عیراق

03:33 - 11/10/2022

واده‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار دیاریكرا‌

پەیسەر

محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رایگه‌یاند: رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دانیشتنی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سەرۆک کۆمار به‌رێوه‌ده‌چێت.

محەمەد حەلبوسی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، حه‌لبوسی رایگەیاند: رۆژی پێنجشەممە، 13ی ئەم مانگە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت کە تەنیا یەک تەوەر لەخۆیدەگرێت ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە. 

دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، له‌ كاتێكدایه‌ هێشتا پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر كاندیدی هاوبه‌ش رێكنه‌كه‌وتوون، هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د كاندیدی فه‌رمی ئه‌و دوو حزبه‌ن.
ساڵێك زیاتر به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ تێده‌په‌ڕێت، تا ئێستا لایه‌نه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ حكومه‌ت و سه‌رۆك كۆماری نوێ هه‌ڵبژێرن و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستوویدایه‌.

چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق بۆ دوو ھۆکاری سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یەکەمیان بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی و دووەمیان رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش رێکنکەوتنی سەدرییەکان لەگەڵ لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی.

بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی کە باڵاترین مەرجەعی دەستوورییه‌، ھۆکارێک بووە لەو چەقبەستووە سیاسییەی کە بەرەوڕووی عێراق بووەتەوە و یەکێک لەو بڕیارانەی ئەوەیە کە دەبێت ٢٢٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دانیشتنی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ ئامادەبن کە ئەوەیش ئەستەمە جێبەجێ بکرێت.

ھۆکاری دووەم رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانە، بەتایبەتیش رێکنکەوتنی سەدرییەکان لەگەڵ لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە بارەی قۆناغی داهاتوو.

موقتەدا سەدر کە بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە ھەوڵیدا حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی پێکبھێنێت کە ئەوەیش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥وە روودەدات، بەڵام ژمارەیەک لایەنی شیعە پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەیان رەت کردەوە و داوایان کرد کە وەک ساڵانی پێشوو، حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای سازان، پێکبھێندرێت.


دوای ئەوە سەدرییەکان و لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی نەیان توانای لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێ بگەنە رێککەوتن، وای کرد چەقبەستوویی سیاسیی لە عێراق زیاتر قوڵتربێت کە تا ئێستا بەردەوامە و نەتواندراوە چارەسەر بکرێت.

موقتەدا سەدر بەھۆی ئەوەی لە ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی سەرکەوتوو نەبوو، رۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢ وازھێنانی لە کاری سیاسیی راگەیاند.

رۆژی ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢، چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند کە محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندید کردووە.

لە ماوەکانی رابردوودا، ژمارەیەک لایەنی سیاسیی لە عێراق جگە لە رەوتی سەدر رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ھاوپەیمانییەکی نوێ پێکبھێنن، ئەوەیش بە ئامانجی ھەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری نوێ، ھەروەھا پێکھێنانی حکومەتی نوێ و ئیدارەدانی دەوڵەت.هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی ناوی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ته‌ و پارتی و یه‌كێتیشی تێدایه‌، كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ محه‌مه‌د شه‌یاع سودانیه‌.