عیراق

05:09 - 03/05/2023

وه‌زیر به‌ سه‌ردانه‌ كتوپڕه‌كانی عه‌یب و عاری سوپای ده‌رخست‌

پەیسەر

 

سه‌ردانه‌ كتوپڕه‌كانی سابت عاسی، وه‌زیری به‌رگری عێراق بۆ سه‌ربازگه‌ عێراقییه‌كان بووه‌ته‌ هۆی ده‌ركه‌وتنی عه‌یب و عاری سوپای عێراق و سه‌ربازه‌كان له‌ دۆخێكی ته‌واو دژوار و خراپدان و ئه‌ویش توشی شۆك بووه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا وه‌زیری به‌رگری عێراق به‌ ته‌كسیه‌ك چووه‌ته‌ سه‌ربازگه‌یەک‌ له‌ نزیك به‌غدا و بەگوێرەی گرتەڤیدیۆییەکە، توڕه‌ ده‌بێت و ژووری حەوانەوەی سەربازەکانی پشکنیوە، کە لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوون، سەقفی ژوره‌كه‌یان به‌ په‌لی دارخورما سه‌ریگیراوه‌ و پرسیاری ئەوەیان لێدەکات: ئایا ئەمە سوپای عێراقە؟.


لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا وه‌زیری به‌رگری هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌م دۆخه‌ قبوڵ ناكات و لە کاتی نانخواردندا لەگەڵ سەرباز و ئەفسەرەکان، دەڵێت ئەمە مەعقول نییە.. ئەگەر ئێوه‌ قبوڵی بکەن، من قبوڵی ناکەم، پاشان پرسیاری ئەوە ده‌كات ملیارەها دۆلارەكان بۆ کوێ دەڕۆن؟، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بودجەی وەزارەتی بەرگری، کە هیچ کاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر بارودۆخی هێزەکان نییە.

سابت عاسی، لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، وه‌ك وەزیری بەرگری لە حکومەته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی ده‌ستبه‌كاربوو، کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە سەربازییەکان.


حاڵی خراپی سه‌ربازگه‌كان له‌ كاتێكدایه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق پرۆتۆکۆلێکی هه‌یه‌ ، سه باره‌ت به سه‌ربازگه‌گان و شێوازی دامه‌زراندنیان و پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ فه‌وج و سرییه‌كان‌، سه‌ردانه‌كانی وه‌زیر به‌ ئامانجی پێداچونه‌وه‌یه‌ به‌ دروستكردنی سه‌ربازگه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت كه‌مته‌رخه‌می له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌كانه‌وه‌ هه‌یه ‌یاخود نا.


وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ مه‌رج دایناوه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ ده‌وری سه‌ربازگه‌كاندا سیاجی كۆنكرێتی هەبێت‌، دانانی ره‌بایه‌كان له‌ كه‌ره‌ڤانه‌ یاخود لە ئاسن دروست بکرێت، به‌ڵام له‌ سه‌ردانەكه‌ی وه‌زیردا ئه‌مه‌ نه‌بینراوه‌.

سوپای عیراق، شه‌شی كانونی دووه‌می ١٩٢١ دامه‌زراوه‌ و یەکێکە لە کۆنترین سوپاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەپێی نوێترین ڕیزبه‌ندییه‌كان ٤٥مین بەهێزترین سوپاکانی جیهانه‌.

١٥هه‌مین سوپایه‌ له‌ڕووی خه‌رجی سه‌ربازییه‌وه، بودجەی ساڵانەی نزیکەی ١٠ ملیار دۆلارە، چه‌ندین مه‌له‌فی گه‌نده‌ڵی له‌ ناو سوپای عێراقدا ئاشكرا كراون و پێشتریش سه‌ربازه‌كان گله‌ییان له‌ ناله‌باری دۆخیان و خراپی خۆراك و شوێنی مانه‌وه‌یان كردووه‌.