02:54 - 27/01/2019
یاسای چاندنی "خاشخاش" لە توركیا بە لۆژیكی نەتەوەپەرستانە دەركراوە
حكوومەتی توركیا یاسای چاندنی "خاشخاش" ئامادهدهكات و تیایدا مۆڵەت بە 19 پارێزگا دراوە تاوەكو "خاشخاش" بچێنن. بەڵام ئەم مۆڵەتە هیچ پارێزگایەكی كوردی بەتایبەتی پارێزگای ئامەد و شارۆچكەی لیجە ناگرێتەوە كە لەبارترین شوێنە بۆ چاندنی "خاشخاش" و ناوەندی چاندنی ئەم بەرهەمە بووە لە رابردوو. پسپۆرێكی كشتوكاڵیش ئەم یاسایە بە نالۆژیكی وەسف دەكات و دەڵێت:" بارودۆخی ئەمنی تەنیا بیانووە".
لە 10 ئەم مانگە (كانوونی دووەمی 2019) رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند كە ئەوان جارێكی دیكە مۆڵەت بە چاندن و بەرهەمهێنانی "خاشخاش" دەدەن، كە سەرچاوەی سەرەكی دروستكردنی رۆنی زەیت، جلوبەرگ و دروستكردنی دەرمان و پێوایستی پزیشكیە.
بەر لە لێدوانەكەی ئەردۆغان لە 5 مانگی كانوونی یەكەمی 2018 وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری توركیا یاساكەی لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوكردەوە و بەگوێرەی ئەم یاسا رێگا بە چاندنی خاشخاش لە 19 شاری توركیادا دەدرێت.
لە ساڵی 1940 بەدواوە بەبیانووی بەكارهێنانی لە دروستكردنی ماددە بێهۆشكەرەكاندا، چاندن و بەرهەمهێنانی "خاشخاش" بە فەرمی لە توركیادا قهدهغهكراوە. بەڵام دوای لێدوانەكانەی ئەردۆغان لە رۆژی 14 ئەم مانگەدا جارێكی دیكە مۆڵەت بەچاندنی خاشخاش دەدرێتەوە. بەڵام لەناو ئەم 19 شارەدا ناوی ئامەد و شارۆچكەی لیجە لە باكووری كوردستاندا نەهاتووە كە لە رووی كەش و هەوا و خاك گونجاوترین شوێنە لە توركیادا بۆ چاندنی ئەم گیایە. رێگەنەدان بە خەڵكی لیجە كە دانیشتووانەكەی 26 هەزار كەسە نیگەرانی و كاردانەوەی لێكەوتۆتەوە.
شارۆچكەی لیجە بەدووری 80 كم دەكەوێتە باكووری شاری ئامەد، ئەم شارۆچكەیە لە دەیەی حەوتەمینی سەدەی رابردوو دا بۆتە ناوەندی چەند رووداوێكی گرنگ. لە ساڵی 1975 بومهلەرزە لەم شارۆچكەیەیدا و لە ئەنجامدا 2 هەزار و 358 كەس گیانیان لەدەستدا. بەهەزاران خانوو رووخا، بەشێكی زۆری دانیشتووانی بەرەو شاری ئامەد، لەوێشەوە بەرەو شارەكانی رۆژئاوای توركیا كۆچیان كرد.
لە ساڵی 1978دا عەبدولڵا ئۆجالان لەگەڵ 21 هاوڕێبازی دیكەی لە گوندی "فیس"ی سەر بەم شارۆچكەیە پەكەكە (پارتی كرێكارانی كوردستان"یان دامەزراند. لیجە لە دوای ساڵەكانی 1990 بووە ناوەندی شەڕ و پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكە. لە 22 تشرینی یەكەمی ساڵی 1993دا لە ئەنجامی هێڕشێكدا كە هێشتا بە تەواوەتی سەرەداوەكانی بەدەرنەكەوتوون جەنەڕال "بەختیار ئایدن" فەرماندەی هێزی جەندرمەی توركیا كە یەكێك بوو لەو ئەفسەر و فەرماندانەی پشتگیری سیاسیانەی چارەسەری كێشەی كوردی دەكرد لەگەڵ 16 سەربازی دیكە گیانیان لەدەستدا. لە ئەنجامی ئەم كردەوەیەدا لەناوەندی شارۆچكەكە 643 ماڵ و شوێنی كاركردن خاپووركران، هەر لەو سەردەمەدا بە سەدان گوندی ناوچەكە چۆڵكران و بەم شێوەیە جارێكی دیكە خەڵكی ئەم شارۆچكەیە رووبەڕوی كۆچكردنی زۆرەملێ بوونەوە. چەندین جار ئەم شارۆچكەیە تووشی نسكۆی گەورە بووە كە بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم پێشكەوتنی ئاسایی ناوچەكە. لە ئەنجامی ئەم هەموو رووداوانە رێژەی بێكاری و تاوان لە لیجەدا لە هەڵكشان دایە.
زۆرینەی ئەو تاوانانەی لە لیجە روودەدەن، پەیوەندیان بە چاندن و بازرگانیكردن بە خاشخاش و ماددە هۆشبەرەكانەوە هەیە. بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئامەد لە ساڵی 2017 و 2018دا، لە ئەنجامی چەند ئۆپاراسیۆنێكدا 156 تۆن تریاك و 11 ملیۆن شەتڵی خەشخاش دەستی بەسەردا گیراوە. بەشێكی گرنگی ئەم بڕە دەستی بەسەردا گیراوە لە شارۆچكەی لیجە بووە.
هەرچەندە لە دوای ساڵی 1940 چاندنی خاشخاش بە فەرمی قهدهغهكراوە، بەڵام لیجە گوێڕایەڵی ئەو یاسایه نەبووە. هەڵگرتنی قهدهغهكاری و رێگەدان بە 19 پارێزگا و رێگەنەدان بە لیجە مشتومڕی لێدەكەوێتەوە. خەڵكی شارۆچكەكە پێیانباشە لەژێر چاودێری و بە مۆڵەتی دەوڵەت ئەم گیایە بچێنن.
قادر چەتین، تەمەن 42 ساڵ، لە ساڵی 2006 كاتێك دەخوازێ 80 كیلۆ خاشخاش كە چاندوویەتی ساخ بكاتەوە، دەستگیر دەكرێت و 9 ساڵ زیندانی دەكرێت. لە قسەكانیدا بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت زیاتر لە 17 ساڵ ئەم كارەم كردووە و لە ئێستادا وازم لێ هێناوە:" لە كارگەیەكی بەرەمهێنانی ئاوریشم لە شارۆچكەی (قولپ) كار دەكەم. ئەگەر مۆڵەتمان پێبدرێت، جارێكی دیكە دەگەڕێمەوە سەر چاندنی خاشخاش. لە تەمەنی 20 ساڵیدا دەستم بە چاندنی كرد، لە ترسی زیندانیكرن و سزادانم بڕیارم داوە بەبێ مۆڵەت ئەم كارە نەكەم".
چەتین كە باوكی سێ منداڵە، له ههستێكی باوهڕبهخۆبوونهوه دەڵێت:" چاندنی خاشخاش كاری ئێمەیە. كەس وەكو ئێمە نازانێ ئەو كارە بكات، چۆن دەچێندرێت و چۆن پێدەگات، ئێمە لێی دەزانین. چەندین ساڵە چاندنی خاشخاش لەناوچەكەماندا كراوە. 90% بژێوی خەڵكی لیجە لە ساڵانی 1990 لەسەر ئەم گیایە بووە. چۆن دەبێت دەوڵەت مۆڵەتمان پێنەدات. ئەگەر مۆڵەتیان بە شارەكانی رۆژئاوای توركیا داوە، پێویستە مۆڵەت بدەنە ئێمەش. ئێمە بەرهەمی دێنین و دەیفرۆشینە دەوڵەت بۆ دڵنەوایی. نایفرۆشینە بازرگان و هاووڵاتیانی ئاسایی. بێكاری لە لوتكە دایە، خەڵك پەرێشانە. ئێمەش هاووڵاتی هەمان دەوڵەتین، ئەگەر لافی برایەتی بەكاردێنن، دەبێت ئەم لافە بۆ چاندنی خاشخاشیش جێبەجێ بكەن".
ئەگەر رێگامان بدەنە دەگەڕێینەوە گوندەكانمان
حەسەن یایڵەلی، تەمەن 58 ساڵ، لە ئێستادا لە شارۆچكەی بسمیل لە ئامەد لە نانەواخانەیەكدا كاردەكات، بەحەسرەتە بگەڕێتەوە سەر گوندەكەی. ئهو بۆ (پەیسەرپرێس) باسی زەویەكانی دەكات و دەڵێت:" ناخوازم كاری نایاسایی بكەم، هیوادارم مۆڵەتدان ئێمەش بگرێتەوە".
لە شارۆچكەی لیجە چوار كارگە هەیە، كە لە ئێستادا هەر چواریان لەكار كەوتوون، ئەگەر ئەم كارگانە بكەونە كار هەڵی كاركردن بۆ 600 – 700 كەس دەڕەخسێنێت، لە ئێستادا زیاتر لە 350 دوكان داخراوە. بە تەنیا ئەمەش نا زەویەكانیش ناچێندرێن و سوودیان لێوەرناگیرێت.
یایڵەیی بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات:" 26 دۆنم زەویم هەیە، بەڵام هیچیان لێناچینم. لەگەڵ ئەوەی قەدەغەشكراوە، لە لیجە خەڵكێكی زۆر خاشخاش دەچێنێت. دەزانێ پەلكێشی زیندان دەكرێت لەگەڵ ئەوەش دەیچێنێت. ئەوەی دەچێندرێت لەژێر سەرپەرشتی دەوڵەت دا نیە و كەس نازانێت چۆن ساخ دەكرێتەوە. بەڵام ئەگەر حكوومەت مۆڵەتمان پێبدات، هەموو بەرهەمەكە دەكەوێتە ژێر چاودێری ئەوان و لە بواری داودەرماندا بەكاردەهێندرێت. ئەگەر حكوومەت مۆڵەت بداتە خەڵكەكە گوندەكانیش ئەوەدان دەكرێنەوە و هەموومان دەگەڕێینەوە سەر زەویەكانمان".
عەدنان قارت، كەسێكی لیجەیە، تەمەنی 53 ساڵە، بە قسەی خۆی نزیكەی 30 ساڵە ماددە هۆشبەرەكان بەكاردێنێت. چەندین جار زیندانیكراوە، باوەڕی وایە كە سوودی خاشخاش لە زیانەكانی زیاترە، ئەو كە لە گەڕەكێكی ئامەد دەژی، پێیوایە ئەگەر حكوومەت رێگا بە چاندنی خاشخاش بدات گەنجانی لیجە كاریان دەست دەكەوێت، كارگە داخراوەكان دەكەونەوە جوڵە.
لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەرپرێس) دەڵێت:" یەكەم قات و جلی پیاوان لە خاشخاش دروستكراوە. زەیتی هەرە باش لە خاشخاش دروست دەكرێت. یەك دۆنم خاشخاش بە رێژەی 25 دۆنم دارستان ئۆكسجین دەردەدات". هەروەها دەڵێت:" چەند قهدهغهش بكرێت لە لیجە هەر دەچێندرێت. ئەو جۆرە خاشخاشەی لە لیجە دەچێندرێت لە هیچ شوێنێكی دیكەدا نیە. خاكی لیجە بۆ ئەمە لەبارە".
حكوومەت رەوشی ئەمنی دەكاتە بیانوو!
ئەوانەی لە لیجە پشتگیری لە چاندنی خاشخاش بە شێوەیەكی یاسایی دەكەن، بۆ مۆڵەت پێدان دامەزراوە پەیوەندیدارەكان بەسەر دەكەنەوە. بەڵام هەر هەموویان وەڵامی "بەهۆكاری ئەمنی لیجە لە دەرەوەی بازنەی مۆڵەتپێدان ماوەتەوە".
بەڵام ئەم وەڵامەی لایەنە فەرمیەكان بە بەراوردكردن بە بارودۆخی ساڵانی 1990 نا لۆژیكی دەبیندرێت. لە ساڵانی 1990 لیجە ناوەندی شەڕ بوو لە نێوان پەكەكە و سوپای توركیا، لەگەڵ ئەوەش كاری چاندنی خاشخاش لە لوتكە دابوو. بەڵام لە ئێستادا ئەم ناوچەیە ئارامیەكی رێژەیی بەخۆوە دەبینێت. وەكو چەند ساڵێك بەر لە ئێستادا گەریلاكانی پەكەكە رێگاكان ناگرن و كارمەندانی دەوڵەت نافرێنن. بە گوێرەی سەرچاوە هەرێمیەكان رێگای سەرەكی نێوان ئامەد – دیجلە بەدرێژایی شەو كراوەیە. لەگەڵ ئەو ئارامیە رێژەیەی لەناوچەكەدا هەیە، لە ئێستادا گەورەترین كێشەی ناوچەكە هەڵكشانی رێژەی بێكاریە.
عەبدولسەمەد ئوچامان، سەرۆكی ژووری ئەندازیارانی كشتوكاڵ ئامەد، لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس)دا پێیوایە، یاسای مۆڵەتدان بە چاندنی خاشخاش لۆژیكێكی نەتەوەپەرستییه و دەلێت:" تا بەر لە راگەیاندنی ناوی ئەو شارانەی چاندنی خاشخاش دەیانگرێتەوە، ناوی پارێزگای (روها – ئورفا) هەبوو كە پارێزگایەكی كوردیە. بەڵام لەدواجار ناوی ئەو پارێزگایەشیان دەرهێنا".
كاربەدەستانی وەزارەتی كشتوكاڵی توركیا، مۆڵەتنەدان بەناوچە كوردییەكان دەگەڕێنەوە بۆ هۆكاری بەكارهێنانی خاشخاش بۆ دروستكردنی ماددە هۆشبەرەكان و هەروەها بۆ بارودۆخی ئەمنی كە كارمەندانی دەوڵەت ناتوانن كێڵگەی جووتیاران بەسەربكەنەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن كە خاشخاش بە مەبەستی خراپ بەكارناهێندرێت.
ئوچامان لەمبارەیەوە ئاماژە بە پێشەكی ئەو یاسایەی كە چاندنی خاشخاشی پێ رێكخراوە دەكات و پێیوایە لە نێوان پێشەكیەكە و جێبەجێكردندا ناكۆكی هەیە:" ئامانجی لە دەركردنی ئەم یاسایە (بەرەنگاربوونەوە و ئاستەنگكردنی دروستكردن و بەكارهێنانی ماددەی بێهۆشكەرە). ئەگەر بە گوێرەی ئەم یاسایە بێت دەبێت دەوڵەت چاندن و چاودێریكردنی خاشخاش لەم ناوچانە سەربەست بكات كە ماددەی بێهۆشكەری لێ بەكاردێت تا بتوانێ رێگا لە دروستكردن و بەكارهێنانی بگرێت". هەروەها دەڵێت:" رێگا دەدەن لە ناوچەكانی دەریای رەش و دەریای سپی خاشخاش بچێندرێت كە خاك و كەش و هەوا هیچ لەبارنیە. بەڵام مۆڵەت نادەن لەو شوێنانە بچێندرێت كە خودا بۆ چاندنی خاشخاش دایناوە".
لەدرێژەی قسەكانیدا ئەم ئەندازیارە پسپۆرە دەڵێت:" ئەگەر تۆ بخوازی بۆ لایەنی پزیشكی، جلوبەرگ، خواردن خاشخاش بەكاربێنیت، دەبێت لەو شوێنە بیچێنیت كە لێی شین دەبێت. بۆیە هیچ لۆژیكی نیە رێگا بدەی لە دەریای سپی و دەریای رەش بچێندرێت و لە كوردستان بەتایبەتی لیجە نەچێندرێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا عەبدولسەمەد ئوچامان دەڵێن:" لە ئێستادا بارودۆخی ئەمنی گونجاوە بۆ ئەوەی خاشخاش بچێندرێت و لەلایەن كارمەندانی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمیەكان چاودێری بەكارهێنانی بكرێت. كارمەندان دەتوانن بچنە هەموو شوێنێك".