ڕاپۆرتی کوردستانی

02:13 - 21/01/2019

دۆستێکی سەرڕاستی کورد بە تەنیشت بورجی ئیفڵەوە‌

پەیسەر

کریس کۆچێرا کاتێک ئاشنا دەبێ بە پرسی کورد، ئەو کاتەیە کە کورد لە عێراق لە شایی و خۆشیی بەیاننامەی ١١ی ئازار و چەسپاندنی ئۆتۆنۆمی دایە. بەڵام ئەم ئاشنایەتییە تا رۆژەکانی کۆتایی ژیانی بەردەوام بوو بەبێ دابڕان کە زیاتر لە ٤٧ ساڵ درێژەی کێشا.

بەرهەمی ٤٧ ساڵ ناسین و سەردانی کورد و کوردستان، پێنج کتێبی دانسقە و دەیان راپۆرتی رۆژنامەوانیی بوو کە کۆچێرا سەبارەت بە کورد و مێژووەکەی دایڕشتنەوەو نووسینی.
توێژەر و رۆژنامەوان کریس کۆچێرا ناوی تەواوی (پۆل مۆبێتـه) و ساڵی 1938 لە فەرەنسا لە دایکبووە. بەڵام هەرگیز ناوە ئەسڵیەکەی لە کوردستان و لەسەر کتێبەکانی نەنووسراون بەڵکو هەر بە کۆچێرا دەناسرێ.
کۆچێرا بەر لەوەی رووی توێژینەوە و پسپۆرێتییەکەی بەرەو کورد و کوردستان بچەرخێنێ، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت گەلە بندەستەکانی ئەو ناوچانە دەکرد.

ساڵی ١٩٧٠ کریس کۆچێرا لەڕێی شەهید قاسملوو بە ناوی کورد ئاشنا بوو. یەکەم سەفەری بۆ کوردستان ساڵی ١٩٧١ ئەو کاتەش شۆڕشی ئەیلول بە سەرکردایەتی مەلا مستەفای بارزانی گەشتبووە لوتکەی سەرکەوتن کاتێک حزبی بەعس و حکومەتی عێراق ئامادەبوون رێککەوتننامەی ١١ی ئازار و چەسپاندنی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد پەسەند بکەن.

کۆچێرا بازنەی ناسین و دۆستەکانی خۆی تەنیا لە کوردستانی عێراق بەرتەسک نەکردەوە، بەڵکو ساڵانی دواتر سەرکردەی بەشەکانی تری کوردستان لەوانە شەهید قاسملوو و عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان و مام جەلال و نەوشیروان مستەفایش بوونە بەشێک لە کارەکانی کۆچێرا وەکو توێژەر و رۆژنامەنووسێک.

دۆستی شایی و شیوەن

بەدرێژایی نیوەی سەدەی بیست، شۆڕشەکانی کورد بوونە جێی گرنگیپێدانی چەندین نووسەر و توێژەر و رۆژنامەوانی بیانی، بەڵام بێ دوودڵی دەتوانرێ بوترێ هیچکامیان هێندەی کۆچێرا لێبڕاوانە و راستگۆیانە نەمانەوە و پەیوەست نەبوون بە کوردەوە.

لە چ کاتێکدا کورد لە گەشە و سەرکەوتندابووبێ لە باشوور یان رۆژهەڵات، کۆچێرا خۆی دەگەیاندەوە پێیان، ئەو کاتانەشی دەکەوتنەوە تەنگانە و ئازار چەشتن، دیسان کۆچێرا بە قەڵەم و کامێراکەی دەهاتەوە پاڵیان. هیچکات نەبووە ئەو شایی و شیوەنانە کۆچێرا نەیکردبنە راپۆرت و کەرەستەی نووسینی کتێبێک. هەر ئەمەش وایکردووە ناوی کۆچێرا لە زۆربەی ماڵ و کتێبخانەی کوردیدا ناوێکی لە هەمووان ئاشناتر بووە.

چەندین سەرکێشیی بە ژیان و گیانی خۆیەوە کردووەو خۆی گەیاندووەتە چیا و لێرەوارەکانی کوردستان. پیاوێکی گەورەبووی ناو پاریس، چەندین ژەم نان و دۆ یان نانوچایی لەگەڵ پێشمەرگەدا لە چیا دوورەدەستەکانی کوردستان خواردووە. 

لەگەڵ پێشمەرگە و گوندنشینانی کورد کەوتووەتە ژێر مەترسی بۆردمان و بۆمبارانی فڕۆکە و تۆپخانەکانی ئێران و عێراقەوە. بەڵام هیچکام لەمانە نەبوونە هۆی تەکینەوە یان دوورکەوتنەوە لەو گەلەی بە تەواوی باوەڕی بە سەربەخۆییەکەی هەبوو. 
دەوترێ راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی کۆچێرا لەسەر رووداوەکانی ناوخۆی کوردستان لە ساڵانی ١٩٧٠ تا کۆتایی ١٩٨٠ رۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبوو لە وەرچەرخاندنی چاوی دنیا بۆ سەرکوردستانی فەرامۆشکراو.

لە نزیک نزیکتر
کریس کۆچێرا لە پاڵ راپۆرت و وتارە رۆژنامەوانییەکانی سەبارەت بە کورد، لەسەر مێژووی نزیکی کورد چەند کتێبێکیشی نووسیوە لەوانە
(کورد لە سەدەی 19-20  - کتێبی رەشی سەدام حسێن -چیرۆکی مێژووی کوردستان -بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد و هیوای سەربەخۆیی -ئالەنگاری کوردو خەونی سەربەخۆیی- کوردستان رێبەری ئەدەبیات) دوایین کتێبیشی بەناوی " گەشتی دوورودرێژی کوردەکان، کۆکراوەی ریپۆرتاژەکانی 40 ساڵ لەسەر کوردستان" بڵاو کردەوە.

شارەزایانی مێژوو دەڵێن، کۆچێرا وەکو نووسەر و رۆژهەڵاتناسەکانی پێش خۆی نەبووە کە لە تەنیا گەشتێک یان لەسەر مێزەکانیان مێژووی رووداوەکانی کوردستانیان نووسیبێتەوە، بەڵکو کۆچێرا هەمیشە پێیەکی لەناو کوردستان و خودی رووداوکاندا بووە. ئەمەش وایکردووە زۆر نزیکبێ لە گۆڕانکارییەکانەوە.

نووسەر و وەرگێڕی کورد حه‌مه‌ كه‌ریم عارف کە بۆ خۆی کتێبی (کورد لە سەدەی نۆزدە و بیست دا)ی کۆچێرای وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی، پێیوایە کورد دۆستێکی دەگمەنی وەکو کۆچێرای هەیە کە " گرنگترە لە تۆپ و تانک.

ئەو دەڵێ: "هیچ کوردێک وەک کۆچێرا به ‌ویژدان ‌و بێلایەنانە باسی مێژووی‌ کوردی‌ نەکردووە، ئه‌م بە ویژدانییە‌ به‌ئه‌ندازه‌یه‌كه‌ كه‌ هیچ کوردێک وەک ئەو بێلایەنانە باسی مێژووی‌ کوردی‌ نەکردووە، تەنانەت ئەو کەسانەشی بەشدارییان لە‌بزووتنه‌وه‌ی‌ چەکداریی کورددا کردووە، جاری‌ وایه‌ زۆر بەرقەوە باسی هەندێک مەسەلە دەکەن کە تۆزقاڵێك ئینسافی تیا نییە هەوڵ دەدەن لەسەر حسابی خەڵکی تر خۆیان بکەن بەقارەمان، به‌ڵام كۆچێرا فێری‌ كردین بێلایه‌نانه‌ مێژوو بگێڕینه‌وه‌."

لە مەلا مستەفاوە تا نەوشیروان مستەفا

کۆچێرا لەگەڵ ئەوەی پرۆفیشناڵانە نووسین و توێژینەوەکانی لەسەر کورد و مێژووەکەی دادەڕشت، نەیدەشاردەوە کە دۆست و هاودڵی کوردە. بەڵام چاوپۆشی لە هەڵە و پەڵەی سەرکردەکانی کورد نەدەکرد و بە روونی لە کتێب و نووسینەکانیدا ئاماژەی پێداوە.

لەو هەموو ساڵەی تێکەڵی کورد و شۆڕشەکانی دەبوو، هەرگیز خۆی یەکلایی نەدەکردەوە لەسەر لایەنە ناکۆکەکانی کورد. هەمیشە دەیوت " نابێ کورد کورد بکوژێ. هەموو هەوڵی ئێمە بۆ تەبایی و گەیاندنی ئامانجی ئێوەیە، کەچی ئێوە خۆتان ئامانجەکان و خۆشتان لەناو دەبەن!"

ئەو چەند نزیک بوو لە مەلا مستەفا و مەسعود بارزانی، بەو ئەندازەیە نزیک بوو لە شەهید قاسملوو و سەرکردەکانی رۆژهەڵاتەوە. بەهەمانشێوە نزیکبوو لە مام جەلال و نەوشیروان مستەفاوە. لە هەموو جەولەکانی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان، کۆچێرا رەوایەتی نەدا بە هیچ لایەکیان.
لە کتێبەکانیدا بە راشکاوانە ئۆباڵی ناکۆکی و شەڕەکانی ناوخۆ دەخاتە ئەستۆی کورد و سەرکردایەتییەکەی و پەنجە دەخاتە سەر هەڵەکانی. ئەمەش وایکردووە چاودێرانی بێلایەن بڵێن کۆچێرا راستگۆترین دۆستی کوردبووە کە هەم دەردی وتوون هەم دەرمان.

ژنێک لەپاڵ مێردەکەیدا

هەموو ئەو کارانەی کۆچێرا بۆ کورد و شۆڕشەکانی و مێژووەکەی کردوویەتی، ژنێک لە پشتییەوە بووە کە ئەویش (ئیدیت کۆچێرا)ی هاوسەری بووە. ئێستا ماڵەکەی ئیدیت و کریس بوونەتە مۆزەخانەیەک بۆ وێنەی پێشمەرگە و سەرکردەکانی کورد کە ئەگەر ئەم ژن و پیاوە نەبوونایە، مەحاڵ بوو وێنەی ئەو سەردەم و ساڵانە بەمجۆرە تۆماربکرایەن.

دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە زۆربەی سەردانەکانی بۆ هەرێمی کوردستان، کریس کۆچێرا ئیدیتی هاوسەریشی لەگەڵ خۆی دەهێنا. بۆیە بە ئەندازەی کرسی، ئیدیتیش ئاشنایە بە کورد و سەرکردەکانی.

کریس کۆچێرا بەهۆی نەخۆشی (پارکینسۆن)بەشێک لە مێشکی لەکار کەوت بوو، ئەم نەخۆشییە بە تەواوی کاریگەریی لەسەر رێگەرۆشتن و لەشولاری کۆچێرا هەبوو، بەڵام تا ساڵی ٢٠١٣ش هەر سەردانی هەرێمی کوردستانی دەکرد. رۆژی ٣١ی تەموزی ٢٠١٧ کۆچێرا بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٧٩ ساڵاندا کۆچی دوایی کرد.