ڕاپۆرتی کوردستانی

04:22 - 23/01/2019

هەڵوێستی کورد بەرامبەر پڕۆژە یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکان دەبێت چی بێت؟‌

پەیسەر

هەر کە ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر عێراق چڕکردەوە بۆ ئەوەی پابەندی بکات بە سزا ئابورییەکانی سەر ئێران، ئێرانیش کارتێکی دیکەی لە دژی ئەمریکا لە گیرفانی دەرهێنا، کارتێکی یاسایی کە کەس ناتوانێت بە ئاشکرا دژایەتی بکات، کارتی کردنە دەرەوەی ئەمریکا بەپێی یاسا.

 ماوەیەکە لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران هەوڵێکیان دەست پێکردووە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسای کردنە دەرەوەی هێزە بیانییەکان لە پەرلەمان تێپەڕێنن، هەر چەندە بە رواڵەت پەرلەمانتارەکانی سەر بە قەیس خەزعەلی کە بە تەواوی گوێڕایەڵی ئێرانە بابەتەکەیان وروژاندووە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس لە پشت جوڵاندنی دۆسیەکەوەن.
لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە پڕۆژە یاساکە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، چونکە لەو حاڵەتەدا بەوپێیەی پرۆژەکە لە چوارچێوەی سەروەری خاکی عێراقدایە، ئەستەمە هیچ لایەنێک بتوانێت لە پەرلەمان بە ئاشکرا دژایەتی بکات، هەربۆیە پێشبینی دەکرێت بە ئاسانی پڕۆژە یاساکە پەسند بکرێت.

ئاخۆ پڕۆژە یاساکە دەکەوێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە؟
سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق بە رۆژنامەی ئەلجەدیدی راگەیاندووە، پڕۆژە یاسای کردنە دەرەوەی هێزە بیانییەکان یەکێک لەو مەرجانە بوو کە لەکاتی دانووستانی لایەنەکان بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران رێککەوتنی لەسەر کرابوو کە لەو کاتەدا عادل عەبدولمەهدی بەڵێنی داوە لە دوای پێکهێنانی حکومەت بەبێ دواکەوتن پڕۆژە یاساکە دەنێرێتە پەرلەمان.
بەڵام لە ئێستادا ناردنی پڕۆژە یاساکە بۆ پەرلەمان هەروا کارێکی ئاسان نییە، چونکە ئەمریکا و ئەو لایەنانەی دژی پڕۆژە یاساکەن تەنیا دەرفەتی بەردەمیان ئەوەیە کە نەهێڵن پڕۆژە یاساکە بچێتە پەرلەمان، چونکە لە پەرلەمان ئەگەری پەسندکردنی زۆر بەهێزە.

 سەرچاوەکەی حکومەتی عێراق کە بە رۆژنامەی ئەلجەدیدی راگەیاندووە لە ماوەی رابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هەندێک لە فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە دژی پڕۆژە یاساکە جمووجووڵەکانیان دەستپێکردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک لە سەرکردە و لایەنە عێراقیان قسەیان کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لەوەی پڕۆژە یاساکە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.

ئەگەر بێتوو پڕۆژە یاساکە پەسند بکرێت ئەوەی چاوەڕوانکراوە هەڵوێستی ئەمریکا توند دەبێت، ئیدارەی ترەمپ هەر لە سەرەتاوە رەخنەی هەبوو لە بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و پێیانوایە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ بە کشانەوەی هێزەکانی، عێراقی رادەستی ئێران کردووە، هەربۆیە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت هەڵەکەی سەردەمی ئۆباما راست بکاتەوە و بە ئاشکرا باسی ئەوە دەکەن تا ئەو کاتەی پێویست بێت لە عێراق دەمێننەوە، هەندێک لە جمووجوڵەکانی ئەم دوایەی سوپای ئەمریکاش لە عێراق ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی دەیانەوێت جێ پێی خۆیان لەو وڵاتەدا خۆش بکەن.
کە واتە چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری پەسندکردنی پڕۆژە یاساکە وەک کاردانەوە ئەمریکا فشارەکانی بۆسەر حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە ئێران چڕتر بکاتەوە، ئەمەش دۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەکات.

هەرچەندە بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە باس لەوە دەکات وروژاندنی بابەتی پڕۆژە یاساکە تەکتیکێکی ئێران بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا، ئێران زۆر نیگەرانە لەوەی ئەمریکا بتوانێت بە فشارەکانی حکومەتی عێراق ناچار بکات پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران کەم بکاتەوە، چونکە لەم قۆناغەدا ئێران هیوایەکی زۆری لەسەر بازاڕی عێراق هەڵچنیوە، هەربۆیە رەنگە بیەوێت مامەڵەی ئەوە لەگەڵ ئەمریکا بکات کە ئەمریکا لە بابەتی پابەندبوون بە سزا ئابورییەکان لە عێراق خۆش بێت، لە بەرامبەریشدا ئێران پڕۆژە یاساکە ناجوڵێنێت.

کورد دەبێت چی بکات؟
تا ئێستا لایەنە کوردییەکان هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە لەسەر پڕۆژە یاساکە، پێدەچێت هیچ لایەنێک وەک کورد بەرژەوەندی لە مانەوەی هێزی ئەمریکا لە عێراقدا نەبێت، کاتێک کە ئەمریکا و عێراق لە ساڵی ٢٠٠٨ رێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١دا، لایەنە کوردییەکان و بە تایبەتیش پارتی ئەم بڕیارەی ئەمریکای پێ باش نەبوو، هەرچەندە بە ئاشکرا دژایەتی رێککەوتنەکەی نەکرد.

لە ئێستاشدا چوونە دەرەوەی ئەمریکا بۆ کورد بە واتای بەهێزبوونی بەغدا و پێگەی حەشدی شەعبی دێت، هەرچەندە بەغدا بەهێزتر بێت ئەوا پێگەی کورد لاوازتر دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لەم قۆناغەشدا رەنگە لایەنە کوردییەکان بە هەمان شێوەی ساڵی ٢٠٠٨ نەتوانن بە ئاشکرا دژایەتی پڕۆژە یاساکە بکەن، چونکە لەو حاڵەتەدا دەکەونە ژێر فشاری ئێران و هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە.
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر لایەنە کوردییەکان خۆیان هەماهەنگ بکەن لەگەڵ لایەنە شیعەکان و بە ئاشکرا پشتگیری پەسندکردنی پڕۆژە یاساکە بکەن، ئەوا پێگەی کورد لای ئەمریکییەکانیش لاواز دەبێت، هەربۆیە رەنگە باشترین هەڵوێست بۆ لایەنە کوردییەکان بێ هەڵوێستی بێت و خۆیان نەکەنە بەشێک لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا.