10:12 - 15/10/2022
بۆچی سەدر کەوت و مالیکی هەستایەوە؟
د.پشتیوان فهرهج
گرنگترین پرسیار لە کۆى ئەم پرۆسە سیاسیەی عێڕاقدا ئەوەیە ئایا بۆچی لە هەڵبژاردنێکدا کە تیایدا سەدر براوە بوو کەچی نەیتوانى حکومەت پێک بهێنێت و شکستی هێنا، بەڵام نەیارەکانی (چوارچێوە و مالیکی) کە دۆڕاوە بوون توانیان سەرکەوتوانە حکومەت پێکبێنن؟
ڕووداوەکانى پشت هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و پێکهێنانى حکومەت چی بوون؟
لەبەرچی دوای یەک ساڵ ململانێ هەر سیستەمى موحاسەسە براوە بوو؟
دوای ساڵێک لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە کۆتاییداپ پەرلەمانى عێڕاق توانی لەتیف ڕەشید وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت و ئەویش ڕاستەوخۆ کاندیدى چوارچێوەی هەماهەنگی محمد شیاع سودانى ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەى.
1. سەدر لەگەڵ پارتی (بارزانى) و هاوپەیمانی سەروەری (حەلبووسی) هاوپەیمانیەتێکی پێک هێنا و سەدر ویستى کۆتایی بە نەریتی سیستەمى موحاسەسەیی بهێنێت لە پێکهێنانی حکومەت. هەر لەڕۆژی یەکەمەوەسەدر شکستی هێنا.
2. چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر بە توندى ئەنجامى هەڵبژاردنەکەی ڕەتکردەوە و خۆپیشاندان و مانگرتیان ئەنجامدا لە ناوچەی سەوز بۆ ئەوەی مەکحەمەى فیدڕاڵی پیاچونەوە بکات لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و هەر لەو کاتەدا پەرلەمان حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژارد.. ئیتر لەو ڕۆژەوە چوارچێوە بەهەموو قوەت و هێزەوە لەهەوڵی تێکشکاندنى هاوپەیمانی سەدر-بارزانی-حەلبوسی بوون.
3. لە کۆتای ساڵی 2021 و سەرەتای 2022 گروپەکانی نزیک لە ئێران بەموشەک و ساروخ پەلاماری هاوپەیمانەکانى سەدریان لە کوردستان و شاری ئەنبار دا, هەروەها چەند موشەکێکیان نا بە ماڵی کازمی سەرۆک وەزیرانەوە.
4. دواتر چوارچێوە هاوپەیمانەکانى سەدر پارتی و حەلبوسیان تۆمەتبارکردن بە تاوانی تەتبیع یان ئاساییکردنەوەى پەیوەندی لەگەڵ ئیسرایل.
5. چوارچێوە لە ڕێگەی مەحکەمەى ئیتیحادی فیدڕاڵیەوە سێ بڕیاڕی گرنگیان دەرکرد لە کاتێکی زۆر موحریجدا:
بڕیاڕی یەکەم : دیاریکردن یاسای دوو لەسەر سێ ی پەرلەمان بۆ هةڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و یەکلاکردنەوەى ئەو بڕیاڕەی کەلەهەردوو جەلسەی دانیشتنەکەدا دەبێت 2 لەسەر سێ ی ئەنجومەنى نوێنەران دەنگ بە سەرۆک بدەن.
بڕیاڕی دووەم: بەنایاسایی و ناشەرعی ناساندنی فرۆشتنى نەوت لەلایەن حکومەتى کوردستان و لێسەندنەوەى شەرعیەتى فرۆشتنی نەوت و جوڵاندنى کەیسی دادگایی لە دژیان وەک فشارێک بۆ سەرپارتی.
بڕیاڕی سێیەم: قەدەغەکردن و دوورخستنەوەى کاندیدی پارتی هۆشیار زێباری لە خۆکاندیدکردنى بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار.
6. بەو سێ بڕیاڕەی سەرەوە چوارچێوەی هەماهەنگی توانی لە کەمینەیەکى هەڵبژێراوی پەرلەمانەوە خۆیان بکەن بە یەک لەسەرسێ ی کاریگەر و ڕێگری پێکهێنانی حکومەت. قەیرانێکی وجودیان بۆ مان و نەمانى حکومەتى هەرێم دروست کرد ئەویش لەڕێگەی یاسای نەوت و گاز و بەهێزترین کاندیدی پارتیان دوورخستەوە.
7. سەدر هیچ چارەسەرێکی پێ نەبوو بۆ یەکلاکردنەوەى ناکۆکیەکانى پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار, یەکێتی لەسەر کاندید کردنى بەرهەم ساڵەح سوور بوو پارتی ناچار کرا کاندیدەکەى بگۆڕێت بۆ ڕێبەر ئەحمەد. لەهەمان کاتدا لەتیف ڕەشید کاندیدی حەلی وەسەت (سازان) بوو بەبێ کۆدەنگى و پشتگیری یەکێتی.
8. ئێران هانی سەرکردەکانى چوارچێوەی هەمانگی دا بۆ ئەوەی لەت و پەرت نەبن, چونکە سەدر هەوڵی ئەوەی دا کە هەندێک سەرکردەی پراگماتیکى چوارچێوە وەک هادی عامری بۆلاى خۆی ڕابکێشێت و چوارچێوە لەت و لاواز بکات.
9. کاتێک سەدر لەم هەوڵەی سەرکەوتوو نەبوو هیچ چارەسەرێکی نەما بەدەستەوە جگە لە کشانەوەى هەموو نوێنەرەکانى خۆی لە پەرلەمان. سەدر وای زانی بەکشانەوەى ئەو پارتی و سوننەش ئەندام پەرلەمانەکانی خۆیان دەکشێننەوە, هەڵەی تەمەنى کرد.
10. چوارچێوەی هەماهەنگی دەستبەجێ جێگەی ئەندام پەرلەمانە دەستلەکارکێشاوەکانى سەدری پڕکردەوە. سەدر داوای کرد هەڵبژاردنێکی دیکەى پێشوەخت بکرێت و هەوادارەکانى جوڵاند بۆ داگیرکردنی پەرلەمان و ناوچەى سەوز و پێکدادانی چەکداری لەبەرواری 29 ى ئابی 2022.
11. سەدر توشی گونڕەشی خۆی بوو چونکە حەشد لە ناوچەى سەوز بەتوندی ڕووبەڕوی سەدریەکان بویەوە. سیستانی تەدەخولى کرد و مەرجەعیەتى شیعەیی لە سەدر سەنرایەوە و سەدر تەواو زەلیل بوو بە کشانەوەی ڕێبەری ڕۆحی سەدریەکان کازم ئەلجایری تەواو ئەژنۆی شکا. سەدر ناچار کرا بەیەک تویت هەوادارەکانى لە خۆپیشاندان بکشێنێتەوە و بکوژ و کوژراوی بە دۆزەخی لەقەڵەم دا. بەڵام هێشتا سەدر هەر کۆڵی نەداوە.
12. دوای تێکشاندنى سەدر ئیتر چوارچێوەى هەماهەنگی نەیویست تەواو سەدر ئاوت بکات و بەڵێنیان پێ دا چەند وەزارەتێکی بدەنێ بەڵام چوارچێوە هیچ کاتى خۆیان نەکوشت لە پێکهێنانی حکومەت. هەروەها چوارچێوە حەلبوسی دڵنیا کردەوە کە هەر لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە و بە زۆرینەى پەرلەمانی متمانەى لێ ناسێننەوە.
13. لەهەمان کاتدا چوارچێوە فشارەکانى لەسەر پرسی یاسای نەوت و گاز وپرسی سەرۆک کۆماری پارتی کەمکردەوە چونکە دەیانزانی هێشتا کاریان بە بارزانی ماوە و بەبێ پارتی ناتوانن حکومەت پێکبهێنن. ئیتر لەوە بەدواوە چوارچێوە دواى ئەوەى لە پشتگیری حەلبوسی دڵنیابونەوە بەڵێنیان بە بارزانی دا کە مادام تۆ هێڵی سورت هەیەلەسەر کاندیدنەکردنەوەى بەرهەم ساڵەح هەیە ئێمەش ڕێزی ئەو بڕیاڕەت دەگرین و بەوهۆیەوە کەسێکی دیکە دەکەین بەسەرۆک کۆمار کە ئەویش لەتیف ڕەشید بوو, ئەمەش گارەنتی سەرکەوتى کرد بۆ سەرۆک کۆماری.
13. نەکاندیدی پارتی توانی بێت بەسەرۆک کۆمار نە کاندیدی بافڵ تاڵەبانی, چارەسەری نێوەندگیرانە کرا لەو پرسەدا. بەجۆرێک لە جۆرەکان پارتی و یەکێتی براوەودۆڕاوەش بوون لە پێداگیری و کەللەڕەقی خۆیان. هەردوولا بەجۆرێکی دیکە بەڵێنی خۆیان بردە سەر , پارتی نەیتوانی پۆستی سەرۆک کۆماری لە یەکێتی بسەنێتەوە و یەکێتیش نەیتوانى کاندیدی دڵخوازی خۆی بکات بەسەرۆک کۆمار.
14.لە ئێستایا چوارچێوەی هەماهەنگى کەیسی نەوت و گاز و شکاتی مەحەمەى فیدڕاڵی لەدژی فرۆشتنى نەوتی هەرێم ڕادەگرێت و چیترکاری پێ ناکات. بەڵام لەوە بترازێ چوارچێوە هیچ سازشێکی دیکەى بۆ پارتی نەکرد لەوانەش پرسی کەرکوک (چونکە ڕاکان هەر بە پارێزگاری کەرکوک دەمێنێتەوەتا کاتی ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکی دیکەى پێش وەخت).
15. ئەولەویەتى حەلبوسی کورسیەکەى خۆیەتى وەک سەرۆک پەرلەمان. تەقەدومیش لە جیاتى 4 وەزارەت تەنها 2 وەزارەتى بەر دەکەوێت چونکە سوننەش 6 کورسی وەزارەتیان بەردەکەوێت پێکەوە لەگەڵ خەمیش خەنجەر و عەزم.
16. دواى ئەوەى چوارچێوە بەسەر نەیارە دەرەکیەکانى خۆیدا سەرکەوت و براوە بوو ئیدی لەمەودا کاتى ئەوەیە چوارچێوە گرنگی زیاتر لە ململانێ ناوخۆیەکانی خۆی خەرج بکات و ئەو 13 وەزارەتەى کە مسۆگەریان کردوە وەک غەنیمە بەسەر خۆیاندا دابەش بکەن. ئایا چوارچێوە 6 وەزارەت دەدات بە سەدر و ئایا سەدر بەبێ دەنگی و دەستەوەستان دادەنیشێت؟ ئەوە ئایندە بۆمان دەردەکەوێت.