو لەناوچەکانی برادۆست و کورتەک چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار کردوە، گەورەترین کارەساتیش کۆمەڵکوژی بنەماڵەیەک بوو لە لۆفەکانی کورتەک لە ئێوارەی ۲۷ حوزەران.
ئەم کۆمەڵکوژیە بەرەنجامی ئەو هەستە فاشیستەی تورک و دەستەڵات دارانی تورکە بەرامبەر بە گەلی کورد، ڕەگەزی تورک بەهەموو توێژەکانی لە ئەوپەڕی ڕۆشنبیریەوە بۆ ئەو پەڕی نەخوێندەواری، لە ئەوپەڕی ڕەگەز پەرست و عەلمانی و چەپیەوە، بۆ ئەوپەڕی ئیسلامی و لیبڕالیەوە، هەموویان دووژمنی سەرسەختی نەتەوەی کوردن، لەکوێ کوردێک هەبێت لەوێ هەوڵی لەناوبردنی کورد دەدەن. مەگەر هەندێک کەسی تاک تاکی تیادابێت و مرۆڤ دۆست بێت و داکۆکی جارووبار لەنەتەوەی کورد بکات ئەویش بەترسەوە.
ئەم کۆمەڵکوژیە سەڕای هەستی فاشیەتی تورک بەرامبەر بەگەلەکەمان دەردەخات، بەڵام بێدەنگی گەلی کوردیش بە کۆی گشتی هێزەکانەوە، دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان خەڵکێکی بێ خاوەنە و بەرپرسەکانی لەئاست ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەدا بێ هەڵوێست نابەرپرسن. ئەگەر ڕۆحی بەرپرسیاریەتی هەبێت، دەبێت ڕۆڵی گەورە بگێڕدرێت بۆ وەستاندنی سووپای داگیرکەر و هێرشی ناڕەوا بۆ سەر خەڵکی ئاسای و کاسبکار. ئەگەر ڕۆڵ هەبێت بۆ پاراستنی نەتەوەو خاک، بەهیچ جۆرێک تورکی فاشیست ناتوانێ ئێستا لەناوچەکانی خواکوڕک و سیدەکان خەریکی مشتووماڵ کردنی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمانبێت.
بەڵام بەداخەوە گیانی بەرپرسیاریەتی لەگۆڕێدانیە، ئەوەی هەیە پاراستنی بەرژەوەندیەکانیانە، ئەم بەرژەوەندیانەش هێندە لەگەڵ دەوڵەتانی دووژمن تێکەڵ بوونە ئەستەم دەتوانرێ وا بەئاسانی لەیەکتری جیابکرێنەوە، بۆیە لەئێستادا ئەوەی هەیە لەم هەرێمە حکومەت نیە، بەڵکوو کۆمپانیایەکە بۆ کۆکردنەوەی داهات و لێسەندن لەم خەڵکە و ڕووتکردنەوەی،
ئەوەی بەرپرسانی ئەم هەرێمە، کەتیایدا خۆیان لە ئاستیدا بەبەرپرس دەزانن داهاتی ئەم هەرێمەیە کە شەو ڕۆژ خەریکی بردنینی، چۆڕێ نەوتی ئەم هەرێمە بۆ بەرپرسانی سەری هەموو تاکێکی کوردێنێ و بەنیوەی نرخیش دەیدەنەوە دەستی ئەم دەوڵەتەی دوێنێ و پێرێ و هەمووساتێ دەمانکوژێ، ئاخر ئەوانە کوا بەرپرس و خاوەنی ئەم وڵاتەن، ئەوانە بەرپرسی تاڵانکارین.
ئەگەر بەرپرسیاریەتی بەم شێوەیەبێت و هەموو ڕۆژێ لێرەو لەوێ ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە شەهید بکرێن لافاوی خوێن بمانبات و کەس نوزەی لێوەنەیەت، ئەوا هەموو کەسێک دەتوانی حکومەت بەرێوەببات، بەڵام ئەوەی بەرپرسانی ئەم هەرێمە لێی دەترسن ئەوەیە. نەوەک بکەونە بەر نەفرەتی(ئۆردۆغان) و توڕەبێت پارەکانیان بلۆک بکات، یاخود لایەنەکانی تر ڕێگەی گەشت و سیحەتیان لێ قەدەغەبکرێ بۆدەرەوە.
ئاخر ڕەوایەتی ئێوە و زەعەمەتتان چیە؟ لەکوێیە؟ کاتێک بەبەرچاوی خۆتەوە هاونیشتمانیت شەهید بکرێ، ئەم کارەیە دەمانخاتە گومانەوە کە ئێوە بەڕاستی خاوەنی پڕۆژەی شۆڕش نەبوونە قەت، مرۆڤی شۆڕشگێڕ شۆڕش دەکات بۆ ئەوەی نەتەوەکەی بپارێزێت نەوەک نەتەوەکەی ڕادەستی دووژمن بکات و کۆمەڵ کوژ بکرێت خوێن بمانبات.
ئەم مێژووەی ئێمە کە پڕیەتی لەشۆڕش، ئەوەندەی شۆڕش گێڕ و کورد پەروەرەکان لەدوایەکتری بونە و کوڕی خەڵکیان داوە بەکوشت لەسەر خۆ بەگەورە گری، یەکگرتوو بوونایە ئێستا کورد لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی قورسای و بڕیاری تایبەت دەبوو، بەڵام بەداخەوە زۆربەی هێزەکان بەقسەی دووژمنانی کورد هەرخەریکی کوشتنی یەکتری بوونە.
لەئێوارەی ڕۆژی ۲۷ی حوزەیران ئەگەر سەرانی کورد خاوەنی هەستی نەتەوەی بونایە دەبوایە کونسوڵگەری و تەواوی کۆمپانیانی تورک لەلای حکومەتی هەرێمەوە ئاگادار بکرابانەوە کە کوردستان بەجێ بهێڵن، نەک ئەوەنەکرا بەڵکو نیوەی ئەم هەرێمەش ڕادەستی جندرمەی تورک کراوە، لەهەمووشی خراپتر حکومەتی هەرێم شین بۆ سعودیە دەکات کە فڕۆکەخانەکەی بۆردوومان کراوە، من گومان دەبەم ڕەنگە بەرپرسانی ئەم هەرێمە سەهمیان هەبێت لەم فرۆکەخانە و خەریکی بازرگانی گەورەبن، بۆیە بەم ڕووباری خوێنە قەڵس نابن و شۆک دایان ناگرێت، بەڵکو بەفڕۆکە خانەی سعودی تووشی شۆک دەبن. لەولاشەوە خەریکە خوێن هەموومان دەبات، بەوانەشەوە کە پێش ئەم دەوڵەتە فاشیستە کەوتون.