ڕاپۆرتی کوردستانی

12:08 - 24/01/2019

حكومەتی هەرێم بەژانێكی قورس لەدایك دەبێت‌

پەیسەر

دەمی هەر بەرپرسێكی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان بكەیتەوەو لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ قسەی لەگەڵ بكەیت، دەڵێت: گفتوگۆكان "باشن"، بەڵام 116  رۆژە هەڵبژاردن كراوە، هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم.

ئەم هەفتە گەڕێكی تری گفتوگۆی نێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەرێوەچوو، بەڵام وا دەرناكەوێت، لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ گەیشتبن بەئەنجامێكی ئەوتۆ.

شاندی پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن رۆژی دووشەممە لەشاری سلێمانی لەگەڵ شاندی یەكێتی كۆبووەوە، كە كۆبوونەوەی پێنجەمی نێوان هەردوو حیزب بوو، رۆژی سێشەممەش، كۆبوونەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری هەولێر  كرد، كە كۆبوونەوەی چوارەمی هەردوولا بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر پرێس كۆبوونەوەكان ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە، بەتایبەتی كۆبوونەوەی نێوان پارتی‌و یەكێتی.

رۆژی 30 ئەیلوولی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراو رۆژی 23 ئەم مانگە 116 رۆژ بەسەر ئەو هەڵبژاردنە تێپەڕیوە، كە دوای سەرجەم كۆبوونەوەكان بەرپرسانی حیزبەكان، كاتێك لێدوان بۆ میدیاكان دەدەن دەڵێن: گفتوگۆكان باش دەچنە پێشەوە، بۆیە ئەگەر وا بڕوات، پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت بەژانێكی قورس لەدایك دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە پەیسەرپرێس لەزیاتر لەسەرچاوەیەكی ناو گفتوگۆگان دەستیكەوتووە، هۆكاری بێ‌ ئەنجامی كۆبوونەوەكان، دووری بۆچوونی لایەنەكانە لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و چەند پرسێكی تر.

پارتی‌و یەكێتی بۆ گفتوگۆكانیان چەند هێڵێكی گشتی-یان دیاریكردووە، كە لەكۆبوونەوەكان مشتومڕی زۆری لەسەر دەكەن، هێڵەكانیش چۆنییەتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، رێككەوتنی هەردوو حیزب لەسەر كێشەكانی بەغدا.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە پارتی‌و یەكێتی لەسەر ئەو هێڵانەو چۆنییەتی یەكلاكردنەوەیان، بۆچوونیان زۆر لەیەكەوە دوورە، تەنانەت بەهۆی دووری بۆچوونەكان، چەندین پێشنیازی یەكترییان رەتكردووەتەوە.

فرسەت سۆفی ئەندامی شاندی دانوستانی پارتی دیموكرات بۆ پێكهێنانی حكومەت لەو بارەوە دەڵێت: پارتی دەیەوێت پرسی پێكهێنانی حكومەت یەكلابكاتەوە، دواتر بچێتە سەر پرسەكانی تری تایبەت بەكەركوك‌و بەغدا، بەڵام یەكێتی لای وایە دەبێت بەپێی رێككەوتنێك هەرسێ‌ پرسەكە پێكەوە یەكلابكەنەوە.

فرسەت سۆفی بۆ پەیسەرپرێس دەشڵێت: ئەوە خاڵی جیاواز‌و ناكۆكی نێوان گفتوگۆكانە، كە بەهۆی نەگەیشتنە ئەنجام، بڕیاری ئەوە دراوە گفتوگۆی زیاتر بكرێت، بەبێ‌ ئەوەی ئامادەبێت زانیاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.
هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی بۆ پەیسەر پرێس باسی لەوە كرد، چەند كێشەیەك لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیە، بەڵام كێشەكان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی دابڕان دروست بێت‌و كۆبوونەوەكان بۆ چارەسەری ئەو كێشانە بەردەوام دەبێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: ئێمە دەمانەوێت چارەسەری كێشەكان بكەین‌و بەرێككەوتنێكی سیاسی پرسی پێكهێنانی حكومەت‌و یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و كێشەكان لەبارەی دۆسییەكانی بەغدا چارەسەربكەین.

دوای ئەو كۆبوونەوەیەش شاندی پارتی و گۆڕان لەهەولێر كۆبوونەوە، كە پەیسەرپرێس ئەوەی زانیوە، لێكنزیكی زیاتر لەنێوان ئەم دوو لایەنە هەیە، وەك ئەوەی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش گفتوكۆكانی ئەو دوو حیزبەش بێ‌ كێشە نییە.

هەروەها زنیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە ناكۆكی نێوان پارتی‌و گۆڕان بەسەر دوو ئاست دابەشبووە، كە بەشێكیان پەیوەندی بە شێوازی جێبەجێكردنی بەرنامەی كاری حكومەتەوە هەیە، بەشەكەی تریش پەیوەندی بە دابەشكردنی پۆستەكان هەیە.

لەو بارەوە سەرچاوەیەكی باڵاو ئاگادار لەبزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەیسەرپرێس گوتی: پارتی دەیانەوێت سەرەتا كابینەی حكومەت‌و پێكهێنانی یەكلابكرێتەوە، بەڵام گۆڕان ئەوەی ناوێت‌و دەیانەوێت سەرەتا بەرنامەی كاری حكومەت‌و چۆنییەتی جێبەجێكردنی یەكلابكرێتەوەو دواتر قسەی لەسەر پێكهێنانی حكومەت بكرێت.

سەرچاوەكە گوتیشی: كێشەی دووەمیش ئەوەیە، كە پارتی چەند پۆستێكی بۆ گۆڕان دیاریكردووە، بەڵام گۆڕان چەند پۆستێكی تری دیاریكردووە بۆ ئەوەی وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەش ئەوە زۆر نەبووەتە كێشەو رەنگە گفتوگۆكانی داهاتوو چارەسەری بكەن.

لەبارەی پۆستەكان، سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، گۆڕان دەیەوێت لەهەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم پۆستی هەبێت، بۆ نموونە، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی پەرلەمان داواكراوەو پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیش لەناو پێشنیازەكانن، لەگەڵ چەند وەزارەتێك.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، كە پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ گۆڕان داناوەو لەدوای ئەو پۆستەش نایەوێت گۆڕان پۆستی وەزارەتی سیادی وەربگرێت، بەڵام گۆڕان ئەوەی رەتكردووەتەوە.

پارتی بە 45 كورسی پلەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی گرتووەو یەكێتی بە 21 كورسی دووەمەو هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە، 12 كورسی هەیەو سێیەمەو تائێستاش گفتوگۆكان لەنێوان ئەو سێ‌ لایەنەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت.

عەلی حەمەساڵح ئەندامی شاندی بزووتنەوەی گۆڕان سەرەڕای ئەوەی جەختیكردەوە، كە گفتوگۆی نێوان بزووتنەوەكەی‌و شاندی پارتی "باش" بوون، بەڵام نایشارێتەوە، كە لەگفتوگۆكان چەند بەربەستێك هەبووەو دەیانەوێت لەكۆبوونەوەكانی داهاتوو ئەو بەربەستانە لابەرن.

عەلی حەمەساڵح بۆ پەیسەرپرێس گوتیشی: گۆڕان بەرنامەی حكومەتی لا گرنگەو ئەوەی تائێستاش لەگفتوگۆكان باسكراوە، تەنیا چۆنییەتی جێبەجێكردنی بەرنامەكەیە، بەهۆی زۆری‌و چڕی بەرنامەكەش، گفتوگۆكان درێژەی كێشاوە.