10:05 - 21/01/2019
پارتیو یەكێتی رێككەوتنێكی سیاسی دەكەنە شوێنگرەوەی رێككەوتنی ستراتیژی
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنێكی سیاسی دەكەنە شوێنگرەوەی ئەو رێككەوتنە ستراتیژییەی چەند ساڵێك بەر لەئێستا واژوویانكردو ئێستاش كار بۆ نووسینەوەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە دەكەن.
پارتیو یەكێتی 27/7/2007 رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان واژووكرد، كە ئەوكات مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتیو جەلال تاڵەبانی وەك سكرتێری یەكێتی بەدەستی خۆیان رێككەوتنەكەیان نووسییەوەو لەبەردەم ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزب واژوویان لەسەر كرد.
بەقسەی بەرپرسانی پارتیو یەكێتی ئەو بارودۆخەی ئێستا دروستبووە جیاوازە لەبارودۆخی ئەوكاتەی رێككەوتنی ستراتیژی تێدا نووسراوەو واژووكراوە، بۆیە كار بۆ ئەوە دەكەن رێككەوتنێكی نوێ واژوو بكەن، كە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا بگونجێت.
عارف روشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ پەیسەرپرێس دەڵێت: لەئێستادا زۆرینەی هاوكێشە سیاسییەكان گۆڕاون، بۆیە دەبێت ئەو رێككەوتنەش بگۆڕێت، كە پێشتر لەنێوان لایەنەكان واژووكراوە بەتایبەتی پارتیو یەكێتی.
عارف روشدی دەشڵێت: بەمەبەستی گونجاندنی ئەو دۆخە لەگەڵ هاوكێشە سیاسییەكان، بۆیە ئێستا پارتیو یەكێتی لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی رێككەوتنێكی سیاسی نوێ واژوو بكەنو بكەنە شوێنگرەوەی رێككەوتنە ستراتیژییەكەی پێشوو.
پارتیو یەكێتی ئەوكات دوای ساڵانێك شەڕكردنو ململانێ لەهەرێمی كوردستان رێككەوتنی ستراتیژیان واژووكرد، كە بەپێی ناوەڕۆكی رێككەوتنە، ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەهاوبەشی بەشێوەی پەنجا بە پەنجا بەڕێوەبەرن، هەروەها پۆستەكانی هەولێرو بەغدا بە هاوبەشی لەنێوانیان دابەش بكەن.
پارتیو یەكێتی ئەوكات كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانو عێراق-یان بەیەكسانی دابەشكردبوو، بەڵام بەپێی دواین هەڵبژاردنەكان پارتی لەبەغدا 25 كورسی هەیەو یەكێتی-یش 18 كورسی، هەروەها لەهەولێریش پارتی 45 كورسی هەیەو یەكێتی-یش 21 كورسی.
پارتی ئەوەی كردووەتە بیانوو، كە ئێستا هاوكێشەی سیاسی گۆڕاوە، بۆیە سەردەمی 50 بە 50 كۆتایی هاتووە، دەبێت بەو رێككەوتنە سیاسییە نوێیە سەرلەنوێ شێوازی ئیدارەدانو دابەشكردنی پۆستەكان رێكبخەنەوە.
عارف روشدی لەو بارەوە دەڵێت: پارتی نایەوێت هەموو پۆستەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خۆی بەرێت، لەكاتێكدا زۆرینەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناكرێت، 45 كورسی بەرانبەر بە 21 كورسی وەك یەك حسابیان بۆ بكرێت، بۆیە دەبێت میكانیزمێكی نوێ دابڕێژرێت بۆ ئەو پرسە.
هەوڵی پارتیو یەكێتی بۆ واژووكردنی رێككەوتنی سیاسی لەكاتێكدایە، كە ئەو دوو لایەنە وەك براوەی یەكەمو دووەمی هەڵبژاردن، لەگفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی حكومەتو دەشیانەوێت لەناو رێككەوتنە سیاسییەكە جێگەی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتیش بكەنەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامو وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لەو بارەوە بۆ پەیسەر پرێس وتی: هەر لەسەرەتای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی رابردوو بۆ پەرلەمانی كوردستان یەكێتی داوای رێككەوتنی سیاسی كرد.
سەعدی پیرە گوتیشی: لەئێستادا گفتوگۆ هەیە، بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنە سیاسییە واژووبكرێت، كە لەناو رێككەوتنەكە چۆنییەتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم رووندەكرێتەوە، بەبێ ئەوەی ئامادەبێت لەو بارەوە زانیاری زیاتر بدات.
لەكاتی نووسینەوەی رێككەوتننامەی ستراتیژی، ئەوكات گفتوكۆكانی ئەو رێككەوتنە، لەبازنەیەكی تەسكی نێوان دوو بنەماڵەی بارزانیو تاڵەبانی بەرێوەدەچوو، كە هەر ئەوكاتیش بەشێكی زۆر لەناوەڕۆكی رێككەوتنە لەنێوان هەردوو بنەماڵە بەنهێنی هێڵرایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، لەئێستاشدا هاوشێوەی ئەوكات گفتوگۆكانی ئەو رێككەوتنە سیاسییە لەبازنەیەكی تەسكی نێوان بنەماڵەی بارزانیو تاڵەبانی بەرێوەدەچێتو تائێستا زانیاری ئەوتۆ نییە لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتیو یەكێتی دەیانەوێت لەو رێككەوتنە دۆسییەكانی نەوتو ئیدارەدانی هەرێمو پرسی كەركوكو پۆستەكانی بەغدا جێگە بكەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی لەرابردوو بەهۆی كاڵبوونەوەی رێككەوتنی ستراتیژی لەنێوانیان دروست بوو بوو، لەداهاتوو بۆیان دروست نەبێتەوە.
پەیسەر پرێس هەوڵیدا لەرێگەی چەند بەرپرسێكی پارتیو یەكێتی ناوەڕۆكو زانیاری لەبارەی ئەو رێككەوتنە دەستبخات، بەڵام رەتیانكردەوە قسە لەسەر ئەوە بكەنو رایانگەیاند، رێككەوتنەكە لەقۆناغی گفتوگۆیە ، بۆیە ناتوانن قسەی لەسەر بكەن.