ڕاپۆرتی کوردستانی

01:33 - 25/01/2019

كێ له‌پشت جێبه‌جێكردنی داواكانی كورد بوو له‌ بودجه‌ی گشتیدا‌

پەیسەر

دوای پێنج ساڵ له‌ نیگه‌رانییه‌كانی كورد، جارێكی تر دڵی كورد به‌ بودجه‌ی گشتی عێراق رازی كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی شه‌وی چوارشه‌ممه‌ رویدا، كورد پێنج ساڵه‌ چاوه‌روانییه‌تی، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كێ له‌ پشتی رازیكردنی دڵی كورده‌وه‌ بوو، چۆن دوای ئه‌و ماوه‌یه‌، بودجه‌ به‌دڵخوازی كورد ده‌نگی له‌سه‌ر درا.
ئه‌وه‌ی بۆ كورد بووه‌ ده‌ستكه‌وت له‌ بودجه‌ی گشتی 2019ی عێراقدا، ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رادەستكردنی نەوت جیاكرایەوە و بەوپێیەی لە یاساكەدا بەم شێوەیە چارەسەر بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران كراوە، ئه‌و بڕگه‌یه‌كی كه‌ ده‌یه‌وێت گرێكوێره‌ی پرسی نه‌وت له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب بكاته‌وه‌، كه‌ به‌هۆشییه‌وه‌ موچه‌ و قه‌تی خه‌ڵكی كوردستان له‌ 2014ه‌وه‌ بڕا. 

مادەی 10 بڕگەی دووەم-جیم- لەكاتی رادەستنەكردنی داهاتە فیدراڵیەكان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە حكومەتی فیدراڵی و جێبەجێ نەكردنی بڕگەكانی ( یەكەم و دووەم ئەلف) لەومادەیە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی پابەند نیە بە دابینكردنی خەرجیەكانی هەرێم كە لەبڕگەكانی بودجە باس كراون، جگە لە خەرجی موچە و موچەی پێشمەرگە.

دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری ساڵی رابردوو، شیعه‌ و سوننه‌ و كورد هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ ناوخۆیاندا و پاشانیش له‌ دژی یه‌كتری، له‌ ململانێكی توندابوون بۆ ئه‌وه‌ی كێ ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق، پاش هه‌موو ئاڵنگارییه‌كانی پێكهاته‌كانی عێراق، بازه‌كه‌ به‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی نیشیته‌وه‌، سیاسییه‌ك كه‌ عێراقییه‌كان به‌دڵیان بوو، كۆڕای له‌سه‌ربوو.
بۆ كورد عادل هه‌میشه‌ وه‌ك دۆست وێناكراوه‌ و هیچ كاتێك كورد دژی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌ر پۆستێكدا بێت كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو تا ئێستا له‌ عێراقی دوای سه‌دام وه‌ریگرتبێت، ئه‌و كه‌ پێشتر وه‌زیری دارایی بووه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌یاد عه‌لاوی پاشان پۆسته‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وت و دوایش سه‌رۆك وه‌زیرانی وه‌رگرت، كورد به‌ یه‌كێك له‌ سیاسیه‌ عێراقییه‌كانی نزیك له‌ خۆی زانیوه‌.
كاتێكیش، بودجه‌ی گشتی ئه‌مساڵ په‌سه‌ندكرا، زۆرێك پێیان وایه‌ جێكردنی داخوازییه‌كانی كورد له‌ ناو بودجه‌ بۆ ئۆكه‌ییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نایشارێته‌وه‌، كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی رۆڵێكی باشی گێرا له‌ جێكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی كورد له‌ ناوبودجه‌ ئه‌و به‌ په‌یسه‌ری گوت: كاتێك په‌رله‌مانتاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ كورد 420 هه‌زار به‌رمیل رۆژنه‌ هه‌نارده‌ ده‌كات، داوای راده‌ستكردنی ئه‌و رێژه‌ی نه‌وته‌یان ده‌كرد، به‌ڵام به‌ به‌رگری سه‌رۆكوه‌زیران له‌ كورد و رونكردنه‌وه‌ی كرێی كۆمپانیاكانی نه‌وت كه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ ده‌درێت، ده‌بێت هه‌ر 250 هه‌زار به‌رمیل له‌ بودجه‌دا جێگێربكرێت.
كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ كابینه‌كه‌ی عه‌بادید وه‌زیری نه‌وت بوو، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بودجه‌ی هه‌رێم و رێكه‌وتنی نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌سه‌ر نه‌وت، پێشنیاری 250 هه‌زار به‌رمیلی بۆ هه‌رێم كرد، هۆشیار له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێ: ئه‌و كات وه‌زیری نه‌وت بوو، پێشنیاری ئه‌وه‌ی بۆ حكومه‌ت كرد گه‌ر هه‌رێم بتوانێ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت رۆژانه‌ بنێرێت ئه‌وا ده‌بێ ئێمه‌ش ته‌واوی بودجه‌ی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكه‌ین.


دۆستێكی كۆن و به‌رده‌وام
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستكردنه‌وه‌ی عێراقی دوای سه‌دام، ئه‌و یه‌كێك بوو له‌و سیاسیانه‌ی كه‌ نه‌یهێشتووه‌ نێوانی له‌گه‌ڵ كورد تێكبچێت، كاتێك قسه‌وباسی به‌شی كورد له‌ عێراقی نوێدا هاتبووه‌ ئاراوه‌، رۆڵێكی باشی گێرا بۆ دیاریكردنی 17%ی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق، دكتۆر فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق بە پەیسەرپرێسی راگەیاند عادل عەبدولمەهدی لەكابینەی یەكەمی عێراق دوای پرۆسەی ئازادی وەزیری دارایی بووە و رۆڵێكی گرنگیشی لەجێگیركردنی 17%ی پشكی هەرێم هەبووە.
فازڵ نەبی دەشڵێت" عادل عەبدولمەهدی هیچ كاتێك دژایەتی كوردی نەكردووە و لەكابینەی حەیدەرعەبادیش كاتێك وەزیری نەوت بوو زۆر هەوڵیدا بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغداد و بە دەستپێشخەری ئەویش دوو سلفەی 500 ملیۆن دۆلاری رەوانەی هەرێم كران.
ئه‌گه‌ر دۆستایه‌تی ئه‌و بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وا كه‌ بووه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانیش، هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕاوه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتیوانیكردنی كورد و یارمه‌تیدانی، بەرای محمود عوسمان كە ژیانی لە خه‌باتی سیاسەت بەرێكرد و یه‌كێك له‌و سیاسه‌تمه‌دارانی ئاگاداری رووداوه‌كانی عێراقی نوێیه‌، عادل عەبدولمەهدی هاوسۆزی لەگەڵ پرسی كورد هەیە و هیچ كاتێك دژایەتی كوردی نەكردووە و ماوەیەك لە كوردستانیش ژیاوە، دەشڵێت پەیوەندی كورد و عادل عەبدولمەهدی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی عێراق.
ئه‌و باسی هه‌وڵه‌كانی مه‌هدی ده‌كات له‌ چه‌سپاندنی 17%ی پشكی كورد وبۆ په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێ: عادل عه‌بدولمه‌هدی یه‌كێك بوو له‌و سیاسیانه‌ی كه‌پشتیگری ئه‌و بۆچوونه‌ی كرد، گه‌ر پشكی كورد 13%ش بێت، با له‌ 4% وه‌ك قه‌ره‌بووی ئه‌نفال و كیمیاران و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێم بۆ كورد بچه‌سپێنرێت.
  
عێراقی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌رگای چه‌ندین دانیشتن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یی سپی له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌بی عێراق تیابوو، كه‌ به‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌نگدانبوو له‌سه‌ر پشكی كورد له‌ بودجه‌ی عێراق و پاپه‌ندكردنی حكومه‌تی عێراق به‌ ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ململانێی نه‌وت، هۆشیار عه‌بدوڵا نایشارێته‌وه‌ كه‌ باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی كورد و عێراق، كاریگه‌ری له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی كورد له‌ بودجه‌ هه‌بووه‌.
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس لەسەردانەكەی رۆژی 21/11/2018ی مەسعود بارزانی بۆ شاری بەغداد داوای لەعادل عەبدولمەهدی كردووە، بەشێك لەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی 2019 دا بنرێت، و چاوپۆشیش لەفرۆشتنی نەوتی هەرێم بكات لەلایەن بەغداوە، بیانوی بارزانیش ئەوەبووە كە بەغداد بودجەی هەرێمی بڕیووە و نرخی نەوت دابەزیوە و شەری داعش بەرۆكی هەرێمی گرتووە و یەك ملیۆن ئاوارەش هاتوونەتە كوردستان، بەهۆی هەموو ئەو هۆكارانەوە هەرێمی كوردستان كەوتۆتە ژێر قەرزێكی چەند ملیار دۆلاری.


بارزانی راشیگەیاندووە، با لە 2019دا هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت بۆ دانەوەی قەرزەكانی و لەهەمان ساڵیشدا گفتوگۆكانی هەرێم وبەغداد بۆ چارەسەری كێشە داراییەكان دەستپێ بكات بۆ ئەوەی لەبودجەی 2020 دا هیچ كێشەیەك نەمێنێت، راشیگەیاندووە رازین وەفدی بەغداد سەردانی هەرێم بكات بۆ وردبینی تەواوی داهات و خەرجیەكانی ساڵانی رابردووی هەرێم.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و زانیاریانه‌ له‌لایه‌ن هۆشیار عه‌بدوڵاوه‌ پشتراستنه‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام گوتی: هه‌روه‌ك چۆن پێشتر بۆتان باسكرد هه‌موو باشبونێكی په‌یوه‌ندی سیاسی له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا كاریگه‌ری له‌سه‌ر داواكانی كورد ده‌بێت له‌سه‌ر بودجه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌تان بیرنه‌چێت، ئه‌ندامانی كوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و به‌تایبه‌تی تر هه‌وڵه‌كانی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی یاسایی نابێت له‌بیر بكرێت كه‌ رۆڵێكی گرنگیان له‌ جێكردنه‌وه‌ی داواكانی كورد له‌ بودجه‌ هه‌بوو.