هەڕەشەیەك بۆ حەلبوسی بە مۆری كەتیبەكانی حیزبوڵڵا

08/06/2019

یاسین تەها

لە گەرمەی ناكۆكییە ئیقلیمییەكانی بەرەكانی ئەمەریكا و ئێراندا گروپێكی چەكدار رێگەیان بە ئۆتۆمبێلی سكرتێری تایبەتی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق محەمەد حەلبوسی گرت و نامەیەكی داخراویان ڕادەست كرد. نامەكە كۆتایی مانگی ئایار (2019) ئاشكرا كراوە و تا ئێستا دەقەكەی بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام بە قسەی سەباح كەربولی ڕاوێژكاری حەلبوسی هەڕەشەی تیابووە سەبارەت بە هەندێك هەڵوێستی سیاسی ناوبراو كە پەیوەندی بە گرژییە ئیقلیمییەكانەوە ەەیە (1). 
ناوەندە سیاسییەكان ئەم نامەیە بە پێشهاتێكی مەترسیدار دەدەنە قەڵەم بەوپێیەی حەلبوسی نوێنەرایەتی دەسەڵاتی یاسادانان و یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی سەرۆكایەتییەكانی عێراق دەكات كە سەروەری وڵاتی عێراق بەرجەستە دەكەن، كەچی ئێستا لەلایەن گروپێكی چەكدارەوە لەژێر هەڕەشەدایە و بەپێی ەەواڵی ئاژانس و میدیاكانیش لەوانەش "ارم نیوز" ی ئیماراتی حەلبوسی هەڕەشەكەی بەجددی وەرگرتووە و پاسەوانی ماڵ و ئۆفیسەكەی خۆی قایم كردووە.

هەرچەندە ناوبانگ و قەبارەی ئەم گروپە لە عێراق زۆر گەورە نییە وەك عەسایب و رێكخراوی بەدر بە نمونە، بەڵام پێشتر رۆڵێكی سەرەكییان بینیوە لە كەیسی بارمتە قەتەرییەكانی عێراق

بە قسەی كەسە نزیكەكانی حەلبوسی بۆ میدیاكان لەوانەش "ڕادیۆ سەوا" نامەكە مۆر و ئیمزای كەتیبەكانی حیزبوڵڵای پێوەیە كە یەكێكە لە گروپە چەكدارەكانی شیعەی هەواداری ئێران. هەرچەندە ناوبانگ و قەبارەی ئەم گروپە لە عێراق زۆر گەورە نییە وەك عەسایب و رێكخراوی بەدر بە نمونە، بەڵام پێشتر رۆڵێكی سەرەكییان بینیوە لە كەیسی بارمتە قەتەرییەكانی عێراق كە ژمارەیان 25 كەس بوو (نیسانی 2017)، ئەو بارمتانە كە هەندێكیان لە بنەماڵەی حوكمڕانی دۆحە بوون (الپانی) بە مەبەستی ڕاوی باڵندەی دەگمەن هاتبوونەباشوری عێراق، بەڵام بەخێرایی دەستگیركران و پاشان لە سەفقەیەكی هاوبەشی قەتەر و حیزبوڵڵای لوبنان و كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق بەرانبەر دەوروبەری یەك ملیار دۆلار ئازادكران (2).
 ئەم سەفقەیە كە تا ئێستاش هەندێك لایەنی نا ڕوونە جگە لە ملیارێك دۆلار كە دواتر لە نێوان حیزبوڵڵا و كەتائیب و نێوانگرە ئێرانییەكاندا بەشكرا، ئەوەشی لەخۆ گرتبوو كە  حیزبوڵڵا و بەرەی نوسرەی نزیك لە قەتەر دانیشتوانی چوار شاری شیعە و سوننە لە سوریا جێگۆڕكێ پێ بكەن، لەگەڵ زۆر وردەكاری تر (3) كە رۆڵ و ئەركی حیزبوڵڵا و ڤێرژنە عێراقییەكەی ئاشكرا دەكات كە ئێستا هەڕەشەیان كردووە لە سەرۆكی پەرلەمان. 

دروشم و ئامانجەكانی حیزبوڵڵای عێراق وێنەیەكی كتومتن لەوانەی حیزبووڵڵای لوبنان، تەنانەت ڕەنگ و لۆگۆی ئاڵاكەشیان لێكچوونی زۆر لە نێوانیاندا هەیە

كەتیبەكانی حیزبوڵڵا بە رواڵەت لەسەر دەستەی حەشدی شەعبی حسابن و دەچنە چوارچێوەی گروپە چەكدارەكانەوە، بەڵام مێژووی دامەزرانی ئەم باڵە عێراقییە پەیوەست نییە  بەفەتوای ”جیهادی كیفائی“ سیستانییەوە كە لە ەاوینی 2014 دا بووە بناغەی دامەزراندنی حەشدی شەعبی عێراق، بەڵكو كەتائیبی حیزبوڵڵا لە پاش 2003 لەژێر دروشمی بەرهەڵستكاریی داگیركاریی ئەمەریكا دامەزراوە، ئەوكاتیش ئەم ناونیشانە لە ناوەندە ئایینی و عەشایەرییە داخراوەكانی عێراقدا برەوەی زۆری هەبوو (4). بەڵام ئەم رێكخراوە چالاكییەكی ئەوتۆی لە سەرەتای دامەزراندنیدا نەبووە و لە ساڵی 2007 لە شاری عەممارە پاشان ناسرییە و دواتر سەماوە كەوتۆتە چالاكی كە سێ پارێزگای هەژارنشینی عێراق و زۆربەی چالاكیەكانیشی بەرەنگاریی ئەمەریكییەكان بووە بەر لەوەی لە 2011 بەشی ەەرەزۆری سوپاكەیان ببەنەدەرەوەی عێراقەوە (5).  

كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق، لە عێراقدا چەند شتێكیان كردۆتەئامانجی بنەڕەتی خۆیان، كە زیاتر گرنگیدان و پەرەدانە بە تیۆری موقاوەمە بە ستایلە ئێرانییە شیعییەكەی

دروشم و ئامانجەكانی  كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق كە ئێستا بەهۆی هەڕەشەكەی حەلبوسییەوە بوونەتە جێگەی باس وێنەیەكی كتومتن لەوانەی حیزبووڵڵای لوبنان، تەنانەت ڕەنگ و لۆگۆی ئاڵاكەشیان لێكچوونی زۆر لە نێوانیاندا هەیە، هەردوولاشیان مەسەلەی كوژرانی ئیمام حوسێن و مەرگەساتەكانی تری شیعە بەكاردەهێنن وەك كوانوویەك بۆ جۆشدانی كۆیادەوەریی شیعەكان و كۆكردنەوەیان لە دەوری ئامانجەكانی خۆیان (6)، بۆچوونێكی زاڵیش هەیە پێیوایە سەركردەی جۆكەر و تیرۆركراوی حیزبوڵڵا عیماد موغنییە ( 2008 بەتەقینەوە لەناو سوریا كوژرا)، سەرپەرشتاری ئەم گروپە بووبێت لە چوارچێوەی گروپە عێراقییەكانی پەیوەست بە هێڵی ویلایەتی فەقیەی ئێرانی كە لە تارانەوە تا باشوری لوبنان بڵاون (7)، بەڵام كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عیراق لە بڵاوكراوەكانی خۆیاندا بە هیچ جۆرێك باس لە هەبوونی پەیوەندی ئۆرگانی و تەنانەت نا فەرمیش لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان ناكەن بۆ ئەوەی دووچاری لێپێچینەوە یان ئیحراجی نەبنەوە، بەڵام بێ پێچ و پەنا باسیان لەوە كردووە كە ئەمان وەك ”پێكهاتەیەكی جیهادیی سەر بە موقاوەمە“ ویلایەتی فەقیەی ئێرانی بە شایستەترین رێگا دەزانن بۆ گەیشتن بە حاكمیەتی ئیسلام،  پێشیانوایە ئێران نمونەیەكی نۆبەرەیە لە دەوڵەتی دادگەری خودایی (8)، ئەمەش هەمان بیروباوەڕی حیزبوڵڵایە كە ئەزموونی ئێرانی بەسەرچاوەی ئیلهامی خۆی دەزانێت و زۆر جار حەسەن نەسڕوڵڵا شانازی بە وەلی فەقیەەوە دەكات و جارێكیش لە دیداری جالییەی ئێرانیدا لەبەیروت وتبووی سیستمی ویلایەتی فەقیە لە سەروو دەستوری لوبنانەوەیە (9). 

مۆدێلی كاری حیزبوڵڵای لوبنان كە هەندێك سەركەوتنی  لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستهێناوە، بووەتە سەرچاوەی ئیلهامی چەندین گروپیتری شیعەیە لە عێراق كە ئەگەر بە شێوەیەكی ئۆرگانیش پەیوەندییان بەم رێكخراوەوە نەبێت، ئەوە هەوڵدەدەن نمونەی كاری ئەو كۆپی بكەنەوە، دیارترین ئەو گروپانەش كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراقییە. 

كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق، لە عێراقدا چەند شتێكیان كردۆتەئامانجی بنەڕەتی خۆیان، كە زیاتر گرنگیدان و پەرەدانە بە تیۆری موقاوەمە بە ستایلە ئێرانییە شیعییەكەی، بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا، پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دروستكردنی زۆرینەیەكی سیاسی لە بەغدا، بەڵام بە میكانیزمی دیموكراسی (10) ئەمەش جۆرێك نا ڕۆشن و ئاڵۆزە بۆ كارنامەی گروپێكی جیهادی و چەكداری ئایدۆلۆژی وەك حیزبوڵڵا. هەر لەم سۆنگەیەشەوە بەشی هەرە گەورەی گوتاری كەتیبەكانی حیزبوڵڵا تەرخان كراوە بۆ دژایەتی ئەمەریكییەكان و گەورەترین شانازی ئەم گروپە چەكدارەش بەشداریكردنیانە لە شەڕی سوریا وەك ئەركێكی مەزەەبی لە دەرەوەی عێراق و ئێستاش كە شەڕی سوریا ڕووی لە كزی كردووە لە عێراق چالاكییە دژە ئەمەریكاییەكانی خۆیان پەرە پێ دەدەن.

كەتیبەكانی حیزبوڵڵا، شەرعیەتی یاسایی و سەرچاوەی داراییان لە عێراقەوە دابین دەكرێت، لە كۆی 7000 هەزار چەكدار 2500 چەكداریان خراونەتە سەر حەشدی شەعبی

كەتیبەكانی حیزبوڵڵا هەموو دەرفەتەكان دەقۆزنەوە بۆ راگەیاندنی دژایەتی خۆیان بۆ هەموو چەشنە بڵاوبوونەوەیەكی سوپای ئەمەریكا لە عێراق، لەژێر هەر ناونیشان و بە هەر پاساوێك بێت چ یارمەتیدان یان مەشقكردن بێت دژی مەترسی داعش، بەو پێیەی هێزێكی داگیركارە و رێگرە لە بەرقەراربوونی ئۆقرەیی لە عێراقدا و پێیانوایەبەریەككەوتنی ئەوان و ئەمەریكییەكان حەتمییە و لە هەر ئان و ساتێكدا ڕوو دەدات (11)، بەڵام پاش ئەوەی جەند جارێك ئەئەمریكیییكان بە مەبەست و بەبێ مەبەست لەگەڵ گروپەكانی شیعەدا بەریەككەوتن، وەك هێرشكردنەسەر گروپەكانی حەشد لە ناحیەی بەغدادی (كانونی دووەمی 2018) (12)، هێرشكردنە سەر چەكدارانی حیزبوڵڵا خۆی لە سەر سنوری عێراق و سوریا لە بەری بوكەمالەوە لە(حوزەیرانی 2018)، ئەم گروپە جگە لەدەركردنی بەیاننامەی هەڕەشەئامێز و دووبارەكردنەوەی باسكردنی ئامادەیی بەئامانجكردنی ئەمەریكییەكان (13) هیچ هەنگاوێكی كردەیی ئەوتۆی لە دژی بەرژەوەندییە ئەمەریكییەكان نەگرتەبەر، ئەمەش تا ڕادەیەكی زۆر لە سیاسەتی ئێرانی دایك دەچێت كە ماوەی 40 ساڵە دروشمی "مردن بۆ ئەمەریكا"ی بەرزكردۆتەوە، بەڵام كاتێك لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاراندا كەوتە گرژییەوە عەلی خامنەیی رابەری شۆڕش رایگەیاند، هیچ لایەكمان شەڕو پێكدادانمان ناوێت (14).

كەتیبەكانی حیزبوڵڵا، شەرعیەتی یاسایی و سەرچاوەی داراییان لە عێراقەوە دابین دەكرێت، بەڵام لە كۆی 7000 هەزار چەكداری تۆماركراوی لای خۆیان دەوروبەری 2500 چەكداریان خراونەتە سەر حەشدی شەعبی و لەژێر ناونیشانی ”موقاوەمەی ئیسلامی“ دا كار دەكەن (15). بەشێك لە چالاكییەكانی ئەم گروپەش كە لە ناوچەكانی ژێر دەستەی داعش ئەنجامدراوە لە پارێزگا سوننەكانی ڕومادی و تكریت و ناوچەكانی پشێنەی بەغدا لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دانراوە ئەوە دەردەخەن كە خاوەنی چەك و تفاقی باشی سەربازییە (16).  

 لە دەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكی ١٢ ئایاری  عێراقدا كەتیبەكانی حیزبوڵڵا وەك كاندید و وەك قەوارە بەشداری نەكرد لەو پڕۆسەیە و داوای كرد لەلایەنگرانی دەنگ بە"باشەكان" بدەن(17). لە میانەی چالاكییەكانیشدا ئەم گروپە هەندێك ڤیستیڤاڵی هاوهەڵوێستی بۆ حوسییەكانی یەمەن دژ بە دەوڵەتەكانی سعودییە و ئیمارات لە بەغدا رێكخست (18)، ئێستاش كە گوشاری ئەمەریكا و سعودییەكان لەسەر ئێران و حوسییەكان پەرەی سەندووە پەیامی هەڕەشەی بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ناردووە كە جگە لەوەی سوننەی ئەنبارە، ماوەیەك بەر لە ئیستا لە سەردانی واشنتۆن و ئەمەریكادا گرنكیی زۆری پێدرا وەك سەركردەیەكی گەنجی تازە دەركەوتووی سوننەی عێراق و لەوێ باسی گرنگی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكای كرد لە عێراق وەك گرەنتییەك بۆ پاراستنی باڵانس لە عێراق و پاراستنی لە تەماعكاریی دەرەكی و رەنگە هەر ئەمەش بوبێتە هۆی توڕەكردنی باڵە ئێرانییەكان و بڕیاریان دابێت بە هەڕەشە بەرەنگاری ببنەوە.

سەرچاوە و پەراوێزەكان 
(1)راديو سوا: العراق.. الحلبوسي يتلقي رسالة تهديد، 30 مايو 2019، لينكي: https://bit.ly/2Wc6YTA
(2)theguardian: Qatari jet sits on tarmac in Baghdad as royal hostages await release, 19 Apr 2017, https://bit.ly/2oQV4Br
(3)صحيفة العرب: كشف المزيد من أسرار صفقة إطلاق الرهائن القطريين في العراق، الاثنين 2018/04/30، https://bit.ly/2HCbg09
(4)يوسف قليان: فرع حزب الله في العراق فرع "حزب الله" التابع لإيران في العراق: دروس من الَاحزاب الشيعية في لبنان، معهد واشنطن لدراسات الشرق الَادني، تاريخ النشر: 9 نوفمبر 2016، https://bit.ly/2KijjDD
(5)صحيفة الشرق الَاوسط: «كتائب حزب الله» في العراق.. جدلية الدين والسياسة، ملحق المنحنيات الاصولية، عدد 18 مايو 2015 مـ .
(6)يوسف قليان: فرع حزب الله في العراق فرع "حزب الله" التابع لإيران في العراق: دروس من الَاحزاب الشيعية في لبنان، معهد واشنطن لدراسات الشرق الَادني، تاريخ النشر: 9 نوفمبر 2016، https://bit.ly/2KijjDD
(7)الشرق الَاوسط: «كتائب حزب الله» في العراق.. جدلية الدين والسياسة، ملحق المنحنيات الاصولية، عدد 18 مايو 2015 مـ . 
(8)الموقع الرسمي لكتائب حزب الله، عن الكتائب، https://bit.ly/30VjlXM
(9)عربي 21: هذه قصة تصريحات نصر الله التي نشرها موقع إيراني ثم حذفها، الَاربعا‌و، 14 مارس 2018 01:35 ص، https://bit.ly/2W8XOr3
(10)الموقع الرسمي لكتائب حزب الله، عن الكتائب، https://bit.ly/30VjlXM
(11)قناة الميادين: الحسيني عبر الميادين: لا عراق مستقر بوجود الَاميركيين، تاريخ النشر: ٥ شباط ٢٠١٨، https://bit.ly/2Mof6AK
(12)الموقع الرسمي لكتائب حزب الله، البيانات الرسمية، https://bit.ly/2XmX0QD
(13)هةمان سةرضاوةي ثيَشوو 
(14)راديو مونتيكارلو: خامنئي: لن تندلع أي حرب مع واشنطن والتفاوض معها " سم قاتل"، 14_5_2019، لينكي: https://bit.ly/2WEh0Bc
(15)صحيفة الشرق الَاوسط: «كتائب حزب الله» في العراق.. جدلية الدين والسياسة، ملحق المنحنيات الاصولية، عدد 18 مايو 2015 مـ .
(16)الموقع الرسمي لكتائب حزب الله، عمليات جهادية، https://bit.ly/2WfSmaK
(17)الموقع الرسمي لكتائب حزب الله، البيانات الرسمية، https://bit.ly/2wB0Vxq
(18)درج ميديا:  أصدقا‌و طهران يحتفون بالحوثيين داخل معلم “بعثي” في بغداد، درج ميديا،۲۹ يونيو ۲۰۱۸، https://bit.ly/2Wfedz0
(19) صحيفة الشرق الَاوسط: الحلبوسي لـ«الشرق الَاوسط»: القوات الَاميركية في العراق توفر غطا‌و سياسياً في مواجهة التدخلات الخارجية، 31مارس 2019 مـ العدد (14733)، لينكي: https://bit.ly/2XjDmF7