02:51 - 04/07/2023
پێگەی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمریكی: سه‌ردانه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی بۆ ئه‌نقه‌ره كاریگه‌ری له‌سه‌ر توركیا نه‌بووه
پێگەی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمریكی بڵاویكرده‌وه، تورکیا ڕۆژی دووشەممە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی شەش مانگ درێژکردەوە، ئه‌وه‌شی به فشارێكی ئابوری ناوبردووه ، باسیله‌وه‌شكردووه سه‌ردانه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی بۆ ئه‌نقه‌ره كاریگه‌ری نه‌بووه.
پێگه ئه‌مریكیه‌كه له راپۆرتێكدا باسیله‌وه‌كردووه لەمانگی نیسانی رابردوودا، گەمارۆی گەشتی فرۆكەوانی بۆ ماوەی سێ مانگ بەسەر فرۆكەخانەكەی سلێمانیدا سەپێنرا، بەتۆمەتی ئەوەی بووەتە ناوەندی چالاكی پارتی كرێكاران.
ئاماژه‌به‌وه‌كراوه، سلێمانی لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە، کە دووەم لایەنی کاریگەری هەرێمی کوردستانی عێراقە، قوباد تاڵەبانی لە مانگی نیساندا سەفەری ئەنقەرەی کرد بۆ ئەوەی ئەنقەرە ئارام بکاتەوە، بەڵام دیارە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو. "یەکێتی بە ڕوونی لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەنقەرەدا نییە بۆ سنووردارکردن و پێشکەشکردنی هەواڵگریی کرداریی لەسەر چالاکییەکانی پەکەکە لە ناوچەی سلێمانی". به‌پێی ماڵپه‌ره‌كه.
ئەلمۆنیتۆر ده‌ڵێت پارتی دیموكراتی كوردستان، كە سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، هاوپەیمانێكی توندوتۆڵی توركیایەو پشتیوانی هەڵمەتە سەربازیە بەردەوامەكانی دەكات، دژی پارتی كرێكاران و رێگە بە بەرپرسانی هێزەكانی سوریای دیموكرات نادات فرۆكەخانەی هەولێر بەكاربهێنن، بۆ گەشتگردن بۆ دەرەوە، لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی داواكاریەكانی توركیا.
باسیله‌وه‌شكردووه، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە مەسعود باوکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، بووە یەکەم کەسایەتی بیانی کە سەردانێکی فەرمی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکات، دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاردا.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، تورکیا مه‌زڵوم کۆبانێ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و کاروانەکەی کە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکاشیان هەڵگرتبوو، لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی کردە ئامانج لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، چه‌ند رۆژێك دواتر گه‌شته ئاسمانیه‌كانی بۆ سلێمانی راگرت.
بیلال وەهاب، لەپەیمانگای واشنتۆن پێیوایە، ئەو گەمارۆ بەردەوامە بەشێكە لە ئاراستەیەكی فراوانتر، كە تیایدا هێزە ئیقلیمیەكان توركیا و ئێران هەروەها حكومەتی ناوەندی عێراقیش، مامەڵە لەگەڵ یەكێتی و پارتی دەكەن وەك حزب، لەبری مامەڵەكردن لەگەڵیان وەك نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی یەكگرتوو.
بیلال وه‌هاب ده‌ڵێت ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی، ئەم جۆرە مامەڵەكردنەی بەهێزتر كردووە، كە ئەوەش وایكردووە مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەسەڵاتداری یەكگرتوو، پاشەكشێی بكات.
ماڵپه‌ره‌كه باسیله‌وه‌شكردووه، سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، تورکیا ڕێگەی بە دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوتی هه‌رێمی كوردستان نه‌داوه، له 25 ئازاره‌وه دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوه.