05/08/2019
هه‌رچه‌نده ئێستا تەنها ناوەکەی ئامادەیە و بڕوا وایە له پەنهانیدا "ستوودە" بێت، به‌ڵام به كۆڕای سه‌رجه‌م شیعه‌كانی دونیا سه‌رۆك و کاریزما و ده‌مڕاستی بێ ڕکابەری شوێنکەوتوانی ئەم ئاینزایە كه ده‌وروبه‌ری 10% موسوڵمانانی جیهان پێكده‌هێنن.
"مەهدی مونتەزر" یان " ئیمامی زه‌مان" و " الحجە" لە نازناوەكانی محه‌مه‌دی كوڕی حه‌سه‌ن عه‌سكه‌ریین كه ئیمامی دوازده‌یه‌می شیعه‌یه و له نه‌وه‌ی ئیمامی ئیمام عه‌لی ئامۆزا و زاوای پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه.
به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی شیعه‌كان كاتێك ئیمام حه‌سه‌نی عه‌سكه‌ری (ئیمامی یازده‌یه‌م) كه ئارامگاكه‌ی له شاری سامه‌ڕایه شه‌وێكی 15 شه‌عبان (شه‌وی به‌رات) له ساڵی 255 ك/ 869 زاینی كوڕێكی بووه و ناوی ناوه (محه‌مه‌د) و نه‌یوێراوه له ترسی جەورو سته‌می عه‌باسییه‌كانی ئامۆزایان کە ئەوکات حوكمڕانی عێراق و جیهانی ئیسلام بوون، زۆر ئاشكرای بكات، ته‌نها لای دۆسته‌كانی نه‌بێت.
گێڕانەوەکانی ئەم پێكهاتەیە دەڵێن: ئیمام حه‌سه‌ن كه ده‌ستبه‌سه‌ر بووه، له كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه نهێنییه‌كاندا كوڕە‌كه‌ی به‌لایه‌نگرانی خۆی ناساندوه، به شیعه‌كانیشی وتووه "ئه‌گه‌ر من هه‌رچیم لێهات ئه‌وه مه‌هدی جێگام ئه‌گرێته‌وه". باوترین وتە و دروشمیش كە دەربارەی مەهدی دەوترێت ئەوەیە "له‌پاش ئه‌وه‌ی زه‌وی پڕ ده‌بێت له تاوان و سته‌مكاریی، ئارامی و دادگه‌ریی بۆ دەگێڕێتەوە"، ئەمە لای نوسخە سوننییەكەی مەهدیش یەك شتە كە جیاوازی زۆری هەیە لە هاوتا شیعییەكەی و نزیكە تەنها ناوەكەیان یەك بێت.
له‌پاش مردنی حه‌سه‌ن عه‌سكه‌رییەوە مه‌هدی ماوه‌ی 69 ساڵ خۆی شاردوەتەوە له‌خه‌ڵك و ته‌نها له رێگای نوێنه‌ر و نامه‌به‌ره‌وه له‌گه‌ڵ هه‌وادارانی ئال‌و به‌یت و شیعه‌كان په‌یوه‌ندی ده‌كرد، چوار لەو نوێنەرانەش لە هەموویان ناسراوترن و پێیان دەوترێت "السفرا‌و اڵاربعە". ئه‌م چوار نوێنه‌ره له پاش مردنی ئیمام حه‌سه‌ن عه‌سكه‌ریی باوكی له ساڵی 260 ك _ 874ز له عێراق و ئه‌سپه‌رده‌كردنی له سامه‌ڕا كە شیعەكان باوەڕیان وایە ژەهرخوارد كراوە نوێنەر و نامەبەری نێوان ئەو و شوێنەكەوتەكانی بوون و بریتین له ”عپمان سعید العمری، محمد عپمان سعید العمری، والحسین روح النوبختی، وعلی محمد السمری“.
به مه‌رگی كۆتا كه‌س له‌و چوار نوێنەرەش له ساڵی 329 ك_ 941 ز كه عه‌لی سه‌ممه‌رییه قۆناغی نێوانگری و نامەبەری كۆتایی دێت. هەروەها له پاش بزربوونی بچووكی مەهدیش، بزربوونی گه‌وره و یه‌كجاریی مه‌هدی ده‌ست پێ ده‌كات كه هاوكاته له‌گه‌ڵ ساڵی 329 ك_ 941 ز و تا ئه‌وكاته درێژە ده‌كێشێت كه مه‌هدی ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر زه‌وی بۆ به‌رپاكردنی دادگه‌ریی به‌پێی بیروباوه‌ڕی شیعه‌كان و له ئێستادا چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژگاره‌دان.
سه‌رجه‌م گروپه شیعه‌كان به جیاوازی بیركردنه‌وه و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ییانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه مه‌هدی ده‌مڕاست و رێبەری مەزنی ئەوانە و شه‌و و رۆژ باس لە رۆژگاری ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی دەکەن و بە کوڵەوە چاوەڕوانی ئەو رۆژەن، به‌ڵام لەمە بترازێت له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی شیعه له‌غیابی ئه‌ودا و لەسەر چۆنییەتی نوێنەرایەتیکردنی ناكۆك و ناجۆرن و بەسەر چەندین گروپ و تاقمی جیاجیادا دابەش و پەرتەوازە بوون.
خومه‌ینی كه رابه‌رایه‌تی شۆڕشی ئیسلامی كرد له ئێران (1979) و یه‌كێكه له پایە ناوداره‌كانی شیعه‌گه‌رێتی لەسەردەمی نوێ‌دا، پێیوایه له‌غیابی "ئیمامی زەمان"دا زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌گوازرێته‌وه بۆ شه‌رعزانێكی له خواترسی شاره‌زا (مه‌به‌ستی خۆی بوو)، تا ئه‌وكاته‌ی خاوەن بڕیاری ڕاستەقینە کە "مەهدی مونتەزەرە" خۆی سه‌ر هه‌ڵده‌دات، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش "كۆماری ئیسلامی ئێران" ی راگه‌یاند و زۆربه‌ی ئه‌حكامه‌كانی دین و دونیای شیعه‌كانی خستە بواری پراكتیكەوە.
به‌ڵام ئایه‌توڵڵا ئه‌بولقاسمی خوئی كه رێبه‌ری گه‌وره‌ی پێشووتری شیعه‌كانی جیهان بوو له عێراق و لە شاری نەجەف داده‌نیشت بۆچونێكی پێچه‌وانه‌ی هه‌یه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوو شه‌رعزانی شیعه خۆیان به‌حوكمڕانییه‌وه سه‌رقاڵ بكه‌ن تا ئه‌وكاته‌ی ئیمامی زەمان خۆی ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش دین و سیاسه‌تی لەیەکتر جیا ده‌كرده‌وه و ئێستاش سیستانی کە خوێندکار و درێژەپێدەری قوتابخانەی ئەوە هەوڵ دەدات درێژە بەم رەوتە بدات.
لەنێوان ئەم دوو ڕەوتە ناجۆرەشدا بۆچوونێکی سێیەم هەیە کە ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د سادق سه‌در (باوكی موقته‌دا) نوێنەرایەتی دەکات و پێیوایە شه‌رعزان و پیاوه ئاینییه‌كانی شیعه هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتی مه‌رجداری ئیمامی زەمانیان به‌ده‌سته، به‌ڵام ناتوانن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه خومه‌ینی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد ببنه جێگر و بریكاری ڕە‌های ئه‌و و بەناوی دینەوە حوکمڕانی بکەن، بەم پێیەش هەرچی دابەش بوون و لێکترازانی شیعە هەیە له‌سه‌ر جێگرتنه‌وه‌ی مه‌هدی و چۆنییه‌تی ئیدارەدانی شوێنکەوتووانی ئەم ئاینزایەیە له‌غیابی ده‌مڕاستی گه‌وره‌دا كە ئیمانی زەمانە. لەئێستاشدا ئەو دابەشبوونە خۆی لە ململانێی سیاسی ئەفەندییەکانی شیعە و ئاخوندە مێزەر بەسەرەکاندا دەبینێتەوە، بەڵام زۆرجار مەترسییەکان ناچاریان دەکات ئەم ناکۆکییانە وەلا بنێن و لە دەوری بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکان کۆببنەوە و كەمایەتی بوونی شیعە و مێژووی پڕ لە ناسۆریان لە ژێر یەك خێوەتدا كۆیان دەكاتەوە.