20/08/2020
بەر لە هاتنی ئیسلام عەرەبەكان بەرووداوەكاندا ساڵ و بەرواریان دەستنیشانكردووە؛ ساڵی فیل، شەڕی بەسوس و ماجەرای زیقار ...هتد، بەڵام لەسەردەمی عومەری خەتابدا و دروست لە ساڵی 17 كۆچی، بیرۆكەی دانانی ساڵنامەیەكی ئیسلامی چەكەرەی كرد و چووە بواری جێبەجێكردنەوە كە دواتر بە رۆژژمێری كۆچی ناوی دەركرد.
گێڕانەوەی جیاجیا هەن لەبارەی پاڵنەری دانانی ساڵنامەی كۆچی، هەندێك دەڵێن پێشنیاری عەرەبی باشور بووە لە یەمەن بەوپێیەی شارستانیتر بوون، هەشن دەیگێڕنەوە بۆ پێشنیازی ئەبو موسای ئەشعەری كە والی بووە و سكاڵای كردووە:
نوسراوی جیاجیامان بۆ دێ نازانین كار بەكامیان بكەین و كامیان كۆنە و كامیان نوێ، چونكە بەروارێكی لەسەر نییە، لای خۆشیانەوە سەخاوی و بەیرونی، باسیان لەوە كردووە پێشنیارەكە هەر لە بنەڕەتەوە هی خەلیفەی دووەم خۆی بووە بۆ رێككردنەوەی كاروباری كارگێڕی بەتایبەت كە ئەو خەریكی دروستكردنی دیوانەكان و دامەزراندنی پایەكانی دەوڵەتداری بووە.
پاش ساغبوونەوە لەسەر دانانی ساڵنامەی ئیسلامی، پێشنیاری جۆراوجۆر كراون بۆ دیاریكردنی سەرەتای رۆژژمێرەكە؛ ساڵی لەدایكبونی پێغەمبەر؛ ساڵی فیل (571 زاینی)، ساڵی پێغەمبەرایەتی و دابەزینی وەحی، ساڵی ژیانئاوایی پێغەمبەر (د.خ)، بەڵام یەكەم و دووەم وادە و كاتەكەیان بەدروستی روون نەبوون، سێیەمەش هەڵگری یادەوەرییەكی ناخۆشە كە مەرگ و ماڵئاوایی یەكجاریی پێغەمبەری ئیسلامە و بۆ بۆنەیەك شیاو نییە كە هێمای نوێبوونەوەیە، سەرەنجام ساڵی كۆچ لە مەككەوە بۆ مەدینە پەسەندكراوە كە وادەكەی لە یادەوەری بەشی زۆری بەشدارەكانیدا تۆماربووە، جگە لەوەش كۆچ خۆی بۆخۆی وێستگەیەكی جومگەیی گرنگ بووە لە پەرەسەندنی ئیسلام و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ.
لەبارەی دیاریكردنی مانگی یەكەمی ساڵنامەكەشەوە، هەندێك وتویانە با لە رەمەزانەوە ئەژمار بكرێت، عەبدولرەحمانی كوڕی عەوف مانگی رەجەب ـ ی پێشنیاركردووە بەو پێیەی سەرەتای مانگە قەدەغەكراوە عەرەبییەكانە (الأشهر الحرم)، بەڵام عەلی كوڕی ئەبوتالیب و عوسمانی كوڕی عەفان موحەڕەم ـ یان بەلاوە پەسەند بووە، بەوپێیەی مانگی گەیشتنەوەی حاجیانە بە وڵات و زێدی خۆیان لەپاش بەجێهێنانی فەرزی حەج لەمەككە.
لەرووی مێژووییشەوە پەیمانی عەقەبە كە رێككەوتنی پێغەمبەر (د.خ) و هەردوو هۆزی ئەوس و خەزرەجە و رێگەی خۆشكرد بۆ كۆچ هەر لەمانگی حاجیاندا بووە، لەپاش ئەوەش پێغەمبەر (د.خ) نیازی كردووە بڕوات بەرەو "یثرب" كە دواتر بوو بە مەدینە، یەكەم مانگیش لەپاش ئەم پەیمان و رێككەوتنە هەڵهاتبێت موحەڕەم بووە، ئەگینا بەپێی گێڕانەوە و سەرچاوە مێژوییە باوەكان، خودی كۆچی پێغەمبەر (د.خ) كە 8 رۆژ كات و بڕینی 380 كم رێگای پێچووە، لەرووی مێژوییەوە لە مانگی رەبیعی یەكەمدا رویداوە و لە مانگی موحەڕەمدا نەبووە كە ئەمڕۆ یەكەم رۆژییەتی.